Draw Media

تراژیدیای(مامۆستای زانکۆ)

تراژیدیای(مامۆستای زانکۆ)

2018-12-24 09:35:21


■ هادی حەمەرەشید   

لەگەڵ کەسێکی دیاریکراوم نیە و لەگەڵ زۆر کەسیشمە، لەبنەڕەتدا کێ خۆی لەم چوارچێوەیەدا ئەبینێتەوە ئەوا بەڵێ مەبەستم ئەوە و چۆنیش نیگەران ئەبێت لێم، بێ منەت بێت.

بەشێکی زۆر لە(مامۆستای زانکۆ) خراپترین دەرکەوتەی سەردەمی گەندەڵیی و ماستاو و تەمەلوقن، پڕ لە مرۆڤی هەزار ڕوو، کۆمەڵێك دەعبایان تێدایە کە ئامادەن هەر ڕۆژە و لەسەر پەتێك یاریی بکەن، خۆزگە کورد لە بری ئەو کۆمەڵە زانکۆیەی دوای ڕاپەڕین، ئەوەندە مەزرەعەمان بکردایەتەوە، تا بەگوێرەی عارەق ڕشتن خزمەتیان بکردایە، نەك بەم جۆرەی ئێستا بچووکترین بەخشینیان بریتییە لە ماستاو ساردکردنەوە بۆ سەرووی خۆیان و لەبەرامبەریدا وەزیفەی موزەیەف و خۆشگوزەرانیی و ئیفاد و پۆشاکی مارکە بپۆشن!

چ سەرگەردانییەکیان بەرهەمهێناوە ئەم جۆرە بەشەرانە، بڕوانە لەو گوتارە پڕ لە شەرمەیان کە لە سایەی ئەم (مارەیی)یەی وەریئەگرن چۆن کردوونی بە جڕوجانەوەر؟!
بە جەڵەب سەدانیان ئینتیمایان بۆ تاکە شەخسێکی بێ بڕوانامە هەیە، بۆ وەرگرتنی "سەرۆك بەشیی، بڕیاردەری بەش و کۆلیژ، ڕاگر و جێگری سەرۆك و سەرۆکی زانکۆ و ئیفاد و ئیمتیازاتی ئۆتۆمبێل ...تاد" ئامادەی هەموو جۆرە کاسەلێسییەکن!

کاکە پێش ئەم جیلە پیسخۆرە کورد کەی ئێجگار ئەوەندەش وێران بووین، هێشتا کۆمەڵێك بەها و سنوور مابوو لەنێوانماندا، ئەم باندە ئەوەندە سووك بوون هەموو شتێکیان کرد بۆ سەرکەوتن بە پەیژەیی ڕیسوایی ناونیشانەکانی خۆیاندا، لەبەرامبەردا ئامادەیی بەخشینی دکتۆرا و عینوانی فەخریی بوون بە کام بەرپرسەی گەندەڵ و پاشەڵپیس بوون!

ئەوانەی لای پارتی و یەکێتی بوون، هەموو شتێکیان بەدڵی خۆیان دووری و کابینە یەك لەدوای یەکەکانیان ڕووتاندەوە لەپێناو پۆست و پلەکانی خۆیاندا، ئەوانەشی کە خۆیان بە حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیدا هەڵواسی بوو، لەوان کەیلترن، چاوچنۆك و ماستاوچی و موتەمەلیقی بەردەم بەرپرس و مناڵەکانیان و بازرگانە سیاسییەکانن!

یەکێك لەو بەناو مامۆستایانە، لەم کابینەی هەشتەمەدا کە خەریکە ئەبێت بە رابردوو، یەك هۆقە لاپەڕەی ئەی فۆڕی نووسیبوو، هێنابووی بۆ "بزووتنەوەی گۆڕان" بەحسابی خۆی ئەیووت(پڕۆژە)م پێیە!
ئێ وەرە کاتی زێڕینی خۆت بگرە و گوێی لێبگرە، ئەیووت: بزووتنەوەی گۆڕان بۆچی لەگەڵ یەکێتیدا ئەوەندە جەڕوبەحس لەسەر قائیمقام و بەڕێوەری ناحیە و پۆستە جێبەجێکردنەکان ئەکات، بۆچی نایەت شەڕ لەسەر پۆستی ڕاگر و سەرۆك بەش و کۆی پۆستەکانی زانکۆ بکات؟!!

ئەی هاوار، ئەگەر ئەمە دیدی بەناو (ڕیفۆڕمخواز)ەکانیان بێت، ئەبێت خەڵکیتر چۆن بێت؟! هێزێك دامەزرێنەرەکەی شێلگیرانە هەوڵی فەرهادیی دابێت بۆ دوورخستنەوەی دەستی حیزب لە زانکۆ، کەچی ئێستا تۆپی(چاکسازیی و گۆڕانکاریی) لەقاچی ئەم فیگەرانەدا بێت!!

ئەمەم بۆ برادەرێك باس ئەکرد، بزەیەك گرتی و وتی: بیلموناسەبە یەکێك لەو (مامۆستای زانکۆ)یانە (پڕۆژە)یەکی هێناوە ئەڵێت: با گۆڕان لە ئێستاوە وریا بێت، نەیکات بەخولی پێشوو، بنووسێت بە وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە و ئەو جۆرە وەزارەتانەوە، با داوای وەزارەتی "خوێندنی باڵا" بکات، کۆمەڵێك بەڕێوەبەرایەتی (گرنگ)ی تێدایە!!

نوکتەیەك هەیە گوایە ماڵێك لە گوند بزنێکی لاسار و شاخشکاویان بەلەسە ئەبێت، یەکێك لە کوڕەکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەدات،کەچی خۆی لە یەکەم هەنگاویدا پێی ئەکەوێتە ناو چێشتەکەوە، بەخێرایی لاقەکەیتری ئەهاوێت، بەر چراکە ئەکەوێت و دنیا بەتەواوی تاریك دادێت، بەدوای یەکدا کۆمەڵێك هەڵەی خراپتر ئەکات.
بۆیە باوکەکە هاوار ئەکات: فڵان بگرن، بزنەکە کێشە نیە!

ئەم گروپە مشەخۆر و دەستوپێ سپی و ماستاوچییانە ڕاگرن، باری شانی ئەم کۆمەڵگایە زۆر لە ئێستا سوكتر ئەبێت!

مامۆستا چاكەخوازە راستەقینەکانیان (کە لایەقن بە ناوی بەرزی زانکۆ) لێمتێئەگەن و دڵنیام چەندەش نیگەرانن لەو دۆخە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand