پوکانەوەی کاری پەرلەمانی
2018-12-30 07:24:33
■ هەردی مەهدی میکە
بەیادی مانگرتنی ٥٩ پەرلەمانتارکەی ١٩٩٤
اوچەکە شاهێدی کشانەوەیەکی مەترسیداری کاری پەرلەمانییە. بە درێژایی مێژووەکەی، هیچکات پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لانیکەم لە چوارساڵی رابردوودا، وا سیسەڵە و کەم ئەرک نەبینراوە. هەریەک لە وڵاتانی هەرێمایەتی(تورکیا، ئێران و عێراق) کە خاوەن ئەزموون و پێشینەیەکی کاری پەرلەمانی و لە رووی دەزگای دەوڵەتیەوە لە هەرێمی کوردستان لە پێشترن، ئەوانیش بە جۆرێک کەمییان هێناوە و لە هەمبەر سوککردنی ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتار کەمیان نەکردووە.
لە مێژووی نزیکی ئەم ناوچەیە، پەرلەمان چەندین ناوی دیکەی بۆ بەکارهاتووە: خانەی میللەت، ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی میللەت، خانەی مەسڵەحەت، ئەنجومەنی نێردراوان، ئەنجومەنی شورای میللی و ئەنجومەنی پیران و ..تاد، چونکە گریمانەکە وایە ئەرکی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتار، لە دۆخی نائاساییدا بریتی نییە لە هاوار و پاڵەوانبازی شاشەکان، پەرلەمانتار ناکرێت وەک خەڵک هاوار بکات، دەبێت نوێنەری هاوار و نەهامەتی هاونیشتمانیان بێت بە بیرکردنەوە و چارەسەری کێشەکانی نەک گەیاندن و خۆپێدەرخستنی، پەرلەمانتار ناکرێت لە نەهامەتی و نەبوونیدا وەک خەڵک دەنگبەرزبکاتەوە، دەبێت بە دوای هۆکار و چارەسەری هاوار و نەهامەتییەکانەوە بێت. پەرلەمانتارەکانی ئەم خولەی رابوورد زیاتر لە خەڵک هاوار و دەنگیان بەرزکردەوە، دەی ئەگەر ئێوەش وەک من و هاونیشتمانییانم تەنها هاواربکەن، وەرنەوە خوارەوە و "یۆقلەمەی گیرفان" بەسە.
-١-
تا بەرەو دواوە بگەڕێینەوە نمونەی باشتری کاری پەرلەمانیمان بۆ هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت، ٢٣کانونی یەکەمی١٩٩٤ یادی بیستوچوارساڵەی پەناگرتن و مانگرتنی پەرلەمانتارانی یەکەمین خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو. بۆ پەرلەمانی کورستان کە دووساڵ بوو دامەزرابوو، سێ ساڵ بوو راپەڕین کۆتایی هاتبوو، لە گەرمەی شەڕی براکوژیی، ٥٩ پەرلەمانتاری لیستەکانی سەوز و زەرد و مۆر، چەندین کەسایەتی حزبی، چەند بێلایەنێک، پێکهاتەکانیتری ئاینی و نەتەوەیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پێکەوە دەنگیان بەرزکردەوە و شەڕی ناوخۆیان بە حەرامزانی و ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەلایەنی کەمەوە نواند.
ئەم روداوە دوای ئەوە هات کە ئەوەی جەولەیەکی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی کۆتایی هاتبوو، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی١٩٩٤دا مەکتەبی سیاسی هەردوولا رێککەوتنیان راگەیاند کە ئیتر بە گژ یەکدا نەچنەوە! بەڵام پاش ٢١ رۆژ دیسانەوە بە یەکدا هەڵشاخانەوە و جەولەیەکیتری شەڕ دەستیپێکردەوە. ٥٩ پەرلەمانتارەکە وەک ئەرک مانگرتنیان راگەیاند تا شەڕی ناوخۆ رابگیرێت و کۆتایی بە خوێنڕێژی و "شەڕی براکان" بهێنرێت. لەناو مانگرتوواندا جیا لە جەوهەر نامیق سالم-ی سەرۆکی پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی، چەندین ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری باڵای ینک و پدک-یان تێدابوو، سەرۆکی پەرلەمان و هاوڕێ مانگرتووەکانی ئەرکی پیشەیی و پەرلەمانییان پێش ئەرکی حزبی و نەریتی شۆڕشگێڕییان خست.
بەڵام چوار ساڵی رابردوو، پەرلەمانی کوردستان جیا لەوەی خۆی بەشێک بوو لە کێشە، ئەندامانیشی لە نێوان جەمسەرەکاندا دابەشبوون و هاواری خەڵکیان بەرزتر و کێشە و قەیرانەکانیشیان زیاتر کرد. ئێستاش کە حکومەتی نوێ پێکنایەت، هیچ. تەنانەت پەرلەمانتاران هەر چاوەڕوانی دەمی رێککەوتنی مەکتەب سیاسییەکانن و تەنانەت ناتوانن سەرۆکێکی هەمیشەییش بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن تا لانیکەم کاری خۆیان رێکبخات! وا دیارە چوار ساڵی ئایندەی پەرلەمان لەو چوارەی رابوورد باشتر نابێت.
-٢-
مەترسییەکە لەوەدایە پاشەکشەکە هەرێمایەتیە و لە کشانەوەی دیموکراسیدا وڵاتانی هەرێمایەتی کراس لەیەکتر دادەڕن بۆ پاشەکشە و درێژەدان بە ستەمکاری و نەچەسپاندنی پرۆسەی هاونیشتمانیبوون. ئەزموونی تورکیا لە کاری پەرلەمانیدا ئەزمونێکی کۆنترە لە ئاست وڵاتانیتری ناوچەکە، دامەزراندنی پەرلەمان لەوێ بۆ ساڵی ١٨٧٦ز دەگەڕێتەوە، کە پاش فشارێکی زۆری چاکسازیخوازان لە عەبولحەمیدی سوڵتانی عوسمانی هاتەدی، ناچارکرا دەستورێک و کردنەوەی یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەران واژۆ بکات، ئەوکات ١١٩ کورسی لە خۆگرت کە ٧٧یان موسڵمان، ٤٤ کریستیان و چوار جوو پێکهاتبوو.
کەچی بە وردبوونەوە لە کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی لە تورکیا، دەبینرێت بەیاسا و هەژموونی ئۆردۆگانیزم، کاری پەرلەمانتاری کراوەتە سێبەری کەسێتییەک و "بەڵێکاری" ئەردۆگان، جیاکاری نەتەوەیی و سیاسی لەو وڵاتەدا فراوان، دەمێکیشە هەنگاوێک و دەسپێشخەرییەکی جیا و کرداری لە پەرلەمانی تورکیاوە بەسەر دەزگای جێبەجێکردندا نەسەپێنراوە و تا گەشتە ئەوەی بە یاسا دەنگیشیان بە دەستورێک دا کە بە جۆرێک فاتیحایەکی سیاسیی بوو بۆ ئەزموونی باڵایی پەرلەمانی تورکیا بەسەر حکومەتدا. لە تورکیا حکومەت یان راستتر ئەردۆگانی سەرۆک کۆمار هەر تۆمەتێک بۆ هەرکەسێک دروستبکات ئەوە دەبێتە فاکت و یاسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، گولەنییەکان نمونەی زەقی ئەم پرسەن.
لەوەش زیاتر، پەرلەمانی تورکیا لەبری ئەوەی بیر لەو جیاکارییە بکاتەوە کە دۆخی سیاسی و نەتەوەکانی تورکیای گرتۆتەوە، کۆبوونەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هاوپیشەیەکی وەک دەمیرتاش دەکاتەوە تا خەیاڵی حزبێک و گروپێک رازی بکات و بە ئاسانی توندی زیندانی بکات. ئەمە کاری پەرلەمان نییە و کاری ئەو بریتییە لە چارەسازی و کەمکردنەوەی جیاکاری نەک زەقکردنەوەی.
-٣-
کاری پەرلەمانی لە ئێراندا دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای بزوتنەوەی مەشرووتەخوازی(ریفۆرم) ئێران، وەک خواستێکی منەوەرەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٠٥ز، لەلایەن مزەفەرەدین شای قاجارەوە، ئیمزای کردنەوەی ئەنجومەنی شورای میللی(پەرلەمان) کرا. لەوکاتەوە بە چەندین هەوراز و نشێوی ناو مێژووی ئیراندا پەرلەمانی ئێران تێپەڕی کردووە و بەردەوامە. بەڵام بەهۆی ماندووێتی سیستمی سیاسی ئێران و سایەی کوڕانی شۆڕشێکی مەزهەبیی و تۆڕە ئابوورییە فراوانەکانی سیاسییەکان و تەوافوقی بەرژەوەندیەکانی بناژۆخوازانی وەک لاریجانی(سەرۆکی بناژۆخوازی پەرلەمان) و بەرژەوەندگەرایی میراتگرانی رەفسەنجانی و روحانی لەلایەک و چاکسازیخوازانی بێدەنگی وەک عارف(سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان)، پەرلەمانێکی بێدەنگ و بێسەنگ لەئاستی هەژاری و نادادی بەرامبەر خەڵک و ئازا لە داکۆکی ماف و پۆست و ئیمتیازاتی کوڕانی شۆڕش و مووچەباڵاکانییان. پەرلەمانی ئێران بووەتە شوێنی خۆگونجاندنی باڵە نەیارەکانی لەسەر حسێبی خەڵک و مرۆڤە ماندووەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی.
هەفتەی رابردوو، چوار خوێندکاری ئێرانی لە خوێندنگەیەکی سەرەتایی بە هۆی خراپی سیستمی گەرمییەوە لە ناوپۆلەکانیاندا گیانیان سپارد، هەر لەو ماوەیەدا پەرلەمانتارێکی نوێنەری سیستان، بە جنێو بە کارمەندێکی بەڕیوەبەرایەتی گومرگی ئێراندا هاتەخوارەوە و جنێوی نەشیاوی بەکارهێنا، بەڵام پەرلەمانی ئێران لەبری ئەوەی کۆبوونەوە بۆ هۆکاری گیانسپاردنی چوار مناڵەکە و جنێو و دەمی پیسی پەرلەمانتارەکە رێکبخات، کۆبوونەوەیەکی بۆ سزادانی کارمەندی گومرگەکە و ئەو کەسەی کە ڤیدیۆی جنێوەکانی پەرلەمانتارەکە بڵاوکردۆتەوە، سازکرد و سەرجەم لیستەکانیش کۆک بوون لە بەرگریکردن لە هاوپیشەکەیان! ئایا گەلێکی وەک ئێران کە خاوەنی ١١٣ ساڵ ئەزموونی پەرلەمانی بێت شایەنی پەرلەمانێکی وەک ئەوەی ئێستایە؟
-٤-
پەرلەمانی ئێراقیش مێژووەکەی بۆ ١٩٢٤ز وەک یەکەمین ئەنجومەنی دامەزراندن، ١٩٢٥ز-یش وەک یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئێراق، بەڵام ئێستا لەسایەی تەوافوق، بەشبەشێنە، جیاکاری تایفی و نەتەوەیی و تاد، موسڵ دەکەوێت و ٣٠٪ خاکی ئێراق داعش دەیگرێت و کەس تاوانبار ناکرێت، دەنگۆی فرۆشتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و بە زەبری پارە یان فشاری سیاسی پەرلەمانتار دەهێنرێتە سەرخەت یان بێدەنگ دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە، تا ئێستا پەرلەمانی ئێراق ناتوانێت لەسایەی تەوافوق دەرچێت، تەنانەت هەرکەسێکیشی سزادابێت لەبەر گەندەڵی نەبووە، بەڵکو بە هۆی تێکچوونی تەوافوق و سفرە هاوبەشەکەوە بووە و گەندەڵی کراوەتە کراسەکەی عوسمان و بۆ سزادانی کەسێک یان لایەنێک بەکارهاتووە.
ئەمەیە دۆخی پەرلەمان و بە جۆرێک ئاماژەیەکیشە بۆ کشانەوەی ئەزموونی نیوەگیانی دیموکراسی و کاری دەزگایی. ناوچەکە دۆخێکی باشی نییە، پاشەکشە و پوکانەوەیەکی مەترسیدار هەیە لە سازکردنی مۆدێلێک کە تیایدا مرۆڤ و هاونیشتمانی سەروەر بێت نەک دەستە و کەمینە و تۆڕەکان.