Draw Media

لەیاسای سروشتیەوە بۆ قۆناغی پێش یاسا

لەیاسای سروشتیەوە بۆ قۆناغی پێش یاسا

2019-01-04 15:56:24


د. ئیسماعیل نامیق

لەدوای 20/ 8/ 2015 ەوە قسەکەرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا وراشکاوانە دەیانوت ئێمە لەدرێژکردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانیدا یاسای سروشتیمان جێبەجێکردوە!!! ئێستاش بەرپرسی ئاسایشی هەولێر کە ئەندامی پارتیە دەڵێت: لەبەرئەوەی کادیرێکی پارتی لەگەرمیان دەستگیرکراوە، لەتۆڵەی ئەوەدا ئێمەش کادیرێکی یەکێتیمان دەستگیرکردوە، تا کادیرەکەی پارتی ئازاد نەکرێت، ئێمەش کادیرەکەی یەکێتی ئازاد ناکەین. من وردەکاری روداوی دەستگیرکردنی کادیرەکەی پارتی نازانم، وە هیوادارم لەبەر هۆکاری سیاسی نەبێت وبەپێی ڕێوشوێنی یاسایی دروست ئەنجامدرابێت، بەڵام ئەوەی من لەراگەیاندنەکانەوەو لەزاری وتەبێژی پۆلیسەوە بیستم وبینیم لەسەر بابەتێکی یاسایی تاوانکاری دەستگیرکراوە.
بەس ئەوەی جێگەی داخ ومایەی گریانە لەم کەیسەدا، قسەکەی بەرپرسی ئاسایشی هەولێرە، بەڕاستی ئەوە گەڕانەوەیە بۆ قۆناغی چاخە سەرەتاییەکان، بۆ قۆناغی پێش مێژوو، بۆ قۆناغی پێش نوسینەوەی یاسا، بۆ قۆناغی باڵادەستی هێز، قۆناغی یەکلایی کردنەوەی کێشەکانه بەهێز. 
باشە کەی مەعقولە سەرۆکی حکومەت، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، وەزیری ناوخۆ وپێشمەرگە، سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی، 45 پەرلەمانتار هی تۆ بێت، بەڵام باوەڕت بەمانە هیچیان نەبێ وپەنایان بۆ نەبەی بۆ ئازادکردنی کادیرێکی خۆت، لەبری هەمو ئەوانە تۆش کادیرێکی بێتاوانی حیزبێکی تر بەبارمتە بگریت!!! ئیتر پێم ناڵێن چۆن هاوڵاتی ئاسایی فێربکەین ورابهێنین بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆی پەنا بۆ یاسا ودامەزراوەکان بەرێت کە زۆربەی لەلایەن ئێوەوە قۆرخ کراوە؟ باشە ئەکرێ کەسێک تاوان بکات بەس لەبەر ئەوەی لەم حیزبە یان ئەو حیزبەیە، یان لەم زۆنە یان ئەو زۆنەیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرێت؟ ئەی ئەگەر کەسێک سەر بەیەکێک لەم دوو حیزبە نەبێت کێ لەسەری دێتە جواب؟
ئەم کارو قسەیەی ئاسایشی هەولێر ناشرینترکردنی روی ئەزمونی حوکمڕانیە لەهەرێمی کوردستاندا، بەدرۆخستنەوەی خودی ئەو بانگەشانەشە کەیەکێتی وپارتی 27 ساڵە بەخەڵکی ئەفرۆشنەوە وخەڵکی پێ تەخدیر ئەکەن، لەهەمان کاتدا دۆستەکانیشمان ئەم وێنەیەیان لا دروست دەبێت: پاش 27 ساڵ هاوکاری وراهێنان ودەستگرتنی کورد، ئینجا ئەم قەومە ئەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش نوسینەوەی یاسا وواهەڵسوکەوت ئەکەن، لەبەر ئەوە ئەمانە شایانی دەوڵەتداری نین. 
چونکە زۆر بەکورتی: دەوڵەتی هاوچەرخ بەعەقڵیەتی خێڵ وقۆناغی پێش یاسا وچاخە سەرەتاییەکان بەڕێوە نابرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand