حکومەتی ڕاستی توندڕەو
2018-12-26 15:02:19
■ هونەر تۆفیق
زۆربەی حکومەتەکانی پێشوو لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتی ڕاستڕەوبوون ۰ جیاوازی ئەم حکومەتە چاوەڕوانکراوەی داهاتوو لەگەڵ ئەوانی تردا ئەوەیە کە ڕاستی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکات ۰
ڕاست و ڕاستی توندڕەو لەوێدا لەیەکتر جودا دەکرێنەوە کە ڕاست جگە لەوەی کۆنزەرڤاتیڤە و دڵخوازی نەریت و ئاداب و فەرهەنگەدێرینەکەی کۆمەڵگەکەیەتی بەڵام لەگەڵ ژیاری نوێدا خۆی دەگونجێنێت و لە هەندێک کایەدا هەوڵی مۆدێرین بوون ئەدات بەتایبەتی لە بازاڕدا ۰ پێچەوانەی راست ٫ ڕاستی توندڕەو سازش لەسەر فەرهەنگە کۆنەکان ناکات ٫ دەیکاتە شانازی و هەوڵی بوژانەوە و چەسپاندنی دەدات ۰ ڕاستی توند ڕەو بڕوای تەواوی بە تاک سەرۆکی هەیە ٫ لەدیدی سیاسی خۆیەوە پێ ی وایە دەبێت خەڵک و حکومەت و دەزگا حکومی و ناحکومیەکان لەخزمەت بڕیار و فەرمانەکانی ڕابەرەکەیاندابن ۰
لە ئێستادا شەپۆڵێکی جیهانی لە هەڵکشانی ڕاستی توندڕەودا دروست بووە کە ڕێژەکەی ٪۳٥ نزیکە لەو ڕێژەیەی لە سی یەکانی سەدەی ڕابردوودا ٪٤٥ بوو ۰ هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم بوون ۰ چونکە ڕاستی توندڕەو بڕوای بە کرانەوەی بازاڕ و کاری هاوبەشی نێوان گەلان نیە ۰ لە سەرەتاوە چەند هاوپەیمانیەکی لاواز لەگەڵ لێکچووەکانی خۆیاندا دروست دەکەن بەڵام دواتر دەبنە نەیاری هاوپەیمانەکانی خۆیان ۰
دۆخ و کەشی سیاسی هەرێمیش لەباربوو بۆ سەرکەوتنی ڕاستی توندڕەو لەهەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمدا ۰ موفاجەئە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا نەبوو ٫ بەڵام موفاجەئەکە لەوەدایە حیزبە چەپ مەیلەکانی هەرێم کە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی نوێنەرایەتی دەکەن ٫ ئامادەن ببنە پشتیوانی ئەو حکومەتە ڕاست توندڕەوە ۰ بۆیە لە ئێستاوە هەر کارەساتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چاوەڕوانکراو لە ئەنجامی دیدی سیاسی ئەو حکومەتە توندرەوە بکەوێتەوە پشکی شێری بەر یەکێتی و گۆڕان دەکەوێت ۰