مەرگی سێوان هەموومانی سوتاند
2018-12-25 13:04:01
■ ھێمن کەریم
پیرۆزە چەند جوان رۆشتی سێوان گیان، دەزانی ھەموان دەسوتێین ، تۆ لەسەدا ٩٠ سوتای ئێمە رۆژانە لەسەداسەد دەسوتێین، تۆ مەراقت کۆتایی ھات ئێمە ھەر زیادی دەکەین، تۆ کۆڵە پشتەکەت ھەڵپێچا ئێمە ھەرتێی دەخنین ، پرسیارەکە ئەوەیە دەبێت چیرۆکی مەرگی ئێمەش چۆن بێت؟! ئێمە دەسوتێین سوتان بەچەشنێک بێ دەنگ ، دەزانم مەرگی ھەرکەسێک لەم نیشتیمانە تراژیدیاییە، مەرگی شۆفێرەکان کەبەھۆی خراپی شەقامەکانمان، مەرگی پێشمەرگەکان کەبەھۆی ھەڵەی ستراتیجی و حەزی ئەبەدی سوڵتانەکانمان، مەرگی ئەو ئازیزانەی کە بەھەڵەی پزیشکی لەنەخۆشخانەکانمان، مەرگی رۆژنامەنوسەکان کەبەھۆی ئاغایی و کوێخاکانمان، مەرگی ژن و کچ بەھۆیی پیاوسالاریمان، مەرگی رەخنەگرن و تێفکران بەھۆیی خۆ بەوێناکردنی جێنشینی خواکانمان، مەرگی تایفی و عەشیرەت و عەرزەو ئاو ، بەھۆی تەماعی سەرمایەدارانمان، جا بەجی مەرگمان نیە ئەزیزم، چیت بۆ بژمێرم ئەی شوێن پێ! تۆ بنوو ئەزیزم ئێمە ھەموان تراژیدیایی دەمرین ، ھەموان کۆڵەپشتەکەمان پرە لە شوێنی خەنجەری بەدبەختی، کێشەکە لەبونمانەوەیە کێشەکە لەئەزەلەوەیە، چارەنوسمان بەقەڵەمی کۆڵەوارانەوە نوسراوەتەوە، تەختیتی دڵمان بەجیھازی پارەی سەرمایەدارەکان دەکێشرێت. تۆ بنوو ئەزیزم ، مردن لەم جەنگەڵە دەرچوونە لەبەدبەختی، نەجات بوونی رۆحە لەم دوورووانە، دەستبەرداربوونە لەیەخەیی شەیتان ، تۆبنوو ئەزیزم جوانەکان و بەشکۆکان بەتراژیدیایی ماڵ ئاوایی دەکەن . بنوو ئەی جوانترین مەخلوقی خوا بنوو مەرگێک بەسێ پەپولەوە جێی ستایشە! نەک لەگەڵ جەلادێک ھەناسە ھەڵکێشی، نەک لەگەڵ بازرگانەکانی دەرماندا ژیان بکەیت ، چەشنی مەرگی تۆ شکۆیە ، ھەموانت سوتاند ھەموانت گریاند ، یارو نەیار ھەم حەسودیت پێدەبەن ھەم ئاخ ھەڵدەکێشن نازانن چۆن وێنەی حەقیقەت بکێشن! مەرگ، دوا جێ پێی و دوا شوێنە رێی یە ، تۆ شوێن پێت نەخشان ، ئیدی ئێمەش بەم رۆژگارە لەگێرانەوەی چیرۆکی رۆشتنی تۆ و پەپولەکانتین، لەکاتێکدا نازانین حەقیقەت چۆنە ھەر کەسەو بەحەزی خۆی بە عەتفی خۆیی حەقیقت دادەرێژێت، لەلایی من حەقیقەت ئەوەنیە کێ والێکردی ، لەلای من مەرگ جێی پرسیار نیە، وەلێ شێوازی مەرگ وھۆکاری مەرگ و دوا شوێنپێ، جێی تێرامان و جێی پرسیارە. لەلایی من حەقیقەت ئەوەیە تۆ بە شکۆوە رۆشتی و بێدەنگ نەبویت ، پرت کردین و تورەت کردین وێنەی مۆمێک گرت تێبەرداین و بەکزی دەسوتێین، ئەم نەوعە مەرگە شایەنی پیرۆزبایی لێکردنە.