Draw Media

بریارەکەی ترەمپ بۆ ئەمریکایە نەک بۆ کورد!

بریارەکەی ترەمپ بۆ ئەمریکایە نەک بۆ کورد!

2018-12-24 21:18:02


■  چیا عەباس   
هێنری کیسینجەر لێدوانێکی بە ناوبانگی هەیە دەڵێت: " ئەمریکا دۆست و هاوپەیمانەکانی هەمو رۆژێک تا لێواری قەبر دەبات، هاوکات دۆژمنەکانی بەردەوام ئەگەری لە ناوبردنیان هەیە".
کورد لە مێژودا چەند جارێک بە هۆی بەرژەوەندی زلهێزەکانەوە، تایبەت ئەمریکا، دوچاری شکستی گەورە کراوە.
لە دۆکیۆمێنتە فەرمیەکاندا، دواتر راپۆرتی بایک (١٩٧٥) سەلماندی، وێرای ئەوەی ئەمریکا جۆرێک لە هاریکاری شۆرشی ئەیلولی کردوە، بەڵام لە ساڵی١٩٧٢ ەوە لە گەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بە خەست و وردی کاری بۆ سازدانی رێکەوتنامەی جەزائیر کردوە کە بە شکستی شۆرشی ئەیلول کەوتەوە.
چەند لیژنەیەکی کۆنگرێسی ئەمریکی لە دوا ساڵەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردو هۆشداریان بە ئیدارەی ئەمریکی داوە دەرباری چەکە کیمیاویەکانی رژێمی سەدام، ئەم پەیامە پشتگوێ خراوە. لە ساتەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ئەگەر زاکیرەم پشتی لێ نەکردبم، کاسپەر واینبێرگ، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ئەنقەرەوە رایگەیاند نابێت کێڵگە نەوتەکانی عێراق بکەونە ژێر رەحمەتی تۆپخانەکانی ئێران، ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ بۆ ئیدانەنەکردنی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. 
تا چەند رۆژێک پێش داگیرکردنی کوێت ئیدارەی بوشی باوک بەردەوام زەماناتی فەرمی بە بانکەکانی ئەمریکا داوە تا قەرزی گەورە بە رژێمەکەی سەدام بدەن.
لە کاتی کۆرەوەکەدا هەمان ئیدارەی بوش پشتی لەو راپەرینەی گەلی کورد و عێراقیەکان کرد کە داوای کردبو، ئاکامەکەی سەدام قەسابخانەیەکی لە ناوەراست و باشوری عێراق ئەنجامدا و کوردستانیش کۆرەوی بێ هاوتای بینی، لە ژێر فشاری رای گشتی چەند ئیجرائاتێکی نێودەوڵەتی گیرایە بەر بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی باشور و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمەریکا پێشوەخت لە کارەساتی ٣١ی ئۆگۆستی ١٩٩٦ بە ئاگابو، هەمو رەتدانەوەی بۆ روداوەکە هاویشتنی دو موشەک بو بۆ بیابانەکانی باشوری عێراق.
ئیدارە جیاکانی ئەمریکا بەردەوام پشتگیری تورکیایان کردوە و هێزە تێکۆشەرە کوردیەکانی باکوریان بە تێرۆریست پێناسە کردوە.
دەیان دۆکیۆمێنت و بەڵگە دەیسەلمێنن دوای روخاندنی سەدام ئەمریکا لە لیژانە چوار و پێنج قۆڵیەکان (ئەمریکا، تورکیا، عێراق، حکومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتوەکان) پشتگیری خواستی تورکیای کردوە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی یەکلایەنە دژ بە کامپی مەخمور، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە توندی دژ بەو هەوڵانە بون.
RAND Coorporation، یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین دەزگای لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی سەربازی ئەمریکا لە راپۆرتەکانیدا ئاماژە دەکات بەوەی پنتاگۆن لە دروستبون و سەرهەڵدانی داعش بە ئاگابون و بە روداوێکی گونجاویان زانیوە.
نزیکترین ئەزمونەکانی کورد لە گەڵ ئەمریکا پرسی ریفراندۆم و کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەر بون، لە یەکەمدا بە چاوسورکردنەوە و فشار و هەرەشە پەکی خست، لە دوەمیشدا رۆڵی گەورەی پشت پەردەی هەبو لە داگیرکردنەوەی نیوەی خاکی باشور.
با زۆرتر لە سەر هەڵوێست و رەفتارە خۆپەرستەکانی ئەمریکا نەرۆین، ئێستا ترەمپ بریاری داوە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا بکشێنێتەوە، بریارێک پر بە پێستی ئەمریکا و سەرۆکە بازرگانەکەی. دەمێکە تەمپ رایگەیاندوە ئەمریکا لە پلەی یەکەمدا دێت.
ئەگەرچی زۆربەی سەرۆکەکانی پێشوی ئەمریکا دیدگا و بۆچونی تایبەتی خۆیان دەرباری دەرەوەی ئەمریکا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەبو، بەڵام ترەمپ پیاوێکی بەتاڵە لەو بوارانەدا و لە گەڵ هەر روداوێک بە جیا مامەڵە دەکات، بۆیە 
لە پیاوێکی وا هەر ئەوە چاوەروان دەکرێت. 
ئەو هەڵڵایەی دەرباری بریارەکەی بەرپا کراوە دو لایەنەیە، لە لایەکەوە بێ ئەمەکی و خۆپەرستی ئیداەری ترمپ دەردەخات لە کاتێکدا کورد لە رۆژئاوا بێ وێنە بۆ مافەکانیان و لە جەنگی دژ بە تێرۆریزمدا تێکۆشاون، ناکرێت ئاوا پشتیان لێ بکرێتەوە، لە لاکەی ترەوە ئەوەی زۆر باس ناکرێت ئەقڵیەتی ئیتیکالی زۆربەی سەرکردایەتی سیاسی کوردە کە چاوەروان بون ئەمریکا تا دوا مەتاف پشتگیرییان بکات.
لێدوانەکە سالح موسلم کە بە ئەمریکا دەڵێت: نە بانگمان کردون بێن و نە پێشمان وتون برۆن وەڵامێکی زۆر پر بەها و دەلالاتی سیاسیە، هاوکاتیش راگەیانراوی مسعود بارزانی لەو بارەویەوە هاوسەنگیەکی سیاسی ئەقڵانی تێدا دەخوێنرێتەوە.
هەندێک نوسەر و سیاسەتمەداری تر ئێستاش بە ئەقڵیەتی دۆگمای سیاسی موخاتەبەی ئەمریکا دەکەن، گلەیی و گازندەی لێ دەگرن لە کاتێکدا دەبێت ئاورێک لە خۆمان بدەینەوە و بپرسین بۆچی گەیاندومانەتە ئەو ئاستە کە هەر زلهێزێکی دنیا و ناوچەکە بتوانێت بە ئارەزوی خۆی بە کارمان بهێنن، دژی یەکتر قورمیشمان بکەن، کوانێ ختابی یەکگرتوی کورد تا دنیا حسابێکی جدی بۆ بکات ؟
نەخێر ئەم پرسیارانە لە خۆیان ناکەن چونکە ناتوانن وەڵامیان بدەنەوە. 
لە بری ئەوەی خەڵک زیاتر هوشیار بکەنەوە کە کورد دۆستی راستەقینەی نیە تەنها خۆی و چیاکانی نەبێت ساڵانێکە بە گوێی میللەتدا گوتار و لێدوانی بێ بنەما دەرباری کورد و زلهێزەکان بە گوێی میللەتدا دەخوێنن.
کەس ئەوەندە نەفام نیە داوای پەراوێزکردن یاخود شەرکردنی ئەمریکا بکات، ئەوەی گرنگە کە سیاسەتی لە گەڵدا دەکەیت سەربەخۆیی و ئیرادەی خۆت لە دەست نەدەیت، هەمیشەش ئەو لێدوانەی کیسنجەر لە مێشکدا چەسپاو بێت. 
بریارەکەی ترەمپ بۆ ئەمریکایە نەک بۆ کورد، بەڵکو پاش دەیان ئەزمونی تف و تاڵ لە گەڵ ئەمریکا کورد تۆزێک بە ئاگا بێتەوە.

نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٤ی دیسەمبەر ٢٠١٨
 
   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand