Draw Media

کامە تەحلیل بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا!

کامە تەحلیل بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا!

2018-12-22 12:00:42


■  ئارام ئەحمەد    

لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەداو لەو کاتەوە هاتوونەتە خلیج، دەیان بابەتم نوسیوە، لێدانەوەی قەوانیش بێسوودە، ئێستایش کە ترامپ بریاری داوە هێزەکانی لە ڕۆژئاوا بکێشێتەوەو هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەوەی دەستی قەڵەم دەگرێت شەن و کەوی ئەم بابەتە دەکات، وەک ئەوەی بە درێژایی مێژوو ئەمریکا ئێمەی پاراستبێت وئەگەر ئەوان نەبن گورگ ئەمان خوات، هەرجۆرێک ئەم بیرەبکەینەوە مانای هیچی خۆمان دەگەیەنێت، گەلێک ئیرادەی هەبێت، دەبێت خۆی خاوەنی خۆی بێت و خۆی خۆی بپارێزێت، ئەمریکا باوکی بەرژەوندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیەتی، هەرگەلێکی بن دەست بەتەمای ئەمریکا بێت ڕزگاری بکات و بیپارێزێت دەبەنگە.

ئەمانە هەر ئەوهێزانەن ئاپۆیان بردە نایرۆبی ولەوێوە فرۆشتیان بە تورک، هەرئەو هێزانەن، چل سالە دەیانەوێ پەکەکە تەسفیە بکەن و نەیان توانی، چونکە چەک وشاخی بەدەستەوە بوو، ئەوەی کە هەموو دۆست و نۆکەرەکانی تورک داوا دەکەن با پەکەکە چەک دابنێت، تەنها بۆ لەناوبردنیانە، ئاخر ئەگەر نیەتێک هەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد، چەک دانانی بۆچیە؟،وەرە کێشەی کورد چارە بکە، پەکەکەو کورد چەکی ناوێت.

ئادەی ئێوەبڵێن، لە ئەفغانستانەوە تا لیبیاوعێراق وسوریا کام سەرزەمین ئەمریکای تێ چووەو نەبۆتە کەلاوەو وێرانە؟ بە درێژایی مێژووی خۆی پێی خستبێتە هەر جێگایەک، ئاسەواری مەدەنیەتی و خۆشی نەهێشتۆتەوەو کاتێک ڕۆیشتوە، مشتێ خۆڵی بەجێهێشتوە.

ئەمریکا بکشێتەوە یان نا، دەست لە بەرژەوەندیەکانی هەڵناگرێت لە سوریاو ڕۆژئاواو ناوچەکە، بە جۆرێک لە جۆرەکان حزوری هەر دەمێنیت، وە بۆشەڕی داعشیش نەهاتوە، ساڵی نەوەدەکانیش کە هیزەکانی هێنایە خلیج وتی بۆیە هاتووین، سەدام کویتی داگیرکردوەو چەکی کیمیاوی هەیەو دیکتاتۆرە، خۆیشیان داوایان لەسەدام کردبوو کوێت داگیر بکات، چونکە هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ ئێران ئابوری سفرکردۆتەوەو قەرزاری کردوە، هەر خۆیشیان مشتێ چەکی کیمیاویان دابویە ودوایش هیچی نەبوو، بەڵام سەدام و دیکتاتۆریەکەی تەنها بیانویەک بوو، ئاخر پێشتر سەدام هەلەبجەی کیمیاباران کردبوو، ئەنفالی کردبوو 5000 گوندی بە سوتماک کردبوو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوچی ڕۆژنامەیەکیشدا باسیان نەکرد.

داعش بەرهەمی ئەقڵیەتی خۆیانە، من کارم بەوە نیە زبڵ نوسەکانی کورد چی دەڵین، بەلام گومانم لەوە نیە، ئەمریکاو هاوپەیمەنەکانی لە دوای 11 ی سیپتەمبەرەوە، مەیدانی شەڕیان گواستوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێ ژێرخانە ئابوریەکەی تالان دەکەن، بایی دەیان وسەدان ملیارد دۆلار چەک و تەقەمەنی ساخ دەکەنەوەو پارەکەی چەند قات لەو دەوڵەتانە وەردەگرنەوە،هەم بای دەیان ملیارد چەک دەفرۆشن بەو دەولەتانە، وەبە خولقاندنی داعشەکان و ئاگری شەرەکان، ملیۆنەها ئینسان دەکەنە قوربانی و دەیان شار وجێگاکانی تر وێران دەکەن، دوایش کۆمپانیاکانیان بە چاکەت و پانتۆڵەوە دێن و دەلین ئاوەدانی دەکەینەوەو سەدان ملیارد دۆلار لووش دەدەن، بە کورتی بڵێم، ئەوەی کە ڕووی داوە لە ڕوخاندنی سەدامەوە تا قەزافی و یەمەن وئەفغانستان و سوریاو تا ئێران ی ئێستاو ئایندە تەنها یاریەکەو هیچیتر،بۆ دەسکەوتی ئابوری.

ئەمریکا هیچ عەقدێکی لەگەڵ پەیەدە واژۆ نەکردوە، پەیەدە هەڵقولاوی ناخ و میژووی گەلی ئێمەیەو ئەمریکا داینەگیرساندوە تا بە ڕۆیشتنی ئەویش بکوژێتەوە، ئەمریکا قازانجی خۆی لە چیدا بێت ئەوە دەکات، ئەوە ئەرکی گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوا خۆی بپارێزێت وئەرکی گەلەکەی ئیمەیە لەهەرچوار پارچەو لە دەرەوەی وڵاتیش کەلە دەوری پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو کۆببنەوەبۆ سەرکەوتن، ئێوە کە پارچە پارچەن و سێ بەشتان پیاوی تورکیاو ئێران و بەغداو ئەمریکا و کوێ کوین، گلەیی لە کەسیش مەکەن، تۆ کە خۆت نەبیت بەتەمای کەس مەبە ڕاتبگرێت.

ئەوەتا پۆلیسەکەی تورکیا لە باشور" بنەماڵەی بارزانی" خەون بەوە دەبینێت هەرچی زووە ئەمریکا بڕوات، خەون بەوە دەبینێت تورکیا زوو پەلاماری ڕۆژئاوا بدات و خاکی بە تورەکە ببێژێت، تۆ کە ڕەگت خیانەتەو خۆ خۆری، گلەیی لە ئەمریکاو کەس مەکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand