Draw Media

ئەگەر یەكێتی نەیەتە ژێر بار

ئەگەر یەكێتی نەیەتە ژێر بار

2018-12-24 17:45:42


■ رێبوار كەریم وەلی  
(1)
بەهۆی شكستی ئۆپۆزیسیۆن و بەشدارینەكردنی ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلول، پارتی سەركەوتنێكی كەموێنەی تۆمار كرد. ژمارە تازەكان تا راددەیەكیش پارتییان مەغروور كرد، بەتایبەتیش كە دوای شكستی لە كێبڕكێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، لە پێكهێنانی حكومەتی بەغداش مانۆڕە سیاسییەكانی بۆ تۆڵەكردنەوە لە یەكێتی سەركەوتوو بوون. ئێستا كە نزیكەی سێ مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، تەنها یەك دانیشتنی پەرلەمان ئەنجامدراوە و، بە شێوەیەكی نائاسایی بە كراوەیی بەجێهێشتراوە. لە دانوستاندنەكاندا، یەكێتی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و بەغدا و كەركووكیشی كردووەتە یەك پاكێج (كە لەوانەدا لە هەمووان زیاتر پارێزگاری كەركووكی مەبەستە)، گۆڕانیش ئاستی داواكارییەكانی لە پارتی بردووەتە سەرەوە.

ئەو پەیامەی پارتی مەبەستی بوو دوای 2ی ئۆكتۆبەر بیداتە یەكێتی، ئێستا گەیشتووە و، یەكێتی بۆی دەركەوت كە ئەگەر پارتی مەیلی بەلای بەغدادا هەبێ، هەموو رێگاكان دێنەوە هەولێر، بەتایبەتیش كە هەموو هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دانانی پارێزگار لە كەركووك و وەرگرتنی پۆستێكی وەزاری لە بەغدا، لەسەر دەستی پارتی فەشەلیان پێ هێنراوە. بەڵام لێرە بەدواوە پارتی دەبێ لە ئاست بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەی ئێستایدا بێت و، یەكێتیش لەوە تێگەیشتبێت كە ناتوانێ لەپێناوی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووك، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بەسەرشۆڕی بباتەوە كەركووك. بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە یەكێتی لە مەسەلەی پارێزگاری كەركووك، بەشدارنەكردنی گۆڕان و رێككەوتنی دووقۆڵی پێداگر بێت و لەگەڵ پارتیدا نەگاتە چارەسەرێكی هاوبەش، رەنگبێ پارتی چیدی چاوەڕێی ئەو دەستی دەستییەی یەكێتی نەبێ و بەبێ یەكێتی هەنگاوی عەمەلی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بهاوێت.

پارتی نایەوێ یەكێتی لە دەرەوەی حكومەت بێت، بۆیە ئەگەر بزانێ دانوستاندنەكان دەگەنە بنبەست، وەكو جاری پێشوو (كابینەی هەشتەم) كە یەكێتی هاتنە ناو حكومەتی پەیوەست كرد بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی بەغدا و چەند مانگێك خۆی تاخیر كرد، رەنگە ئەمجارەش پۆستەكانی یەكێتی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت بە بەتاڵی بهێڵدرێنەوە و پارتی و گۆڕان حكومەت پێكبێنن.

گۆڕان لەگەڵ پارتی دەڕوات؟
(2)
لە سەرەتای دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمدا، شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح، پێداگرییان لەسەر بەشداریی گۆڕان لە حكومەتدا دەكرد. لەوەشیاندا چەند ئامانجێكیان هەبوو. یەكەمیان ئەوە بوو كە دوای رووداوەكانی 17ی شوبات ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكانی سلێمانی و گەرمیان بگەڕێننەوە، دووەم لەسەر بنەمای یەكەم لێكتێگەیشتنی دەباشان لە 2012 لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا بەرەیەك لە بەرامبەر پارتی دروست بكەن و سێیەمیشیان ئەوە بوو كە سەرۆكایەتیی شاندی گفتوگۆكاری یەكێتی هەوڵی بچووككردنەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەی تاڵەبانییان دەدا و رێگربوون لە دووبارەبوونەوەی پەنجا بە پەنجا. هەندێك لەو ئامانجانە ئەنجامی پێچەوانەیان هەبوو، بەڵام ئەوەی كە ئێستا پارتی بۆ بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەتدا پێداگری لەسەر دەكات، هەمان ئەو ئامانجانەیە كە یەكێتی دەیویست دەستەبەریان بكات. بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەتدا، بۆ پارتی مەسەلەیەكی حەتمییە و پاشەكشەی لێ ناكات.

