Draw Media

ژنەكەی چەمچەماڵ و ویژدانی سەرۆك

ژنەكەی چەمچەماڵ و ویژدانی سەرۆك

2018-12-24 09:04:51


■ لەنجە عەبدوڵڵا    

لە وڵاتانی دەرەوە كاتێك رووداوێكی تراژیدی كوشتنی ژنێك یان منداڵێك بڵاودەبێتەوە سەرتاپای مانشێتی رۆژنامە و سایتەكان داگیردەكات و رای گشتی دێتەدەنگ و دەبێتە بابەتی كاركردنی ساڵێكی حكومەت و رێكخراوەكان بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتێكی هاوشێوە و رەنگە زۆر جار ببێتە ھۆكاری دەركردنی یاسایەك، یان گۆڕینی بەرپرس و دەستلەكاركێشانەوەی هەندێكی تر.

ھەفتەی رابردوو ژنێك لە چەمچەماڵ لەگەڵ سێ منداڵ بە زیندوویی سوتێندران و دواتر ھەرسێ منداڵەكە گیانیان لەدەستدا، بكوژیش وەك زۆربەی حاڵەتەكانیتر باوكیان بوو ئەم بابەتە لەبەر جیاوازی جۆری كوشتنەكە و زۆری ژمارەی قوربانییەكان بوو بە جێگای بایەخی میدیای لایەنگری حیزب و دەوڵەتمەدارانی وڵات، میدیا بەشێوەیەكی عاتفیانە كەوتە وروژاندنی بابەتەكە وەك ئەوەی ئەمەیان یەكەم كەیسی ساڵ بووبێت، وەك ئەوەی ھەرگیز ئەم جەننەتەی ئێمە ژنی كوژراوی نەبووبێت لە كاتێكدا پارچەیەك نەماوە لە خاكی ئەم نیشتیمانە جەستەیەكی سووتاو یان كوژراوی لەخۆ نەگرتبێت، ئەوەی زۆر سەرنجڕاكێش بوو كاردانەوەی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ ئەم كەیسە و وەك خۆی دەڵێت «ناخی ھەژاند» لە كاتێكدا ئەم كۆمەڵگایە سەرمەشقی كوشتنی ژن و توندوتیژییە تا ئەو رادەیەی كەیسەكان ژمارەی ئاساییان بەزاندووە كەچی حكومەت تەنیا بەم رووداوە ناخی ھەژاو ویژدانی كەوتە كار تەنانەت وەڵامی سەرۆكی حكومەت بۆ رووداوەكە بوو بە بابەتی ستایش و دەسخۆشی و كەناڵێك لە ئێوارەوە بە باڵای حكومەتدا ھەڵدەدات وەك ئەوەی شیری چۆلەكەیان بۆ ژنەی جەرگ سووتاو ھێنابێت و ببێتە شیفای.

ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە حكومەت لە كۆتایی وادەی كابینە ویژدانی جوڵا لەكاتێكدا دەیان ساڵە بەناوی باشكردنی رەوشی ژن دەیان ستراتیژیان راگەیاند و ھەمووی تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزەكان بوو و ھەنگاوێك ژیانی ژنی بەرەو پێش نەبرد، یاساتان دەركرد و ژن كوژەكانتان سمێڵ بادەدەن و بە سوڵحی عەشایەری دەرباز دەبن، دادگاكان پڕن لە كەیسی كەڵەكەبووی ئەو ژنانە سكاڵایان ھەیە كەچی بەھۆی نەبوونی پارە بۆ گرتنی پارێزەرێك ناچار دەبن واز لە داواكانیان بھێنن، شەڵتەرەكانتان جمەی دێت لە كەیسی جۆراوجۆر ھاوكات زیندانێكی ئەبەدیە بۆ ئەو ژنانەی سنووری عورفەكانی كۆمەڵگا دەبەزێنن كە من دەمێكە وتوومە شەڵتەر تەنیا مردنی ژنەكان دوادەخات.

چەندین ساڵە كەیسی ژن موجامەلەی سیاسی پێوەدەكرێت تەنانەت، بووەتە قوربانی لە ھەر قۆناغێكی دەستاودەسكردنی كابینەكانی حكومەت و بایكۆتكردنی دامەزراوەیەكی ژنان لە كابینەكەیتر بۆ نیشاندانی لاوازی ئەم دەستكەوتەی پێشوو لەسەر حسابی خوێنی ژن. چەندین ساڵە نیوەی زیاتری ژنانی ئەم كۆمەڵگایە لە ژێر ھەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیدان تا دەگاتە كوشتن و سووتاندن و برینی جەستەیان، ئاسایشی ژن لە ژێر مەترسی گەورەدایە.

تكایە چیتر موزایەدەی سیاسی بەم پرسەوە مەكەن، ئێوە ھیچ رێز و شكۆیەكتان بۆ خودی پرسەكە و داكۆكیكارانی ئەو پرسە نەھێشتەوە،  هەندێك لە راوێژكارەكانتان سوكایەتی نەما بە چالاكوانانی نەكەن، ئەوەی دالێك لە پێش ناوەكەی هەبوو، كردتان بە كاوێژكاری مووچەخۆری بێ‌ كار لەسەر حسابی ژنی داماوی ئەم نیشتیمانە، دواتر كەسانی وەك ئێمە باجی گەندەڵی و شكستەكانماندا، میدیا نەما ئەم پرسە سووك نەكات ئەوەی لەدەستتان ھات درێغیتان نەكرد، بۆیە ئەگەر ویژدانتان بەم كەیسە ھەژا ئەو سەدان  كەیسی ناخ ھەژێنم لایە كەھی ئەوەن، بەرپرسیارێتی بخەنە سەرشانی خۆتان و هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی ئەم جارە ناختان هەژا، دانا بەشكستی خۆتاندا بنێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand