ترەمپ و کورد
2018-12-22 14:28:26
سەردار عەزیز
تویتەکەی ترەمپ جارێكی تر کوردی هەژاندەوە. بەڵام تراژیدیای گەورە ئەوەیە کە کورد ناهەژێت. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە بەرچاو بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاشخانێک بۆ ئەم پەشۆکانە.
یەکەم، ئەمە یەکەم جارنیە کە ترەمپ دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە. پێشتر لە مانگی سێ ئاماژەی بە کشانەوە لە سوریادا. ترەمپ ئەو کاتە ووتی بەم زوانە.
دووەم، هەر لە سەردەمی ئۆباماوە ئەمریکا کێشەی هەبوە کە چۆن لە گەڵ سوریادا مامەڵە بکات. بە بیرهێنانەوەی پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و هێڵی سور، دەرخەری ڕاڕایی ئەمریکایە بەرامبەر سوریا.
سێیەم، بەڵام کشانەوەی لەمجۆرە، یان پێدانی رۆژئاڤا بە ئەردۆگان خواستی ترەمپە تەنانەت خواستی ئیدارەکەشی نیە، نەک خواستی ئەمریکا. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو ئەفسانەیە لە گۆڕنێت کە لە لە دونیایی کوردیدا باوە و ساویلکانە دووبارە و دووبارە دەکرێتەوە، ئەویش ئەمریکا وڵاتێکی دەزگاییە.
سەرباری ئەمە ئەمریکا هەرگیز نەیوت هەمیشە لە سوریا دەمێنێتەوە. جەیمس جێفری هەنگاوەکانی باش نەبوون، پەیەدەی وەک حیزب اللە لە قەڵەمدا.
چوارهەم، پێشتر ترەمپ پاشەکشەی پێکرا، ئێستاش هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن. بەڵام ترەمپ بە ئاشکرا پاشەکشە لە بڕیارەکە ناکات، بەڵکو بە دروستکردنی دۆخێک کە نەبونی هیچ کاتێکی دیاریکراو، دروستکردنی ئاڵۆزی لە دەوەری پرۆسەکە. ترەمپ لە پرسی دیوارەکە هەفتەی پێشوو ووتی من شانازی دەکەم کە حکومەت پەک خەم، ئێستا دەڵێت دیموکراتەکان حکومەت پەک دەخەن. درۆکردن کرۆکی سیاسیە شەعبەوییەکانە.
بۆ ترەمپ ئەم کارەی کرد:
یەکەم، ترەمپ هەمیشە لە گەڵ ئەوەدا نەبوو کە سوپای ئەمریکی لە سوریا بێت.
دووەم، بۆ دروستکردنی دۆخێک کە فشارەکانی تر لاببات، وەک پێنەدانی پارە بۆ دروستکردنی دیوارەکەی، مۆلەر، روسیا.
سێیەم، ئەمریکا چیدی گرنگی نادات بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆبامابوو ووتی کە ئەمریکا نەتەوەیەکی پاسفیکە.
سێیەم، وەرچەرخان بەرەو تورکیا، لە میانەی فشارەکان لە سەر سعودیە
چوارهەم، بۆ فرۆشتنی هەندێک چەک.
ئایا جێبەجێ دەکرێت:
خوێندنەوەی نامەکەی جیم ماتیس ئاماژە بە ئەوە ئەدات کە ناڕەزایی دەربارەی ئەم پرسە لە باڵاترین ئاستدا لە ئارادەیە. نەدانی هیچ لێدوانێک لە پەنتاگۆن و ناوەندەکانی ترەوە ئەنجامدانی کارەکە دەخاتە گومانەوە. ئاماژە بەئەوە ئەدات کە ترەمپ دەڵێت بەڵام مەرج نیە جێبەجێ بکرێت. لە کاتی قسەکردنی ترەمپ و ئەردۆگاندا، جۆن بۆلتن لە سەر خەت بوو، ترەمپ پێی ووت ئەنجامی دە، بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە پۆمپییو و ماتییەس.
هەنگاوەکە پشێویی دروستکردوە، پشێویی ئەو دۆخەیە کە ترەمپ حەزیی لێیەتی. ترەمپ لە ماوەی پێشوودا سیاسەتی بەمجۆرە بوە. کاتێک هەر پرسێکی جوڵاندبێت، هەرایەکی لە سەر دروستکردوە، دونیای بە تویت هەژاندوە، بەڵام بە گشتی زۆر کەم لە سەر ئەرزی واقیع گۆڕاوە، هەر لە پرسی گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس هەتا ئابلۆقەی ئێران.
بۆیە گومان هەیە جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەک جێفری ئاماژەی پێدا ئەمریکا دەیەوێت سوریا دەستوری هەبێت، پەیەدە پارتێکی سیاسی سوری بێت، هەتا لە ڕێگایەوە فشار بکەن. ئەمە مۆدێلی عێراقە، بەڵام سوریا عێراق نیە.
چی بکرێت باشە؟
پلانی ئەمریکا بۆ سوریا بە مۆدێلی عێراق، بۆ سوریا سەرناگرێت. کورد دەبێت بیر لە رێگای تر بکاتەوە. ئەمریکا هەمیشە ئاماژەی بە ئەوەداوە کە پەیوەندییەکی کاتی و تەکتیکییە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە کورد شاندێکی هەبێت و باس لە پرۆسەی ئاشتی بکات، لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئێستا ئەمریکاییەکان لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتیین لە یەمەن، هەروەها لە گەڵ تالیباندا. ئەم قەیرانەی ئێستا دەبێت بۆ فشاری ئاشتی بەکاربێت. بەڵام ئەگەر شاندێکی کوردی بەرفراوان هەبێت لە باکور و باشور و رۆژئاڤا، کاریگەری زۆرتر دەبێت. جیاوازییەکانی نیوان کوردانی پارچەکان جیاوازی درۆیینەو شەخسیین، نیشانەی بچکۆلەیی سیاسیی کوردن نەک جیاوازی تر، هیچ نەبێت با ئەم قەیرانە بتوانێت تێیپەڕێنێت.
ئەوروپا لە دۆخێکی خراپدایە، ناتوانێت خۆی بپارێزێت و هەتابێت باوەرێ بە ئەمریکا نامێنێت بۆیە دەکرێت بە ئاسانی بکرێتە هێزێکی پشتیوان. ئێمە گەر داوای پرۆسەی ئاشت بکەین پێشوازی زیاتر دەبێت لە پاراستن و جەنگکردن.
ئەم قەیرانە سەختە بەڵام بۆ یەکەمجارە کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئەوانی تریش. بۆیە دەکرێت دەرفەتێکیش بێت ئەگەر عەقڵێکی باڵا هەبێت.
هاتنی تورک کارێکی ترسناک دەبێت چونکە تورک لە تەل عوبەیدەوە دێنە ناوەوە، هەتا زیاتر بکشێن عەرەبێکی زۆر دەهێنێت کە ئاوارەن لە تورکیا بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە وەک لە عەفرین ئەنجامی ئەدات.