نامەیەک لە سیاتڵەوە بۆ سەرکردەکانی کوردی باشور
2018-12-23 09:13:44
■ بەختیار شارەزوری
ئەمتوانی بە زمانێکی سیاسی و گشتگیری ئابوری ئەم نامەیەتان بۆ بنوسم ، بەڵام زمانی ئەدەب زمانی خۆشەویستی نیشتمانە و لەسەرو بەرژەوەندیەکانەوەیە ، دەبێت هەموتان ئەو نامەیە بخوێننەوە کە سیاتڵ سەرکردەی هندیە سورەکان بۆ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا ناردی ، هەر لەو دیدەوە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم :
هەر کات تێگەشتن کە نیشتمان لەسەروی گیرفان و بەرژەوەندیەوەیە ، هەر کات تێگەشتن کە نیشمان وەک ڕۆح وایە ناتوانیت دەستبەرداری بیت ، لەهەر کوێ بیت ، لەهەر کۆشکێکا بیت ، چۆن بتەوێ بڵی ی نیشتمان دەفرۆشم ، هێشتا نیشتمان لە ناو ڕۆحتایە ، ڕۆژێ دێت دڵت وێران دەکات ، ئێوە بیرناکەنەوە کە بڕینی چنارێک چی پرسەیەکی گەورە بۆ باڵندەکان دادەنێت ، ئێوە بیر ناکەنەوە ، جێ هێشتنی کانیەک چۆن باران توڕە دەکات ، بیر ناکەنەوە دار بەڕوویەک برامانە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لەشایی نیشتماندا چۆپیەکەی گرتوە ، بیرناکەنەوە مناڵێکی ئەم نیشتمانە چۆن پڕە لە جوانی تەمی ئێوارن ، لە گوڵاڵە سورەی بەهاران ، پڕە لە بۆنی نێرگزی دەستی ئەو فرۆشیارانەی لەسەر ڕێگاکاندا چەپکێکی پێ دەفرۆشتین ، بۆ نیشتمان وێران بکەین ئەم بەشەرانەی کە وەک بەردێکی لاپاڵی شاخێکمانە بڕۆن هەناسەی غەریبی هەڵمژن و دواتر تەنها لاشەیەکی مردوو بێتەوە ناو نیشتمان ، بۆ بیرناکەنەوە ، ئێمە دەبێت ببین بە بونەوەر ، بونەوەرێک خاک و نیشتمان سیاتڵیانە دەبێت بگاتە ئاستی دایک ، بیر ناکەنەوە کە مناڵێک لە ماڵە هەژارێکا دەگری ، دار گوێز موچرکە بە لەشیدا دێت ، بەڵاڵوک شمشاڵەکەی حەزین دەژەنێ ، ئێوە بیر بکەنەوە کە تەنها خۆتان و خانەوادەکانتان لێرە نین ، وەک ئێوە هەر بەشەرێکی ئەم نیشمانە تاوەرە بەردێک برایەتی ، کانیەکی قەت پاڵی قەندیل خوشکێتی ، ئێوەش برای ئەون ، بیر بکەنەوە چۆن دەتوانن شەوە سورەکانتان بڕازێننەوە ، کە دەزانن لەبەر نوکی خەنجەری ئێوە نیشتمان خوێنی لێ دەتکێ ، وەرن بڕۆنە پەنای کانی یەک ، قسە لەگەڵ ڕەنگاڵەیەکدا بکەن ، بچنە سەر شاخێک و ڕابمێنن لە پەلکە زێڕینەی ئەم نیشتمانە ، سەیر بکەن بزانن پۆلە ڕیشۆڵەکان چی دەڵێن ، وەرن لە کۆشکەکانتان وەرنە دەرێ ، بچن کەپرێکی سادە و ماڵیل لە قوڕ دروست بکەن ، با بنەوە بە بونەوەر ، ببنەوە بە بەشێک لە نیشتمان ، وەرن بچن خۆتان بە قوڕی سور بشۆن تا گڵاوی جیاکاری ئێوە و مناڵە هەژارێک ، ئێوە و دار هەڵوژەیەکی عەیار ، ئێوە و چڵە گەنمێک ، ئێوە و دار گێلاسێک ، با ئەم گڵاوێەتان لێ دەرچێت ، چاوتان بشۆن تا ببینن ، ئێوە چەند ناشیرینن لەسەر خاکی نیشتمان ، چی پەڵەیەکن بە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەی نیشتمانەوە ، ئێوە کە قەڵەمێک دەکوژن هەزاران بولبولی و کەنار چەم حاشاتان لێ دەکات و ئیتر گۆرانی ناڵێن ، ئێوە کە خیانەت بە خیانەت حەل دەکەن لە پێناو ئەو بەرژەوەندیەی لە سەروی نیشتمانەوەیە ، چی تر ڕوبار دەوەستێ ، هەڵۆ مات و مەلول دەبێت ، دایک بێز شیری خۆی دەکاتەوە کە ئێوەی گەورە کرد بۆ خیانەتی زیاتر ، بیر بکەنەوە چی لەوە خۆشترە گوندەکانمان جوانتر بێت لە شارەکانمان ، سفرەی ماڵەکان لە سفرەی ئێوە ڕازاوەتر بێت ، وەرەنەوە بچن لە گوندێکی دوری بێ نازدا دەوار هەڵدەن و ببن بە شوان و بەردو کانی و ڕوبار و مێگەل و باخچە و گوڵاڵە بکەنەوە بە هاوڕێتان ، ئەو کات دەبینن نیشتمان نە هی فرۆشتنە نە هی گیرفانیشە ، ئێمە هیچمان ناوێت بەس تکا دەکەم نیشتمان مەشێونن ، ئەو کات وەک سیاتڵ دەڵێ درەخت و مەلەکان وەک برای خۆتان سەیر بکەن تا نیشتمان جوانتر بێت و پێکەوە بڵێین ( خوایە وەتەن ئاوا کەی .... چەند دڵگیر و شیرینە )
ئەمەش لینکی نامەکەی سیاتڵ بۆ سەرکردەکی ولایەتەکانی ئەمریکا ، کە جوانترین نامەی مێژوییە .
https://www.youtube.com/watch?v=qDVvERQBq00&t=27s