Draw Media

له‌باره‌ی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت

له‌باره‌ی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت

2019-01-01 19:43:11


■ سەرتیپ وەیسی كەریم     

پارتی و یه‌كێتی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خراپیان له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ ئه‌نجامدا، دوای ڕۆژێك له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش له‌ ماڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش شاندی پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كه‌یان به‌دڵ نه‌بووه‌، چونكه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، قسه‌ی ئستفزازی و توندكراوه‌، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی پارتی بۆ هه‌ولێر، له‌ لایه‌ن به‌رپرسێكی ئه‌و حزبه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ده‌كرێت، كه‌ یه‌كێتیی وه‌ره‌قه‌یه‌كی كار ده‌خاته‌ به‌رده‌م پارتی، تاوه‌كو له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوویان گفتووگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن.
تا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ش هیچ به‌ره‌و پێشوه‌چوونێك له‌ئارادا نییه‌، چونكه‌ كه‌ركوك خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ردوولایه‌نه‌، یه‌كێتیی ئێستا سێ پڕۆژه‌ی جیاوازی نوسیوه‌ له‌ باره‌ی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی، بڕیاریشه‌ هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ یه‌كبخرێن، له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتووش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی گفتووگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن.
گۆڕان له‌ گفتووگۆكانی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌نگاوێك له‌ پێش یه‌كێتیه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ ناو مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی، چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌ك له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی گفتووگۆكان هه‌یه‌، هه‌ركه‌س و باڵێك داواكاری خۆی له‌ پارتی، بۆ نموونه‌ كه‌ركووكییه‌كانی نێو ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌ گفتووگۆكانیاندا، پێویسته‌ سازش به‌ پارتی بكرێت، بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك له‌به‌رامبه‌ر داواكارییه‌كانی ئه‌وان.
به‌شێك له ئه‌ندامانی ئه‌و شانده‌ی یه‌كێـتیی داوا ده‌كه‌ن پارتی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح مامه‌ڵه‌بكات، له‌ به‌غدا پارتی ڕێگریان لێنه‌كات له‌ دانانی وه‌زیر، به‌شێكی دیكه‌ له‌وانه‌ (حاكم قادرو عیماد ئه‌حمه‌د) به‌جۆرێك كارده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێ خۆیان پۆستی باڵا وه‌رگرن، هه‌رچی ماڵی كۆسره‌ته‌ ڕه‌سوڵه‌، ده‌یانه‌وێ دانیشتنه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك بێت خۆیان زۆرترین ده‌ستكه‌وتیان هه‌بێت، له‌م گفتووگۆیانه‌ی له‌گه‌ل پارتی ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌لا به‌ختیار ڕۆڵیان نییه‌و ئاگایان له‌ ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كان نییه‌، چونكه‌ باڤڵ تاڵه‌بانی ڕۆڵی هەردووكیانی بزركردووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا خۆی ناتوانی له‌م نێوه‌نده‌دا یاری بكات.
پارتی دوا مۆڵه‌ت كه‌ پێنجی ئه‌و مانگه‌یه‌ بۆ یه‌كێتیی داناوه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان نه‌یه‌ته‌ ژێربار، بژارده‌ی دیكه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌ به‌بێ یه‌كێتیی، به‌پێ پلانه‌كه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می په‌رله‌مان، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پرناكه‌نه‌وه‌و بۆ یه‌كێتی جێده‌هێڵن. داوی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی هه‌ر نه‌یه‌ته‌ پێش، به‌رنامه‌یان هه‌یه‌ بژارده‌ی دووه‌م و سێیه‌میش تاقیبكه‌نه‌وه‌، كه‌ هه‌مواری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌ به‌بێ یه‌كێتی ، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی له‌ نێو په‌رله‌مان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و، پاشان ڕاسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و بژاردانه‌ سه‌رجه‌میان بۆ پارتی قورس بێت و، ته‌نها بیانه‌وێ وه‌ك كارت دژی یه‌كێتیی به‌كاریبهێنێت.
واته‌ دوا كارتی پارتی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه‌: پارتی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی سه‌رجه‌م پۆسته‌كان پڕده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هی یه‌كێتیه‌ پڕناكاته‌وه‌و تاوه‌كو خۆیان دێنه‌وه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand