جەژنی سەری ساڵ لای پێشمەرگەی شاخ!
2018-12-31 08:16:58
■ خالید رەزا
لە سەردەمی خەباتی شاخ و لە پێش راپەڕین، پێشمەرگەش وەک هەر مرۆڤێکی تر حەزی ئەکرد ئاهەنگی سەری ساڵی تازە، لەناو خیزان و کەسوکاری خۆیا بکا.! بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەر شانی بو زۆر لەو حەزو ئارەزوانەی هەوراز تر بو، چونکە ئەوان کۆمەڵە مرۆڤیک بون کە بۆ سەندنی مافی خوراوی گەلەکەیان چەکی شەرەفیان لە شان کردبو. بۆیە ئاهەنگی سەری ساڵی تازە لای پێشمەرگەی شاخ جیاواز بو لە ئاهەنگی ناو شار و شارۆچکەکان.
لە سەری ساڵی نوێ دا پێشمەرگەش بە شیوازی جیا جیا ئەو یادەی ئەکردەوە، بۆ سەری ساڵ هەوڵ ئەدرا خواردنی تایبەت دروست بکرێ، هاورێ و خزم و کەسوکاری یەکتر ئەگەر لە تیپ و مەلبەندی تر بونایە بەو بۆنەیەوە ئەچون بۆلای یەکتر و ئەو یادەیان پیکەوە ئەکردەوە، هەندیکی تر لە دەرەوە کەسوکار یان ئەهاتن بۆ لایان و خۆشیەکەیان ئەبو بە دو جەژن و، یاریەکانی ئەو شەوانەش کۆنکەن و تاوڵە و لە هەندێک شوینی دیاریکراو سەرگەرمکردن، لە هەندێک شوێنی تر گۆرانی و بەزم و رەزم و، لە هەندێک جیی تر بە ئامیری مۆسیقا و شەوە ئاهەنگی بچوکیان بۆ خۆیان ساز ئەکرد.
ئەم بۆلای یەکچونە بەتەنها لە نێوان پێشمەرگەکاندا نەبو، هەندێک جار سەرکردەکانیش ئەچون بۆلای یەکتر، لەوانە کاک کۆسرەت و کاک حەسەن کوێستانی لە دەشتی هەولێرەوە ئەهاتن بۆلای کاک نەوشیروان...
هەندێک جاریش پێشمەرگە داوەتی سەرکردە و بەرپرسەکانیان ئەکرد و خواردنی خۆشیان ئامادە ئەکرد و پێکەوە نان یان ئەخوارد. ئەو وێنانە هی ساڵی ٩٨٩یە، داوەتی عەدەد جیهازەکانی جیهازی مەرکەزیە لە قاسمەرەش بۆ کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و مامۆستا نازم عومەرمان رێک خستبو، لە ناو خۆمانا پارەمان کۆکردەوە و، لە گوندی کانی زەرد (قەل) و، لە فرۆشگاکەی دۆڵەکەش هەندێک نوشئابە (کۆلا) مان کڕی .
هەمومان لەسەر سفرەیەک نانمان ئەخوارد، سەرو خوار و جیاوازی لە نیوانمادا نەبو. بە داخەوە هەندیکی زۆر کەم لەو سەرکردانە بەو سادە و ساکاری و خاکێتییەی خۆیانەوە مانەوە و، زۆرینە یان بەجۆریک خۆیان لێگۆڕاوە کە بەچەندین پرسگەو سکرتێرە و واستە دەنگت پێ یان ناگات !
ئەو سەردەمە لەو شاخ و داخە لەهەمو شتیک دابرابوین تەنها هۆیەکی بینین کە هەبو، ئەویش دوکەنالی تەلەفزیۆنی کەرکوک و بەغدا بو ، ئەوەش ئەگەر مەقەرێک بەخت یاوەری بوایە و تەلەفزێۆنی هەبوایە. ئینجا بە هەزار ئەملا و لا و ئاریەل بادان و ناوی خوا ئەگەر کەناڵیکی بە (تەرزە) و پرتە پرتیکی زۆرەوە وەر بگرتایە و، شتێکی خۆشی پیشێن بدایە. بۆ ئەوەش ئەبوایە چەند کەسیک پێوەی مەشغول بونایە، یەکێ لەسەرەوە ئانتینی بادایە، یەکێکی تر لە دەرەوە بوایە و ئەوەی ژورەوە هاواری بکردایە باشە باشە، ئەویش وەک توتی بۆی بسەندایەتەوە و بەوەی سەربانی بوتایە باشە باشە تا بەباشی بیبەستێتەوە و نەجوڵێ. خۆ ئەگەر رەشەبایەکی ناوەخت هەلێ بکردایە ریسەکەی ئەکردەوە بە خوری...
یادی بەخێر، کاک شێرکۆ بێکەس لە کتێبی نوسینەوە بە ئاوی خۆڵەمێش دا باس لە سەردانیکردن بە بۆ نەی سەرساڵەوە ئەکات و ئەیگێرێتەوە: کاک دلێری سەید مەجید بە هۆی سەری ساڵەوە هاتبو بۆ بارەگای ڕاگەیاندن ئێوارە بوو تەلەفزێۆن ئەفلام کارتۆن بو، کاک دلێر چوە بەردەمی تەلەفزیۆنەکە و بە قوڵی سەیری ئەکرد کە ئەفلام کارتۆن تەواو بو، ئاورێکی دایەوە و وتی وەلا خۆ ئەوە بۆ مندالیش ئەبێ
هەندێک جاریش پیشمەرگە شەوە ئاهەنگی ساڵ یان لە عسیەکان تێک ئەدا و، بەزمیکیان ئەنایەوە .
هاورێ نوری کە خۆی یەکێک بو لەو پێشمەرگانە گێرایەوە و، وتی سەری ساڵی ٩٨٦ بو زانیاری هاتبو بۆ کاک قادری حاجی عەلی کە ئەوکات بەرپرسی مەلبەندی دو بو، کە شیخ جەغفەر بەرزنجی محافز و سەرانی بەعس بەتەمان ئاهەنگی سەری ساڵ لە سیاحیەکەی دوکان بکەنەوە، کاک قادریش دو مەفرەزەی لە تیپی ٤٧ ی پیرەمەگرون شەهید دلێری شیخ رەزا و، تیپی مەلبەند کاک مستەفا سەرگەڵویی را سپارد کە شەوێ بچن لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی لە کاتی گەڕانەوەیان دا کەمین یان بۆ دابنێن. پێشمەرگەکان بەنیازی کەمین دانان و خۆئامادە کردن بۆ چالاکیەکە گەیشتبونە شوینەکە. بەلام شیخ جەعفەری محافز پێشتربەوەی زانیبو بۆیە نەیان ویرابو بچن بۆ دوکان و، ئاهەنگ و خۆشیەکەیان لێ تیک دان.
پێ ئەچێ سەرچاوەی هەواڵەکە دو سەرە بوبێ و، وەک کچە لێزانەکە هەردولای کردبێ بە کوڕی سێو لەباخەڵ و لای هەردولا خۆی شیرین کردبێ !!
ئەو رۆژانە گەرچی لەزۆر جۆری خۆشیەکانی ژیان بێ بەش بوین، بەلام چونکە ئامانجێک کە روخانی بەعس و سەرفرازی گەلەکەمان بو، کۆی کردبوینەوە لەزەتمان لە ژیان ئەبینی ناخۆشی و نەهامەتی و سەختیەکانی ژیانمان بۆ ئیرادەی بەرگری و مانەوەمان بە سەربەرزی ئەگۆری.
ئێستە کە یادی ئەو رۆژانە ئەکەینەوە و شریتی عومری رابردو هەڵ ئەکەینەوە، هەست بە خۆشی و سەربەرزی، لەهەمان کاتدا هەستیکی قوڵی شەرمەزاری دامان ئەگرێ. ئەو رۆژانە لە پێناوی گەلەکەمانا تێ ئەکۆشاین و بۆ خۆش گوزەرانی ئەوان ئەجەنگاین، ئەفسوس ئێستە لە زۆر باردا پێچەوانە بۆتەوە و خەمێکی قوڵ دامان ئەگرێ !وینەکان: وینەی یەکەم: لە لای راستەوە کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا، کاک ئازادی جیهاز(خارە ئازاد)، مامۆستا نازم عومەر، کاک کۆسرەت رەسوڵ.
وینەی یەکەم: لە لای راستەوە کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا، کاک ئازادی جیهاز(خارە ئازاد)، مامۆستا نازم عومەر، کاک کۆسرەت رەسوڵ.
وێنەی دوەم: لەراستەوە : کاک کۆسرەت، مامۆستا عوسمان عومەر، جوانە مەرگ کاک نەوزادی مهندس، کاک سەرکەوتی جیهاز، خالید رەزا، کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا ی عەدەد جیهاز.