Draw Media

ھەرێم لە ژێر ڕەحمەتی موغامەرەدا !

ھەرێم لە ژێر ڕەحمەتی موغامەرەدا !

2019-01-04 07:35:45


■ شیروان تالب           

ھەفتەی رابردوو لە مۆسکۆ ، لاھور تاڵەبانی لەگەڵ ( میخائیل بۆگدانۆف ) جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ، باسیان لە کەرتی وزە ( نەوت و شت ) کردووە ! 
ئەوێ ڕۆژێش مەلابەختیار وتی : ھێنانی کۆمپانیای ( ڕۆزنەفت ) ی ڕووسی بۆ ھەرێمی کوردستان ، لەسەر پێشنیاری ئێمە بووە ! 
دیوێکی ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ ڕازیکردنی تورکیاش ، ھەر پەیوەندیی بە کەرتی وزەوە ھەیە ! 
یەکێتی ماوەیەکە ( بە بۆنە و بێ بۆنە ) ، باس لە سامانی سرووشتیی و کایەی وزە ئەکا ! 
من ھەرچەند سەر ئەھێنم و سەر ئەبەم ، لەژێر سەری ئەم دەموچاوە ( تازە )یەی یەکێتییدا ، نییەتێکی ( کۆن ) ئەبینم کە ئەگەر بمانەوێ شتێکی لەبارەوە بزانین ، ئەبێ بۆ ساڵی 2007 بگەڕێینەوە !
ساڵی 2007 ، ئەوکات بەرھەم ساڵح جێگری مالیکی بوو ، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (ڕۆیتەرز ) وتی : عێراق و سووریا ، سەرقاڵی بەگەڕخستنەوە و پەرەپێدانی بۆری نەوتی ( کەرکووک - بانیاس ) ن ، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیایەکی ( ڕووسی ! ) گفتوگۆمان کردووە ! 
( پێ ئەچێ ) ئەوکات ھەنگاونان بۆ ئەو پرۆژەیە بەھۆی وجوودی ئەمریکا لە عێراق ، شکستی ھێنابێ ! ئێ کە ئەمریکاش لە عێراق کشایەوە ، جەنگی ناوخۆ لە سووریا دەستی پێکرد و ئەوەندەشی نەبرد داعش ھات و سێ بەشی عێراقە عەرەبییەکەی داگیرکرد ، ھەربۆیەش پرۆژەکە دەنگی نەما ، بەڵام خۆ بۆرییەکانی ژێر خاکی عێراق و سووریا ھەر ماوون ! 
خۆ کەرکووک لە دەستی عەرەبدایە و بانیاس یش بەندەرەشارێکی کۆماری عەرەبی سووریایە و ھەردوو وڵاتیش ( تا ئێستا ) ئەوەندەی لە ( مۆسکۆ و تاران ) ەوە بڕیاڕ لە ئایندەیان ئەدرێ ، لە دیمەشق و بەغداوە نادرێ !
خۆ بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمارە و پاڤڵ تاڵەبانی ھەمەکارەیە و لاھور تاڵەبانیش ھەر دێت و دەچێ ! 
کەواتە لەبەردەم کردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاس ( ئەو بانیاسەی کە غەواصە ڕووسییەکان لەنگەریان تیا گرتووە ) چ شتێک ڕێگرە ؟!
با جارێ لە ڕێگرییەکان بگەڕێن و دوو قسە لەسەر ئەو لێکەووتانە بکەین کە لە ( ئەگەری ) کردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک - بانیاس دا لەسەر ھەرێمی کوردستان ( بۆی ھەیە ) دەرکەوون !
یەکێتی کێڵگە نەوتییەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی بەو بۆرییەوە گرێ ئەدا ! بەمەیش ئابوورییەکی ( ژێر چنگی خۆی ) بەدەست ئەھێنێ و بە جۆرێک لە جۆرەکان ، بێ منەت ئەبێ ! 
جا یەکێتی ھێزێکی موغامەرەچیە ، خۆ ھەر ئەوەندەی بێ منەت بوو ، ئیتر مەترسیدار ئەبێ و سڵ لە ھیچ ناکاتەوە و دەست لە ھیچ جووڵە و بڕیارێکیش ناپارێزێ !
ئەگەر یەکێتی بێ منەت بێ ، جارێ ھەر لەڕێوە ، ئەو قەوارەیەی کە پێی ئەووترێ ھەرێمی کوردستان و جێی ئومێدی ھەموو کوردێکی ( ڕاستەقینەیە ) ، ئەخاتە ژێر مەترسی لەت کردنەوە و لەھەر دەققەیەکدا ( کە سەری گەرم ئەبێ ) ، ئەم ھەرێمی کوردستانە بە قلێکی سەوز ئەگۆڕێتەوە و بۆی ھەیە ( ئەگەر بەرژەوەندیی زلھێزە ئیقلیمیی و جیھانییەکانیشی تیادا بێ ) کەرکووکیشی بەگەڵ بخرێ و ئیتر کاتی ئەوە دێ کە بڵێین : ئاو بێنن و دەستتان لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بشۆن !
وەلێ یەک دەققەش بوەستن ،، ئەی ئەمریکا چی ؟!
ئەمریکا ، سووریای تەسلیمی ڕووسیا کرد ، تەبعەن بەو ئومێدەی کە خۆیشی عێراق ھەڵگرێتەوە ! ئەمما چۆن عێراقێک ،،،
عێراقێکی ژێر ھەژموونی شیعە ! 
عێراقێکی دراوسێی ئێران !
عێراقێکی لێوان لێو لە کەتائیبی ئاشکرا و ژێرزەمینیی قاسم سولێمانی ! 
کەواتە ئەگەر ئەمریکا بیەوێ عێراق قووت بدا ( وەک چۆن ڕووسیا سووریای قوتدا ) ، ئەبێ بەر لەھەموو شتێک ، یان ڕژێمی مەلاکان لە تاران تەخت بکا ( کە ئەمە زەحمەتە ) ، یان ( ئەزعەفولئیمان ) ئەبێ دەستی ئەوانە ببڕێ کە چاویان لەدەستی ئێرانە و ھەردوو گوێی ئەوانەش ڕاکێشێ کە ھەمیشە گوێیەکیان لە مستی مەلاکانە !
جا ئەگەر ئەمە ڕووبدا ( کە زەحمەت نیە ڕووبدا ) ، ئەوکات ئێران ئەخرێتەوە قاوغەکەی خۆیی ، چون ڕووسیا لە سووریا دەستی بڕیوە و ئەمریکاش لە عێراق ( بەھەرێمی کوردستانیشەوە ) دەستی ئەبڕێ ، ئیتر ھەر جووڵە و بڕیاڕێک لە عێراق و سووریا کە جاران سەرچاوەکەی تاران بووە ، ناکرێ و نادرێ و لەجێی تاران ، مۆسکۆ و واشنتۆن ئەبنە سەرچاوە !
بەڵام خۆ سیاسەت دایک و باوکی نیە و پارەش کەس ناناسێ ،،،
ئەی ئەگەر ئەمریکا و ڕووسیا خۆیان لەسەر کردنەوە و پەرەپێدانی بۆریە نەوتەکەی کەرکووک - بانیاس ڕێکبکەوون ، ئەوکات چی ؟! 
وابزانم ئەوکات ئێمە لەبەردەم دوو بژارەدا ئەبین نازانم سێیەمی ئەبێ یان نا ،،
یا ناکۆک ئەبین و لەجیاتی بەرداشە کۆنەکەی ڕۆم و عەجەم ، بەرداشێکی تازەی ئەمریکی ڕووسی ئەمانھاڕێت !
یان بایی ئەوەندە سازانمان ئەبێ کە نەترازێین و لەستراتیژدا ( یەک ) و لە تەکتیکدا ( دوو ) ئەبین ! 
( دۆعا ئەکەم جگە لەو ڕستەیەی کۆتایی ، تەواوی نووسینەکەم وڕێنە بێ ) .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand