Draw Media

كودەتا بەسەر كۆنگرەدا یەكێتی بەرەو هەڵدێرتر دەبات .

كودەتا بەسەر كۆنگرەدا یەكێتی بەرەو هەڵدێرتر دەبات .

2018-12-25 13:33:41


 


■   بورهان حاجی سلێمان     
.
كۆنگرە لە ژیانی حیزبی و رێكخراوەییدا بەواتای لێپرسینەوە لە كارو چالاكی و ئەستۆپاكی دارایی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی رابردوو و نوێبوونەوەو خوێنی نوێ و داڕشتنی پەیڕەوی نوێی گونجاو تادەگاتە گۆڕینی ئەو دروشم و ئامانجانە دێت كە وەكو زەرورەتێك قۆناغە نوێیەكە پێویستی پێی دەبێت.
یەكێتی پتر لە هەموو حیزبێك لە ئێستادا پێویستی بە بەستنی كۆنگرەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆ لە دوای كۆنگرەی سێیەمەوە لە ساڵی 2010 باڵێكی لێ جیابۆتەوە، چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی چوونەتە ناو حیزبی دیكەوە، سكرتَێرەكەی كۆچی دوایی كردووەو جێگری یەكەمی باری تەندروستی رێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەركەكانی، جێگری دووەمیشی پۆلێك هەڤاڵی بردە دەرەوەو قەوارەیەكی لێ دروستكرد، ئێستاش دوای ئەوەی لەسەر پشكی یەكێتی بۆتە سەرۆك كۆماری عێراق نە هەڤاڵانی هاتوونەتەوە ناو ریزەكانی یەكێتی و نە تا ئێستاش روونە.. خۆی چییە؟ وجاخی سەركردەو دەستەی دامەزرێنەرەكانیشی تەشی بۆ حیزبی دیكە دەڕێسن! رێكخستنەكانی مۆرانە لێیداون، بێسەروبەری گەیشتۆتە بەرزترین ئاست و دەستەگەریش شۆڕبۆتەوە بۆ نزمترین ئۆرگان.
لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیش گۆڕانكاری گەورە روویداوە، ئێستا هەرێم نیوەی خاكی لەدەستداوە كە یەكێتی تیایدا پشكی شێری جەماوەرەكەی بەردەكەوێت، هاوكات ئەگەر قۆناغی پێشوو قۆناغی بەرەو دەوڵەتبوون بووبێت، ئەوە ئێستا قۆناغەكە ئەو پلان و بەرنامەو دروشمەی ئەوەی دەوێت چۆن دەست بەوەوە بگرین كە هێشتا لەدەستمان نەداوە؟
فشارەكان لەخوارەوە زۆرن بۆ بەستنی كۆنگرە، بۆیە پێیدەچێت دواجار دەستڕۆكان ئەوانەی تەنها ئەوان ئێستای یەكێتییان پێباشە، ملكەچی داواكارییەكان ببن بیر لە بەستنی كۆنگرە بكەنەوە، بەڵام چ كۆنگرەیەك؟
ئەوان سەرقاڵی پلانی Bن تا كۆنگرەیەك بەخواستی خۆیان و درێژەدەر بەو یەكێتیەی ئێستا بێتەوە بەرهەم، لە ئێستاوە دوو بەشی ئەندامانی كۆنگرەیان لەسەر بنەمای كوتلە لەنێوان خۆیان دابەشكردووە، لیستی خۆیان ئامادەكردووە، ئەوەشی دەمێنێتەوە لە رێگەی مەڵبەندەكانەوە بۆ شەرعیەتدان بە كۆنگرەكە هەڵدەبژێردرێن كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئەنجامەكانی نابێت، بەواتای هەموو ناشرینییە كۆنەكانی پێش كۆنگرە، لە چوارچێوەیەكی نوێندا بەڕووی خەڵكەوە هەڵدەواسنەوە ئەگەر ئەمەش رووبدات دوا مێخ دەبێت بە نەعشی ئەو هیوایەی چەندین ساڵە دڵسۆزانی ئەو حیزبە چاوەڕێی دەكەن، یەكێتیش بە هەموو نەخۆش و نەخوشییەكانیەوە چەند ساڵێكی دیكە لە بێسەروبەری بەڕێدەخات.
ئەگەر ئەو كودەتایە سەری گرت و پیلانەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوە پێویستە ئازادیخوازانی یەكێتی بێدەنگی بشكێنن، خەمخۆرەكانی لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی و سەركردە ئەمنییە دڵسۆزەكانی و كادرە بوێرەكانی كودەتا بكەنە سەر كودەتاچییەكان، چونكە كودەتا هەر بە كودەتا چارەسەردەكرێت.. كودەتاش بەسەر لادەراندا زیندووكردنەوەی ئەو حاڵەتە شۆڕشگێڕیە تەندروستەیە كە دەمێكە یەكێتی لەدەستی داوەو ئەو لەدەستدانەش سەرەتای شێواندنی هەموو جوانییەكان بوو لەسەرووی هەموویانەوە شانازی وتنەوەی"من یەكێتی نیشتمانیم"، دەشبێت چاوەڕێی دەیان شیرینی دیكە بین تەشی بۆ خەڵكی دیكە بڕێسن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand