ئابووری سلێمانی و مەترسی هەرەسهێنان
2018-12-23 19:00:12
■ هونەر تۆفیق
جگە لەهۆکاری قەیرانی دارایی چوارساڵی ڕابردوو ٫ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئابووری سلێمانی بە شێوەیەکی مەترسیدار توشی چەقبەستن و رکودبووە ۰ بازاری ئاڵوگۆری دراو و حەواڵەکردن لە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ مانگانە کەمتر لە ملیۆنێک دۆلار ٫ ئەمەش بۆتە هۆکاری راوەستانی بازاڕ و ئیفلیج بوون ۰ راوەستانی بازار دەکاتە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و نەمانی توانای کڕین ۰ مەترسی هەرەسهێنانی ئابووری لێدەکەوێتەوە ۰
نمونەی هەرەسی ئابووری شار لە مێژووی کوردستاندا لەو شارانەوە دەبینرێت کە بەهۆی راوەستانی بازارەوە بەتەواوی شار لەبەین دەبات و ژیان تیادا پەکدەکەوێت وەکو شارەکانی کفری ٫ هەڵەبجە ٫ چوارتا ۰۰ هتد کە بازار تیایدا گەشەوەشونما ناکات و شاریش لەهەموو کایە ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانەوە دەکوژێتەوە۰
سلێمانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوژانەوەیەکی ئابووری بەرچاوی بەخۆوە دیوە کە لەهەندێک کایەدا بۆتە پێشەنگی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ۰ بەڵام بەهۆی سزا سیاسی و ئابووریەکانی چوارساڵی رابردووەوە بەرێژەی لەسەدا ٦۰ ئەو ئابووریە سەرەتاییە پاشەکشەی کردووە ۰ لەچەند مانگی رابردوەوە بە یەکجاری توشی رکودبووە ۰
بەپێ ی ئەو دەنگۆیانەی لە وەبەرهێن و خاوەن سەرمایەکانی بازارەوە دزەیان کردووە ئەوان پارەکانیان لە بازاردا کشاندۆتەوە یان بەخۆشیان لەشاردا چونەتە دەرەوە بەهۆی ئەو فشارە حکومی و ناحکومیانەی باج و خەراجی خراوەتە سەریان ۰ بەمەش پەکی بازاریان خستووە ۰
ئەگەر ئەم دۆخەی سلێمانی ئاوا بەردەوام بێت مەتسی هەرەسی ئابووری شاری لێدەکرێت ٫ هیمەتێکی نیشتمانی و سیاسی بۆ نەکرێت سلێمانی دەبێتە شارێکی مردوو و کۆتایی پێدێت ۰