لە نێوان تیۆر و رەفتاری سیاسیدا: دۆزەخێکی لەعنەتی
2019-01-02 11:07:22
■ لاوك سەڵاح
رەفتاری سیاسی و رووداوی سیاسی ئێمە قوربانی جەمسەرە باوە سنووردراو و تەسکەکانی ژیانی ئێمەن، ئەمانە نەوەک تەنها کاریگەری سەختیان لەسەر سەرتاپا مێژووی کۆمەڵگەکەمان هەبووە و هەیە، بەڵکو بوونەتە سیمایەکی سەرەکی کەلتووری سیاسی کۆمەڵگە.
ئەو کەسانەی کە بە سیاسی ناودەبرێن، تا سەر ئێسقانیان مەحکومن بە رووداوی سیاسی کە جۆرێک لە رەفتاری سیاسی بەرهەم دەهێنێت خۆیان بەر لە چوونە ناو کاری سیاسەتەوە پێشبینیان نەکردووە، لای ئێمە چوونە ناو سیاسەتەوە بە سروودێکی نیشتمانی دەست پێدەکات و بە موئامەرەیەکی سیاسی کۆتای دێت، لە نێوان سەرەتا و کۆتایدا دونیایەک رووداو و رەفتاری سیاسی زیندە بەچاڵ دەکرێن. بەداخەوە لە زۆربەی دۆخەکاندا ئەوەندەی رەفتارە سیاسەکە دەبێتە رەنگدانەوەیەکی خۆرسکانەی رووداوە سیاسییەکە، ئەوەندە نابێتە خوڵقاندنی هۆشمەندیەکی سیاسی کە بەر لە رووداوی سیاسی بوونی هەبووبێت و هەوڵی فراوانکردنی کۆڵانە باریک و تەسکەکانی ناو دونیای سیاسەتی ئێمەی دابێت.
کەسی سیاسی لای ئێمە ئەوەندەی قوربانی رووداوی سیاسی خۆرسکە، ئەوەندە بەرهەمهێنەری تیۆرێکی سیاسی نییە، برۆ بە ئارەزووی خۆت بە ناو دەفتەر و یادەوەری و یاداشتنامە و قسەکانی سیاسیەکاندا بگەرێ بزانە لە کوێدا سیاسی کاری بۆ ئەو تیۆرە سیاسییە کردووە، لە کوێدا قسەیەک هەیە کە ببێتە بناغەی کاری سیاسی بۆ ئاییندە، زۆر بەدەگمەن کەسێکی سیاسی دەبینیتەوە کە بەر لەوەی کاری سیاسەتی کردبیت کاری لەسەر ناسینی کۆمەڵگەکەی خۆی کردبیت.
لە هەموو کاتێک زیاتر هەستکەم کە کەسی سیاسی ئێمە پێویستی بەوەیە کار لە سەر ئیدراک و رەفتاری سیاسی (cognitive and political behavior) خۆی بکات، بە درێژایی مێژوو کەسە سیاسییەکانمان ئادای سیاسییان قەت نەبۆتە پرسیار بۆ پێداچوونەوە، لە بەردەم لافاوی رووداوی سیاسی و نەبوونی توانا بۆ خوڵقاندنی تیۆری سیاسی هەمیشە دیکتاتۆرێک وجەلادێک لە بەرگی قوربانیدا ئامادەبووە.
من پێموایە بۆ هێنانەکایەی ئیدراکێکی پراکتیکانەی بەرپرسیارانە و بوونی ئەو پێداچوونەوە هەمیشەییانە، پێویستمان بە دەزگایەک هەیە کە کەسی سیاسی رووبەرووی دادگایەکی مەعریفیانە بکاتەوە بەر لە دادگایکردنی سیاسی تا ئەنجامی کارە باش و خراپەکان شەنوکەو بکرێن. ئەو دەمەی کە رەفتاری سیاسی هەڵناسەنگێنرێت لە لایەن دەزگایەکی رەسمییەوە، ئەو دەمە شاردنەوە و زیندەبەچاڵکردنی راستییەکان و رووداوە سیاسییەکان و رەفتارە سیاسییەکان ئاسان دەبن و رێخۆشکەر دەبن بۆ بوونی دیکتاتۆر بۆ هەموو وەرزەکان.
رەنگە پێشنیارێکی لەم جۆرە لە کۆمەڵگە و هەرێمێکدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرسەختانە داوای دارشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و یاسایی لێدەکات تا بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات و بیخاتە سەر نەخشەی سیاسی نێودەوڵەتی بە پێشنیارێک وەسف بکرێت کە هێشتا کاتی نەهاتبێت، بەڵام ئێوە هەست ناکەت ئەگەر بە باڵای هەموو کارەسات و رووداوە سیاسییەکان کە لە رابردوودا روویان داوە بپێورێت کاتەکەی درەنگە.
ئەم کارە دەبێت بکرێتە بەشێک لە پرۆژەی دارشتنی دەستوور بۆ هەرێم کە رێ لەهەر سەرکێشییەکی سیاسی بگرێت هەرێم بخاتە بەردەم هەرەشە و مەترسییەوە. چوارچێوەی کاری سیاسی و تەنانەت ئاستی ئەو کەسانەی کە دەبێت کاری سیاسی بکەن دەستنیشان بکرێن تاوەکو رووندات هەر کەسە بە مەزاج و مەرامی کەسەکان بهێنرێنە ناو کایەی سیاسەت و دوور لە هیچ مەعریفەیەکی سیاسی و کۆمەڵگەناسی بریاری چارەنووسازانە بدەن و ببنە کوێخای کۆمەڵگە. رەنگە بڵێن ئەگەر ئەم پێشنیارە پراکتیکانە بووایە ئەوا لەو دەوڵەتانەدا دەکرا کە زیاتر لە حەفتا ساڵە دەوڵەتن. بەداخەوە، ئەو دەوڵەتانە بەو شێوەیە دانەمەزراون کە پەرەسەندنی سیاسی بکرێتە مەبەستێکی ستراتیژی، بەڵکو دامەزراون بەو فۆرمە حکومرانییە سەرەتاییە کە هەمیشە نوخبەیەک لە رێگەی کەسێکەوە جومگەکانی کۆمەڵگە مۆنۆپۆل بکات.
لە نەبوونی رەفتاری سیاسی گونجاودا، لە نێوان رووداوی خوێناوی سیاسیدا و نەبوونی تیۆری سیاسی شیاودا، لە ئێستادا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هێنانەکایەی ئەو دەزگایانەیە کە پرۆسەی سیاسی راستەقینە دادەمەزرێنێت و دەیپارێزت، بەداخەوە لە کۆمەڵگەکەیدا کە کۆڵەکەکانی کاری سیاسی تیادا نییە وەک کۆمەڵگەی ئێمە، بۆ نموونە هێشتا ئۆپۆسیسیۆنێکی کارات نییە فشار و کار بکات بەو ئاراستەیە، هێستا پەرلەمانێکی کارات نییە، هێشتا حکومەتێکی پیشەییت نییە، واقیعبینانە ناچاردەبیت بیر لەوە بکەیت کە رەنگە ئەو گروپانەی کە لە کۆمەڵگەدا تا رادەیەک کاریگەرن بتوانن لە ناو دونیای رەسمی سیاسەدا ئەو کارە بکەن، لانی کەم وشیاریەکی سەرەتایی بۆ قۆناغی داهاتوو بڵاوبکەنەوە.
بە کورتی، نەهامەتییە ئەگەر بوونی خۆت وەک هەرێم لە هەرەشە و تەماعە سیاسییەکانی خۆت نەپارێزیت.