"من"ی فریشتە و "تۆ"ی ئەهریمەن
2018-12-30 07:16:37
■ لاوك سەڵاح
ئەو دەمەی تەکنەلۆجیا پەرەدەسێنێت و سۆشیال میدیا دەبێتە تەنیا ئامراز بۆ بەستنەوەمان بە دونیا، ئەو دەمەی کە وێنە سێلفییەکان دەبنە تاقە ئامرازی رازاندنەوەمان، ئەو دەمە زیاتر و زیاتر خۆویست " ئەنانی" دەبین و خۆمان دەکەینە ناوەندی ژیان و کەسەکانی تر دەکەینە ئەو کەنارەی هەوڵ دەدەین دەستەبەری بکەین تا ئارەزووە شەیتانی وشەبەقەکانمان لە خۆ بگرن. ئا لەو ساتەدا "من" دەبمە ئەو فریشتەی کە هەموو پرسیارەکان بۆ دەرەوەی خۆم دەهاوم و تەلبەندێک لە وەهمی درۆ دەهۆنمەوە بۆ ئەوەی بڵێم من تاقە خاوەنی راستیم و هەموو ئەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی منن ئەهریمەنن. ئەو ئەهریمەنەی کە دژە مننە لە هەموو شتێکدا.
بەداخەوە، ساتەکانی دۆستایەتی زۆر کورترن لە ساتەکانی دوژمنایەتی، تەنانەت ئەوەشیان تەنراوە بە گومانێکی تەمتومان، بە تارمایی ترسێک کە رەنگە لە هەر چرکەیەکدا رووبدات ئەو ساتە کورتانەش بسرێنەوە. سەرباری هەموو ئەو تەکنەلۆجیایەی لە بەردەستدایە، زۆربەی دایالۆگەکانمان ئاشکرانیین، لەگەڵ بەرامبەردا قسە دەکەین و نایکەین، دایالۆگەکانی پاش قسەکردن و لێکدانەوە فەرەزییەکان زۆر زۆرترن لە قسە وتراوەکان، زۆریان دەدبەنەوە سەر "من" فریشتە و "تۆ"ی ئەهریمەن.
ئەم کەلتوورە، ئەم دۆخە، ئەم بونیاتی بیرکردنەوەیە چەند بۆ تاکە کەس و بۆ هاورێیەتی و کەسایەتی دەشێت، زۆر ئەوەندە بۆ بواری سیاسەتیش دەشێت. جۆرج بۆش تەنیا کەس نەبوو کە وتی ئەگەر لەگەڵ ئێمە نەبن ئەوا دژی ئێمەن، بەرلەو، هەرە زۆری هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر شەرعیەتی "من"ی فریشتەی رەها و "تۆ"ی ئەهریمەنی رەها بیناکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو شەرعیەتە رەهایە دونیایەک جێگۆرکێ بە هەموو بەهاکان و بەرژەوەندییەکان کراوە و دونیایەک تەکنیک پیادەکراوە بۆ شاردنەوەی راستییەکان و گۆرینی ئاراستەی رووداوەکان، بە مانایەکی دیکە، بەداخەوە، بە راشکاوی دەڵێم ئێمە لە ترۆپکی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیادا گەمژەیین و سەردەمێکی زۆر دەبات تا بەئاگادێینەوە بۆ ئەوەی درک بەوە راستییە بکەین کە ئێمە بەو هاوکێشە سەرەتاییە و ساویلکەیەی کە بەرجەستەی ململانێی خێر و شەڕ دەکات هەڵخەڵەتێنراو گەوجێندراو بووین. بەدووری نەزانن رۆژێک بێت هەموو بەرەی تیرۆریزم وەک قوربانی خۆی بنوێنێت و رۆحی شەرانگێزی بچێتە ناو رۆحی هەموو ئەوانەی لە جەنگی تیرۆریزمدا بڕوایان وابوو بۆ لە دەستنەدانی بەهاکانی مرۆڤدۆستی و ئاسایشی نەتەوەیی دەجەنگان.
تۆ بڕوانە دەوروبەرت، پارتە سیاسییەکان، رۆشنبیرەکان، دەوڵەتە گەورەکان کە بێ سڵەمینەوە لەو شاشانەی لە رابردوودا بە زەحمەت دەستدەکەوتن بۆ ئەوەی پەیامێکی کورت بنێرن، ئێستا لە سۆشیال میدیاوە چ ژەهرێک دەرژێنە ناو ئەو ژینگەی تێیدا دەژین کە کاریگەریەکەی لە پیسبوونی ژینگە بە هۆی ماددەی کیمیاوییەوە کەمتر نییە.
تۆ ببینە، چ پارتێکی سیاسی لەسەرانسەری دونیادا، لەگەڵ ئەو رۆشنبیرانەی کە بوونەتە مێژووی کارەساتەکانیان، خۆیان بە فریشتە نازانن؟ تەنانەت ئەو کاتەی کە شەهید دەبیت، ئەگەر سەربەوان نەبیت ئەوە تۆ ئەهریمەنەکەیت ومێژووت یەک پوڵی قەڵپ ناهێنێت. لە یادممە، رۆژێکیان پرسیارێکم لە یەکێک لە حاکمەکانی شۆرش کرد وتم بۆ لە سیاسەت دوورکەوتیتەوە، لە وەڵامدا وتی لە بەغدا زۆر بە نهێنی و دڵسۆزی کارم بۆ شۆرش دەکرد و هەمیشە ژیانم لە مەترسیدا بوو بەڵام دواجار وتیان تۆ سەر بە ئێمە نییت، تۆ خائینیت و دەبێت باجەکەی بدەیت. دواتر، خۆ دەبینن چۆن مێژوو و میراتی سیاسی لە لای ئێمە لە مەرگدا دابەشبووە، لە شارێکی بچووکدا دوو کێڵ و دوو مەزار دەمانخەنە بەردەم هاوکێشەیەکی سەختی فریشتە و ئەهریمەنەوە.
پێتان وانییە ئێمە لە دۆخێکی زۆر توندرەوانەداین؟ تەکنەلۆجیا پانتاییە جوگرافییەکانی نزیکردەوە بەڵام بەستەڵەکە ئایدیۆلۆجیاکانی نەتواندەوە، نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دونیایەک کێشەی کەلتووری و کەسایەتی و سیاسی دیکە هاتنە گۆرێ، رەنگە هەندێکی خەتای خێرایی گۆرانکاری و پەرەسەندنە تەکنەلۆجیاکان بێت کە مرۆڤ پێڕاناگات کار لەسەر زانستە مرۆڤایەتییەکان بکات، یان هەندێکیان،رەنگە، بەهۆی گەڵاڵەبوونی کێشە سیاسییەکانەوە بێت، لەسەروو هەموویانەوە سەرنەکەوتنی فۆرمە جیاوازەکانی دیموکراسیەتە لە دونیادا و سنوردارکردنی پانتایی کاری سیاسی لە نێوان 'من'ی فریشەتە و "تۆ"ی ئەهریمەندا، تەنانەت ئەو فۆرمە لە دیموکراسیەت لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیشدا لەبەردەم هەرەشەدایە لە پاش راژاندنی مەشکەی هەموو ئەو بنەما و دەستور و رێکەوتن و پەیمان و دەزگا سیاسیانەی کە ببوونە میراتی کارکردنی سیاسی.