بۆچی گرنگە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات؟!
2018-12-31 10:56:08
■كامەران عەلی بەشی یەكەم
ئاماژە و پێدراوەكان ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە چوار ساڵی داهاتوو دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ و بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر و باشتر دەڕوات و، هەر لە ئێستاوە تروسكایی دەربازبوون لە قەیرانەكان دەركەوتووە،
بۆ هێزێكی چاكسازیخوازی وەك گۆڕان لە ڕابردوودا قەیرانی دارایی یەكێك بووە لە كۆسپە هەر سەخت و ڕیگرییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتدا، لەگەڵ باشبوونی لایەنی ئابوری دەرفەتێكی باشتر دێتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی كە گۆڕان بۆ چاكسازی لە كەرتی ئابوری هەرێمی كوردستاندا دابووی، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بوو كە لە سەرەتای كابینەی ڕابردودا بزوتنەوەی گۆڕان وەزارەتی دارایی وەرگرت و باشترین پڕۆژەی چاكسازیشی بۆ ئامادەكردبوو، بەڵام دواتر ڕووداوەكان بە ئاقارێكی دیكەدا ڕۆیشتن كە بویە امری واقع و لەسەرو دەسەڵات و خواستی گۆڕانەوە، پێچەوانە بویەوە، گۆڕان هێشتا دەتوانێت هەموو ئەو پاكێجانەی كە بۆ چاكسازیی لە كەرتی دارایی هەرێمدا پیشتر هەیبووە لەمەودا بەشێكی زۆر باشی جێبەجێ بكات، كە گرنگترینیان چاكسازیی بوو لە سیستمی موچە و نەهێشتنی بندیوار و بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
باشبوونی ئابوری هەرێم بنەمایەكی بنەڕەتیە بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوانەشی كە نایانەوێت گۆڕان بەشداری حكومەتی ئایندە بكات ئەوانە دەیانەوێت یەكێتی و پارتی هەموو جومگە ئەساسیەكانی ئەم وڵاتەیان بەدەستەوە بێت و، كەسیتر قسە و دەسەڵاتی نەبێت تێیدا، بۆیە دژایەتیكردنی گۆڕان بۆ بەشداری لە حكومەت لەم قۆناغەدا خزمەتە بەو پڕۆژەیەی یەكێتی و پارتی بۆ ئەوەی هیچ دەرەتانێك بۆ خەڵكی بەشخورا وو مەزڵوم نەهێڵنەوە، گۆڕان نوێنەرایەتی بەشێك لە خەڵكی چاكسازیخوازی ئەم وڵاتە دەكات و، خۆی بە بەرپرس دەزانێت لە دابینكردنی ژیانێكی زۆر شایستەتر بۆ هەمووان و لەم قۆناغەدا بە بەشداریكردنی لە حكومەت دەتوانێت تا ئاستێكی زۆر باش زۆرێك لە داواكارییەكانی خەڵك لە بواری چاكسازیی دارایی و موچە و بوژانەوەی بازاڕدا بەدی بهێنێت...
چاوەڕوانی بەشی دووهەم بن...