ئەگەرچی پارتی پێیوایە كە گۆڕان ئاستی داواكارییەكانی بردووەتە سەر، بەڵام لەڕاستیدا دوای ئەو تەجرووبە تاڵەی كە گۆڕان و پارتی لە كابینەی هەشتەمدا هەیانبوو، بەدەنگەوە هاتنی گۆڕان بۆ بەشداری لە حكومەت، دەبێ بۆ پارتی دەرفەتێك بێت كە هەم هەڵەكانی رابردووی پێ راست بكاتەوە و، هەمیش گەورەتر لە پێدانی پۆستێك یان دوو پۆستی وەزاری بیر بكاتەوە.

گۆڕان پارسەنگێكی بەهێزی ئەم حكومەتەیە و دەبێ یەكێتیش ئەوەی لەبەرچاو بێت كە پارتی ناتوانێ پەراوێزی بخات، بەڵام ئەگەر پارتی لەسەر بنەمایەكی تەندروست و عادیلانە مامەڵە لەسەر پۆستەكان بكات، هەم زەمینەی بەشدارییەكی بەهێز و هەمیش كاریگەر بۆ هەموو لایەك دەڕەخسێنێ. بۆ ئەوەش پێویستە پارتی لەسەر بنەمای خاڵبەندی بۆ پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە و وەزارەتەكان (بە رەچاوكردنی قاعیدەی جەماوەریی گۆڕان و ئەو گوشارەی لەسەریانە) بێتە پێشەوە، ئەوەش ئەو كاتەیە كە پارتی بەتەنیا نامێنێتەوە.

باشوور، رۆژئاڤا نییە
(3)
ئەگەرچی هەرێمی كوردستان لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25ی ئەیلول تووشی پەلامار، ئابڵوقە و گۆشەگیریی دیپلۆماسی بوو، بەڵام قارەمانێتیی پێشمەرگە و دیپلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی هەموو تەوقەكانیان شكاند. دوای ساڵێك و لە پاش هەموو پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەمڕۆ كوردستان بە حیكمەتی سەرۆك بارزانی بەڵگەنامەی سەربەخۆیی بۆ داهاتوو لە باخەڵدایە و، ئەندازیاری بنیاتنانەوەی كوردستانیش هەموو دەرگا داخراوەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەری كردوونەتەوە.

بەراوردكردنی ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات، لەگەڵ ئەزموونی كوردستانی باشوور زۆر نامەنتیقی و گێلانەیە، چونكە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی (پێش ئەوەش بە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش ناوچەی پارێزراو بووە)، ئەوەش بەرهەمی پێڕەوكردنی لانیكەمی بنەماكانی مافی مرۆڤ، كاری سیاسی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە. ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان زۆر زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ باڵانسی هێزدا دەكات، لە یەك كاتدا لەگەڵ رووسیا، ئەمریكا، ئێران، سعودیە و توركیادا پەیوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەشی دروست كردووە.

كێشەی كانتۆنچییەكان لە رۆژئاوا ئەوە نییە كە ئەمریكا بەجێیاندەهێڵێ، بگرە كێشەیان ئەوەیە كە خەڵكی رۆژئاوا بڕوایان پێیان نییە. ئەوان بە سیاسەتی ملهوڕی و تاكڕەوانەی خۆیان، هەم دەرفەتی ئاشتییان لە توركیا خنكاند و هەمیش رێگەیان نەدا چارەنووسی رۆژئاوا یەكلا ببێتەوە. ئەوەی روودەدات بەرهەمی سیاسەتی فاشیلی پەكەكەیە كە سیاسەتێكە لەسەر خەون و خەیاڵ هەڵچنراوە و هیچ پەیوەندییەكی بە واقیعەوە نییە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand