ئاوارەیی عەبادی
2019-01-03 11:58:43
■ ستران عەبدوڵا
سەرۆك وەزیرانی قۆناغی ئینتقالی د.ئیبراهیم جەعفەری بوو كە وتەبێژی حزبی دەعوە بوو. حزبێك كە بڕیار و ویستی رووخانی رژێمەكەی بەعسی ئیمزا نەكردبوو. ماوەكەی بەشی ئەوەندە نەبوو كەتنی زۆر بكا، هەر ئەوەندەی كرد كە كوردی لە دۆسێی كەركوك عەزێت دا و عیراقیشی خەڵتانی شەڕی تایەفەگەری كرد.
دوای ئەوە سەرۆك وەزیرانی قۆناغی دەستووری دائیم مالكی بوو، ئەویش لە حزبی دەعوە بوو، بە دوو دەورە هەشت ساڵ مایەوە. مالكی فریای زۆر كەتن كەوت، شەڕی مەزهەبی گواستەوە بۆ بازنەیەكی ئیقلیمی. سوننەی عیراقی سەربڕی و سوننەی خەلیج و ئیقلیمی هاندا كە لە تۆڵەی ئەوەدا ئیرهابی دژی شیعە پەرەپێبدەن. لە خولی یەكەمدا حیكایەتی عەلەمی عیراقی لە كورد كردە جەنگی مەغلوبە تا دژی رەوتێكی گۆشەگیری نەتەوەیی لەناو كورددا بەكاریبهێنێت. لە خولی دووەمدا بە بیانووی ململانێ لەگەڵ بەشێكی سیاسەتی كوردی، ئۆپەراسیۆنی دیجلەی هێنایە نزیك كەركوك. بودجەی بڕی و خۆشی لەگەڵیا فڕی. لە خولی پێشهاتنی داعش بە هەمان رێگە كە جەعفەرییان پێ لا برد و ئەویان پێ هێنایەجێ، خۆشیان لابرد و عەبادییان لەجێی دانا. عەبادیش وەك مالكی هەر سەرۆك وەزیرانێكی دەعوە بوو.
عەبادی جەنگی جیهانی دژی داعشی كردە كەرەستەی سیاسی و خۆی پێكردە فەرماندەی (نەسر) لە موسڵ و كۆی عیراق. لە دۆسێی كەركوكیشدا ریفراندۆمی كوردستان و قینی ئیقلیمی لە دژی پارێزگای كەركوكی كردە بیانوو تا شارەكە بباتەوە سایەی (حكومەتی تەكنۆكراتی) خۆی، كە دەركەوت وانییە. جا وەك چۆن ئەو سیاسەتی كرد، ئەوانی تریش سیاسەتیان پێكرد، لایان برد و كابرا تەكنۆكراتەكەی تر، عادل عەبدولمەهدی، حوكمی شیعەی لە دەست حزبی دەعوە دەرهێنا.
نەفرەتی كەركوك و كورد، عیراقی فیدراڵی و دیموكراسیش، كە شیعەی دەعوە زۆر كەیفیان پێی نایە، بوونە دوعا و نزا و ئاهونزولە و بەسەر سەرۆكی حكومەتی تەكنۆكراتدا بارین. لە ماڵی موڵكی حكومەت دەریان كرد. ئێستا تەكنوكراتێكی تر لەجێی تەكنۆكراتی دەركرا و حوكم دەكات. خاڵی هاوبەشی هەموویان شیعە بوون، دەعوە بوون، تەكنۆكرات بوون و كەمێكیش قینی شاراوە لە كورد لە كەركوك تا خانەقین.
ئەمە چیرۆكی ئاڵوگۆڕی دیموكراسیی سەرۆك وەزیرانەكانی عیراقی تازەیە.