Draw Media

دۆخی چینایه‌تیی كوردستان

دۆخی چینایه‌تیی كوردستان

2018-12-25 16:33:58


■ د. یاسین سەردەشتی    

(مێجه‌ر هه‌ی) كه‌ كارمه‌ندێكی به‌ریتانییه‌كان بووه‌ له‌ عێراق ، به‌ ئاشكرا ‌و ره‌پ‌وراست، سه‌رۆك ‌و سه‌ردارانی كوردی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ( ئاغای باش ‌و ئاغای به‌د ) دا دابه‌شكردووه‌. ناوبراو كه‌ سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێستا هاتۆته‌ كوردستان ‌و دووساڵی تێیدا ماوه‌ته‌وه‌ ، ئه‌و سه‌رنجه‌ی له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیدا تۆماركردووه‌ كه‌ به‌ ناونیشانی " دوو ساڵ له‌ كوردستاندا " وه‌ك كتێبێك له‌ ساڵی 1921دا بڵاویكردۆته‌وه‌ . (هه‌ی) باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رۆكی باش بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك باوكێكی دڵسۆزی راسته‌قینه‌ وایه‌ ‌و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وانی له‌به‌ر چاوه‌ ، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی دووه‌میان واته‌ سه‌رۆكی به‌د، كه‌سێكی دڵڕه‌قی خۆپه‌رسته‌ ‌و خه‌ریكی ره‌پاندن ‌و بێگارپێكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رده‌ستێتی ‌و هه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی ‌و ملنه‌دانێكیش به‌خواسته‌كانی، به‌ ده‌ستێكی ئاسنیین سه‌ركوت ده‌كات ‌و له‌ هیچ خراپه‌یه‌ك سڵناكاته‌وه‌ .
شایه‌نی باسه‌ ، (مێجه‌ر هه‌ی) ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی سه‌رۆكه‌كانی كوردی به‌ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای ستراكچه‌ری مۆراڵی وێنا نه‌كردووه‌ ، به‌ڵكو هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ هۆكاری شوێن ‌و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌و بواره‌دا له‌به‌رچاوبگرێت . ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی له‌ناوچه‌ چۆڵ ‌و دوورده‌سته‌ سنورییه‌ چیاییه‌كاندان ‌و په‌یوه‌ندیی خوێن به‌ ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیانه‌وه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ ده‌چنه‌ قاڵبی سه‌ره‌ۆكه‌ باشه‌كانه‌وه‌ ‌و به‌ته‌نگ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ دێن ‌و بۆیان باشن ، به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی كه‌وتونه‌ته‌ ناوچه‌ ده‌شته‌كییه‌كانه‌وه‌ ‌و پشتیان به‌ حكومه‌ته‌وه‌یه‌ ‌و فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌ر چینی جووتكاره‌ هه‌ژاره‌كاندا ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ نموونه‌ی سه‌رۆكێكی به‌د ‌و خراپن .
هه‌روه‌ها به‌ر له‌ (هه‌ی) به‌ نزیكه‌ی سه‌د ساڵێك ، (كلۆدیۆس جێمس ریچ) كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای هیندیی رۆژهه‌ڵاتیی بووه‌ له‌ به‌غدا ، سه‌ردانی كوردستانی كردووه‌ ‌و دواتر له‌ساڵی 1836دا بیره‌وه‌ریی گه‌شته‌كه‌ی خۆی وه‌ك كتێب به‌چاپ گه‌یاندووه‌ ‌و بڵاویكردۆته‌وه‌ . ناوبراو له‌و بیره‌وه‌رییانه‌یدا كۆمه‌ڵی كوردیی بۆ دوو چین (خێڵه‌كیی) ‌و (ناخێڵه‌كیی) دابه‌شكردووه‌ . (ریچ) پێی وایه‌ ‌و له‌وه‌ش دڵنیایه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا ده‌سته‌ی یه‌كه‌م وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی جه‌نگاوه‌ر ‌و تفه‌نگدار ‌و خۆسه‌پێن ‌و كه‌مینه‌ ، جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ‌و لنگیان به‌سه‌ر ملی زۆرینه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری بێدیفاعدا كه‌ جوتكاره‌ هه‌ژاره‌كانن ، شۆڕكردۆته‌وه‌ ‌و وه‌ك كۆیله‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ‌و له‌ هه‌موو مافێكی مرۆڤانه‌یان بێبه‌شكردوون ، به‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی سته‌مكارانه‌ ‌و نایه‌كسان له‌ نێوان ئه‌م دوو چینه‌ له‌ كوردستاندا وه‌ك ئاغا ‌و ره‌عییه‌ت ، شوان ‌و مێگه‌ل ، فه‌رماندار ‌و خزمه‌تكار به‌ڕێوه‌چووه‌. (ریچ) سه‌باره‌ت به‌ نه‌بوونی هیچ به‌رپرسیاریه‌تێكی ئه‌خلاقیی ‌و ویژدانیی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستانه‌وه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ سته‌مكارانه‌دا ده‌ڵێت " هه‌رگیز رۆژێك نه‌مدی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ مه‌زنانه‌ی كورد سه‌باره‌ت به‌و دڵڕه‌قییه‌ی ده‌رحه‌ق به‌ ره‌عییه‌ته‌كه‌یانی ده‌كه‌ن ، شه‌رم بیانگرێت ."
هه‌روه‌ها (ریچ) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ جارێكیان یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ده‌سته‌ی یه‌كه‌م، واته‌ تفه‌نگ له‌شانی ده‌سه‌ڵاتدار، چۆته‌ی لای ‌و لای ئه‌و دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئه‌وان بڕوایان وا كه‌ خوا چینی دووه‌می ته‌نیا بۆ خزمه‌تكاریی ئه‌وان دروستكردووه‌ ‌و هیچی تر . ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ش له‌هه‌مبه‌ر خه‌ڵكانی كوردی ده‌ره‌وه‌ی خیڵه‌كانیان نائه‌خلاقییه‌‌و له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌وساندنه‌وه‌‌و زاڵبوون‌و ملپێكه‌چكردنێكی زۆره‌ملێ‌و توندوتیژه‌.
حوكمدارانی كوردستانی ئه‌مڕۆ له‌جۆره‌ خراپ و به‌دكاره‌كانن و هیچ تاوانیك نه‌ماوه‌ ده‌رحه‌ق به‌خه‌ڵكی كوردستان نه‌یانكردبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand