یازدە لە سەیروسەمەرەکانی ساڵی ٢٠١٨
2018-12-26 16:54:17
■ د. محەمەد عەلی
یەکەم: سەرۆک کۆماری عێراق کەکوردە، سەردانی زۆربەی شارە گەورەکانی عێراق و پایتەختەکانی ناوچەکەو جیھانی کرد، بەڵام نەیتوانی سەردانی ھەولێر بکات؟! (بەشێک لەکوردایەتی پارتی و بارزانی).
دوەم: عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك ئاماژەیەك بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندبوو كە لەبەرامبەر بەشداریكردنیان لە حكومەتدا دەبێت بەڵێن بدەن كە لە داهاتوودا نەكشێنەوە و ناشبێت پەرلەمانتارەكانیشیان پەرلەمان بكەنە مەیدانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی حكومەت.(لەسیستیمی پەرلەمانیدا، پەرلەمان و حکومەت دو دامەزراوەی سەربەخۆن، ھاوکات پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانان، چاودێری جدی دەبن بەسەرحکومەتەوە، نەوەک گوێڕاێەڵی حیزب و پێکھێنەرەکانی حکومەت).
سێیەم : حاجی کاروان: لیژنەی فەتوا پێیان وتم وەرگرتنی ٤٩ ملیۆن دینارەکە حەڵاڵە. (بێئاگا لەوەی دادپەروەری یەکێکە لەدروشمە سەرەکیەکانی حیزبەکەی، ھاوکات یاسای خراپی موچەو خانەنشینی پلەتایبەتەکان و لیژنەی فەتوا کوجا مەرحەبا. ئایا دەمانەوێت حکومڕانی مەدەنیمان ھەبێت، یان دەوڵەتی ئاینی؟!).
چوارەم: شۆڕش حاجی: پارتی پێی خۆشە گۆڕان بەشداری حکومەت بکات. (ئایا دامەزراوەکان موڵکی حیزبێکە؟ کەواتە پارتی پێی خۆشبێ دەچنە حکومەتەوە؟ بێگومان گۆڕان بەم سەرکردانەی ئێستایەوە، ھیچ زیانێکی نیەو نابێت بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتی).
پێنجەم: بارزانی، جارێکی تریش دەڵێین: ئێمە خۆناچەمێنین؟! (خۆناچەمێنن بۆ کێ؟ میللەتەکەت و دڵسۆزانی یان ناحەزان؟ پێموایە ئێوە زۆر لەمێژە بۆ ناحەزان خۆتان دەچەمێنن. خۆناچەمین جەستەیی نیە، بەڵکو چەمینەوەی مەعنەوی و بەھاو پرنسیپەکانە).
شەشەم: قادر عەزیز: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە سەرۆکی ھەرێم لەناوخەڵک ھەڵبژێرێت. (لەڕابردوا یەکێتی دو پرۆژەیاسای ھەبوە ناکۆک بەم لێدوانە ، ئەڵبەتە ئەم سیاسەتە نوێیە جگە لەسەرلێشیواوی سیاسی، بەشێکە لە نانەوەی ئاژاوەو ناسەقامگیری و پەکخستنی پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت و مامەڵەی وەرگرتنی پۆستی زیاتر).
حەوتەم : دۆناڵد ترامپ: برێت مەکگۆڕک ناناسم؟! (دەبەنگی و تاکڕەوی، کلتورو وجوگرافیا ناناسێت).
ھەشتەم: سەعدی پیرە: پێکەوە ئیشکردنی پارتی و یەکێتی وەکو زەواجی کاسۆلیکیەو تەڵاقی تێدانیە؟! (پارتی و یەکێتی پێکەوە ئیش ناکەن، بەڵکو پێکەوە بەرژەوەندیان ھەیە. بەڵگەش: دو ھێزی پێشمەرگە، دو ئابوری جیاواز، دو ئیدارەو ناوچەی نفوز، دوئەجێندای جیاواز لەبەغداد....ھتد).
نۆیەم:بارزانی بۆ دانیشتوانی بەسرە: ھاوسۆزو پشتیوانتانین.(بەڵام دژبە خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕازیەکانی ھەرێمە و بەڵتەچیەکانی حیزب شەق لەمامۆستا ھەڵدەدەن).
دەیەم: مەسعود حەیدەر: بارزانی مەرجەعی کوردە. (مەرجەع چەمکێکی ئاینی و کۆمەڵایەتیە، لەکلتوری سیاسی و دامەزراوەی پێشکەوتودا، بونی نیە. بارزانی نەک مەرجەع ، بەڵکو لەماوەی دوانزە ساڵی تەمەنی لەسەرۆکایەتی ھەرێمدا، نەیتوانی بە عەمەلی ببێتە سەرۆکی ھەرێمیش).
یازدەیەم: د.شیرین فواد مەعسوم: دەبێت هەموو حزبەكان بارزانی بكەنە رابەر. (لەسەدەی بیستویەکدا، کورد پێویستی بەدامەزراوەی بەھێزو سەروەری یاسا ھەیە، نەک دیکتاتۆری بەھێز).