خەون و خۆزگە و نزاکان بۆ ساڵی نوێ:
2018-12-25 15:50:42
■ لاوك سەڵاح
خۆزگە قەیرانەکانی ساڵانی رابردوومان هەمیشە لە یاد دەبوو. بەراستی بۆ هەموو لایەک زۆر سەخت بوو، قەیرانەکان جۆراوجۆر بوون و فشار لەسەر هەموو لایەک بە رادەی جیاواز بوو.
خۆزگە لە ساڵی نوێدا، چەمکی " سەروەری یاسا" پیادە دەکرا و هەرێم لە بۆشایی سیاسی دەپارێزراو سەرلەنوێ هەوڵی توندوتۆڵ کردنی هەرێم دەدرا بە دارشتنی سیاسەتێکی پراکماتیکی واقیعبینانەی هێور کە پارسەنگی بەرژوەندییە سیاسییەکان لە نێوان گروپەکانی کۆمەڵگەدا رابگرێت، سیاسەتێک پەنا نەباتە بەر فێڵکردن و سرینەوەی یەکتر، سیاسەتێک رەنگدانەوەی ستراتیژیەتێکی ئاسایشی قووڵ و بەرپرسیار و تێگەیشتوو بێت لە ململانێ و هەرەشە ناوخۆی و دەرەکییەکان.
خۆزگە بەرژەوەندی گشتی سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و تاکە کەسی و گروپ گروپێنە دەبوو، خۆزگە، بۆ یەکەم جار، دەستورێک بە هاوبەشی هەموو لایەک دەهاتە ئاراوە بە یارمەتی کەسانی پسپۆری ناوخۆ و دەرەکی بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەع بۆ نەوەکانی ئاییندە و ببێتە بنەمایەک هەموو پابەندیبن. خۆزگە نیشتمان لە یاسادا و یاسا لە نیشتماندا بەرجەستە دەکرا نەوەک لە کەسەکاندا.
خۆزگە گەرانەوەی شەرعیەتی سیاسی راستەقینە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا روویدەدا. چالاکی و ژیانی سیاسی دەستەبەر دەکرا و دەپارێزرا لە هەر ریسک و سەرکێشییەکی سیاسی، خۆزگە بە یاسا ئەم شەرعیەتە لە هەر دەستدرێژییەک و دەستێوەردانێک رێک دەخرا و ئەگەر هەر لایەنێک پابەندی ئەم شەرعیەتە نەبوو ئەوا رێکاری یاسایی ئاشکراو راشکاو هەبێت بۆ سزادان و باجدان، بەڵام سزادان نەبێتە پاساو بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەستەڵات و بەکارهێنانی خراپی دەستەڵات.
خۆزگە کارکردن بۆ بە دەستهێنانی دادوەریی یاسای و کۆمەڵایەتی راستگۆیانە دەبوو بەوەی دادگاکان پیشەییبن و دووربن لە دەست تێوەردانی حیزبی و ئەو کەسانەی کە نفوز و دەستەڵاتیان هەیە. دادگا کۆڵەکە و ئامرازی کۆمەڵگەیە بۆ پارستنی خۆی لە هەرەشە ناوخۆییەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان و بەرجەستەکردنی دادپەروەری، هەر لەبەرئەوە دەبێت سەربەخۆ بێت و تەنها لە ژێر چاودێری یاسایی دەوڵەتدا بێت.
خۆزگە پلان و بودجەی تەواو بۆ پاراستنی ژینگە و دارشتنی سیاسەتێکی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە ئامادە دەکرا.
خۆزگە پرۆژەیەکی ستراتیژی فراوان دەهاتە کایەوە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە کە لە ئێستادا هۆکاری دونیایەک گرفتی تەندروستییە، تانجەرۆ وەک نموونە.
خۆزگە پێداچوونەوەیەکی راستەقینانە و راستگۆیانە بە مەنهەجەکان و پێوەرەکانی پەروردە و خوێندنی باڵا دەکرا، ئەو پرۆگرامانەی کە ئێستا دەخوێندرێن زۆربەیان نیو سەدە بەسەریاندا تێپەریووە.
خۆزگە سەرژمێرییەکی گشتی ستانەدەر دەکرا تاوەکو ببێتە بناغەی پلاندانان و داواکردنی ماف و پێشبینیکردنی ریسک و هەرەشەکان و پتەوکردنی سەکتەرەکانی خزمەتگوزاری. ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی شەرعیەتی هەرێم.
خۆزگە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە کەرتی تەندروستیدا دەکرا تاوەکو مافی کارمەند و نەخۆش دادپەروەرانە دەستنیشان دەکرا. ئەو پەیوەندییەی نێوان دکتۆر و نەخۆش کاتێک "موقەدەسە" کە یاسا ئەرک و مافی هەردوو لا بپارێزێت، نە دکتۆر پێنچ پێنچ خەڵک ببینێت و نە نەخۆش دەستدرێژی بکاتە سەر ژیانی دکتۆر!
خۆزگە حکومەتێکی نیشتمانی پتەو دەهاتە کایەوە کە لەسەر بنەمای یەکسان کاری هاوبەش لەگەڵ رێکخراو و دەزگا و حکومەتەکانی دونیا دەکرد دوور لە زەردەخەنەی بێ تام!
خۆزگە ناوەندەکانی راهێنانی پێشمەرگە یەکدەخرا بەر لە یەکگرتنەوەی هێزەکان، لانی کەم پێشمەرگەکان دەبوونە هاوڕێی یەکتر!
خۆزگە چیمەنتۆ لە دەرەوەی هەرێم نەدەهێنرا، لەبەرئەوەی لە هەرێمدا چەندان کارگەی چیمەنتۆی دامەزراو هەیە کە کواڵیتیەکەی سەدان جار لەوەی دەرەوە باشترە و بێ مەترسییە.
خۆزگە کەرتی وزە رەنگدانەوەی ستراتیژیەتێکی نیشتمانی دەبوو لە سەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو ناوچەکان و پارێزگاکان.
خۆزگەکان زۆرن....
بە هیوای ئەوەی ساڵی نوێتان ئارام بێت، پڕ شکۆ و متمانە و بەها و راستگۆیی بێت، ساڵێک پڕ خەرمان و پڕ لە سەرگوزشتەی جوان و جۆش و خرۆش بێت.
یەزدانی مەزن ئاگادارتان بێت.