Draw Media

ئەمریكا چۆن دەست لەباكوری سوریا ھەڵدەگرێت؟

ئەمریكا چۆن دەست لەباكوری سوریا ھەڵدەگرێت؟

2018-12-22 18:01:55



■  كارۆخ عوسمان
ئەگەر  بڕیاربێت ئەمریكا دەستبەرداری باكوری سوریا بێت، ئەوا دیارە ئەسپەكەی بەرامبەر ڕوسیا بەزیوە،  ھەموو داواكانی توركیاش لەو ناوچەیە دێنەدی.
 تەنھا كورد نیە بە ئەگەری كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا ناڕازی بێت بەڵكو دەوڵەتەكەی ئەسەدیش قایل بەڕادەستكردنی باكوری سوریا بەتوركیا نابێت، گریمان ئەمریكا ئەوەی كرد بەڵام خۆ تاكە عەمیل و ھاوپەیمانی ڕوسیا لەناوچەكەدا سوریایە، چۆن ڕازی دەبن بەتەسلیم كردنی سنوری ٦٠٠كم سوریا بەتوركیا.
ھەتا ئێستاش ڕوسیا متمانەی بەتوركیا نیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی، بۆیە ڕازی بە بچوك بوونەوەی سوریا نابێت، وەكچۆن لە ٢٠١١ تائێستا لێ نەگەڕاوە ڕژێمەكەی ئەسەد بكەوێت.
عنوانی نوسینەكەم تەعبیرە لەگەمەیەكیتری ئەمریكا بە توركیا، چونكە؛
١-توركیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ھەڕەشەی لە خواست و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا كردووە لەناوچەكەدا.
٢-ھەڕەشەی واڵاكردنی سنورەكانی بووە بەڕووی پەنابەراندا بۆ ئەوڕوپا.
٣-ھەڕەشەی گرتنەوەی ئاوەكانی فوڕات و دیجلە بووە لەسەر عێڕاق كە گەورەترین كۆڵۆنی ئەمریكاو ھاوپەیمانەكانیەتی.
٤-ھەڕەشە بۆسەر سیادەی سعودیەو وەلیعەھدەكەی كە گەورەترین ھاوپەیمانی ئەمریكایە لەناوچەكەدا.

ئینجا جگە لەوەش ئێران بەشێكە لەمعادەلەكە، ھەروا ئاسان دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات تێناپەڕێت، حەتمەن لەبەرامبەردا توركیا دەبێ شتێك ببەخشێت بەئێران، ئەگەر ئەمریكاش لەو ناوەدا نەمێنێت.
ھەبوونی سوڵتەی سەربازی توركیا لەباكوری سوریا كارەكانی ئێران بۆ گەیشتن بەدۆستانی لەلوبنان و سوریاو فڵستین قوڕس دەكات، كەواتە ئێران بەخششی دەوێت و توركیا بەدەلی ئەوەی نیە بیدات بەئێران.
ئەمریكا بناغەكەی لەسەر بەرژەوەندی ئەمریكایی دامەزراوە، نەك دەزگایەكی خێرخوازی بێت، كەواتە ئامادە نیە ئەو ناوچانەی كە بەشەڕو خەرجیەكی زۆری جەنگی بەدەستی ھێناون بیداتە دەستی توركیا بەبێ بەرامبەر.
پرسیار ئەوەیە؛ چ شتێك لەڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات و باكوری سوریا بۆ ئەمریكا گرنگترە تا لەگەڵ توركیا سەودای پێبكات؟
بێگومان توركیا لەوە بەنرختری نیە تا بیداتە ئەمریكا لەبەرامبەر وەرگرتنی ٦٠٠كم سنوری سوریا لەگەڵ وڵاتەكەی.
سەبارەت بەكورد؛
ھێزەكانی كورد لەسوریا كە لەژێر ناوی سوپای سوریای دیموكڕات گرێدراون، جگە لەكورد پێكھاتە نەوەیی و ئایینی و ئایدیاكانیتریشی لەخۆ گرتووە، تاكە ھێزە كەھاوشانی ئەمریكا دژی تیرۆریستان شەڕ دەكەن.
تەنھا توركیاش دوژمنی ئەوان نین بەڵكو حكومەتی مەركەزی سوریاو سوپای سوریای ئازادو ھێزە ئیسلامیە توندڕەوەكان و داعشیش دوژمنیانن.
لێرەدا ئەمریكا ئەو ھێزەی كە لەماوەی ڕابردوودا پڕ چەكی كردن ئامادە نیە جێیان بھێڵێت و بەرامبەر دوژمنەكانیان بكەون.

ئەمریكا ھەمان یاری لەعێڕاقیش كرد، عەفرین چۆن ڕادەستكرا لەكەركوكیش ھەمان شتی كرد.
حەقیقەت ئەوەیە كە ئەگەر ئیمداداتی ئەمریكا نەبێت ھێزە كوردیەكان لەعێڕاق و سوریا توانای تێكشكاندنی ھێرشەكانی دەوڵەتانی وەك توركیاو عێڕاق و سوریایان نیە لەئاستی سەنگەرگرتنەوە، بەڵكو شەڕی زیانگەیاندن بەو دەوڵەتانە لەڕێگەی پارتیزانی بووە (بگرەو بكوژەو بكشێوە).
مونبەج كە بووەتە جێی تەماحی توركیا ڕەنگە بكەوێتە دەست توركیا بەڵام تەواوی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات لەئێستادا ناخرێتە سەر مێزی مامەڵەو سەودا.
ئەمریكا دەڵێت؛ بۆیە ھێزەكانمان دەكێشینەوە چونكە ئەركەكەمان كۆتایی ھات كە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشە، بەڵام موددەیەكی زەمەنی دووری بۆ ئەم كشانەوەیە دیاریكردووە، كە ١٠٠ ڕۆژە، بێشك لەماوەی ئەو ١٠٠ ڕۆژەدا معادەلەكان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت كە مەھانە بدەنە مانەوەی زیاتری ئەمریكا.
ھەرچەندە لەبنەڕەتدا تیرۆریستان ھێشتا لەبرەودان و تێكنەشكاون.
لەوكاتەی كەمززەی كشانەوە ھاتەگۆڕێ جوڵەكانی ڕێكخراوەی داعش ڕووی لەزیادی كرد، ئەمەش وەك ئەو تەقینەوە تیرۆریستیانەیە كاتێ ئەمریكا ڕایگەیاند لەعێڕاق و ئەفغانستان دەكشێینەوە ڕوویان لەزیادبوون كرد، ئەوكات ئەمریكا خۆی ناچاركرد بمێنێتەوە.

ئەمریكا لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ھەزار فێڵیتر دەكات بۆ مانەوە لەباكوری سوریا، چونكە لێی ڕوونە ئەگەر بەتەواوی بكشێتەوە ھاوپەیمانە كوردەكانی لەدەست دەدات، ئەوكات كوردەكان ھاوپەیمانی لەگەڵ حكومەتی مەركەزی سوریاو ڕوسیاو ئێران گرێدەدەن، ئەوانیش كە دوژمنی ئەمریكان.
توركیا ئەو شەڕە بەھاوكاری چەتە تیرۆریستیەكان و سوپای سوریای ئازاد ÖSO ئەكات، چونكە ئەگەر ئەوان نەبن ئارتەشی تورك ناتوانێ لەزەمینیدا سەركەوتوو بێت، بۆیە لەئەوەلدا وازەروورە ھێزەكانی قەسەدە بەچڕی ئیش بۆ بڕینی دەستی ھێزە عەمیلەكان بكەن.

كوردانی سوریا لەئەگەری كشانەوەی ئەمریكا ناكرێت بەرگریكاربن، وەك ئەوەی لەعەفرین ڕوویدا.
یاسای شەڕی نابەرابەر وایە كەپارتیزانی بچێتە قوڵایی دەستەڵاتی دوژمن، توركیاش دەوڵەتێكە ئەمساڵ بەپێی ڕیزبەندی جیھاتی نۆیەمینی سەرئاستی وڵاتانە لەڕووی عەسكەریەوە، بۆیە بەبەرگریكردن بەرپەرچی نادرێتەوە.
كەواتە دەبێ ھێزی ڕكابەری توركیا شەڕ بباتە ناو جەرگەی توركیا.
دەتوانرێت توركیا بھێنرێتە ژێر باری پاڕانەوە، بۆنمونە؛
زەرەرگەیاندن بەو بەنداوانەی كە توركیا لەسەر ڕووباری دیجلە دروستی كردوون، چونكە شەرعیەتی بەدەستە ئەوكات، مادام كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بێھەڵوێست بێت لەھەمبەر ئەو ھێرش و سنوربەزاندنەی توركیا و ھەڕەشەی قەتڵ و عامی كوردان كە بەدەرن لەیاساكانی جەنگی كوردانیش لەناو خاكی توركیا شەرعیەتی ھەموو جۆرە چالاكیەكیان ھەیە.
بەتەقاندنەوەی ئەو بەنداوانە دەوڵەتی توركیا بەتەواوی دەكەوێتە سەر ئەژنۆ، چونكە لەبڕبڕەی پشتی ئیقتسادی توركیا دەدرێت.
ھەموو ئەمانە بەلایەكداو بێ متمانەیی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر بڕیارەكانی ئەمریكا بەلایەكیتر، لە ٢٠١٤ تا ڕۆژی ئەمڕۆ سەرای چانكایا بڕوای بەكۆشكی سپی نەبووە، بەڵام لەئاستی نھێنیدا دەرین دەوڵەتی تورك ھاوبەندی بەھێزی ھەبووە لەگەڵ CİA، فرۆشتنی كەرەستەی جەنگی پێشكەوتوو بەھێزی بەرگری نیشتمانی توركیا دەلالەتی ئەو پەیوەندیەن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand