Draw Media

كادرانی یەكێتی بزوێنەر‌و بەرپرس، تاوانباری سەرەكی!!

كادرانی یەكێتی بزوێنەر‌و بەرپرس، تاوانباری سەرەكی!!

2018-12-22 10:13:46



■   ژوان ئەحمەد سەعید    

ئەوەی نكوڵی بكات لەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە قەیراندایە، كلۆجێك دڵسۆزی بۆ حزبەكە‌و ئەمەكی بۆ قوربانیەكانی یەكێتی نیە، چونكە دیارە بە هەر پاساوێك بێت دەیەوێت چاو ببوێرێ لە گشت ئەو ئاستەنگ‌و كۆسپ‌و پیلانانەی ڕوبەروی حزبەكە بۆتەوە.

خۆ ئەگەر ئەو پیلان‌و ئاستەنگانە تەنیا كاریگەری بۆ سەر حزب هەبوایە ئەوا لە ئێستاوە یەكەم كەس حەزم دەكرد فاتیحە بۆ ڕوحی یەكێتی بخوێنم‌و بە لەناوچونی بارگرانیەكی تر لەسەر شانی ئەم میللەتە لادەچوو، بەڵام گرفتەكە لەوە گەورەترە كە ئەویش لەناوچونی لایەكی تری تەرازوی راگرتنی باڵانسی هێز‌و ئازادی‌و دیموكراسی یە، لەناوچونی پایەیەكە بۆ بەرگرتن لەتاكڕەوی بەرامبەر.

یەكێتی توشی چی هاتوە؟
بۆ ئەوەی لە خورتە‌و بۆڵەی چی بوەو كێ وایكردوە، تەنیا باس لەو هەڵوێستانە دەكەین كە یەكێتی توشی بوە‌و لە ئاستیدا تارادەیەك دەستەوەستانە، بۆ ئەوەشی كە هەندێك گەرای پیاوپیاوێنە‌و چاپلوسیش بابەتەكە بە ئاراستەیەكی تردا نەبەن، تەنیا ئەوانە رون دەكەینەوە كە، یەكێتی:

لەگەڵ بەغدا: 
پەیوەندیەكان هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین، پارتی فشار‌و پەیوەندیەكانی تۆكمەترە لە بەرامبەر بەیەكێتی، لە حكومەتی نوێ لە عێراق تەنیا سەركۆماری پێ بڕاوە‌و لە ئاسۆشدا رون نیە بەركەوتەی تری دەبێت یان نا، سەرۆك وەزیر قسەی بارزانی‌و پارتی لا گرنگتر بوو وەك لە هەڤاڵانی ئێمە.
پرۆژەی یەكگرتوی حزبە كوردستانیەكان كە یەكێتی‌و پارتی گەڵاڵەیان كردبوو هەر بە ساوایی نێژرا، كەچی ئێستا هەڤاڵانی پارلەمانتارانی یەكێتی دەڵێن بە یەكگرتوویی‌و یەكڕیزی نەبێ هیچمان لە بەغدا بۆ ناكرێت!!

لە هەرێم:
لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، متمانە نەماوە، پەیوەندیەكانیش هیچ هێز‌و تینێكی تیا نەماوە‌و تەنیا كۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندی لەگەڵیان خراپتر.
لەگەڵ حزبە ئیسلامیەكان هیچ پرۆژە‌و كار‌و نزیكایەتیەك نیە‌و تەنانەت كۆبونەوە بچوكەكانیش نەماون
لەگەڵ گۆڕان گەیشتوینەتە بنبەست‌و ئێستا گۆڕان لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی بەركەوتەی پۆستەكان خەریكە بۆڕی یەكێتی دەدات‌و بە قەولی خۆیان خاڵی هاوبەش لە نێوان پارتی‌و گۆڕان زۆرترە وەك لە ناكۆكی ( سەرەرای دەركردنی وەزیرەكان‌و سەرۆكی پارلەمان لە كابینەی پێشوو)

لەگەڵ توركیا:
هیچ پەیوەندیەك لە نێوان توركیا‌و یەكێتی نەماوە، دوایین گوللەی رەحمەتیش دەركردنی نوێنەری یەكێتی‌و داخستنی فرۆكەخانەی سلێمانی بوو

لەگەڵ ئێران:
سەرەرای پەیوەندی دێرین‌و مێژوویی لەگەڵ ئێران، ئێستا بە وتەی زۆرینەی ئەوانەی لە پەیوەندیەكان كاردەكەن، پەیوەندی پارتی لەگەڵ ئێران زۆر توندوتۆڵترە بە بەراورد بە یەكێتی، تەنانەت یەكێك لە بەرپرسانی ئێران لە سەردانی وەفدێكی یەكێتی بۆ ئێران وتبوی: پێتان وایە ئێوە نزیكترن لە ئێمە؟ پارتی كوڕی خۆمانن!!

چارە چی یە، كادر چی بكات؟
هەموو ئەو ئاستەنگ‌و كێاشنەی روبەرومان بۆتەوە وەك یەكێتی، بە پلەی یەكەم ئاستی سەرەوە لە (هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، هێرۆخان، پاشان مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی) لێی بەرپرسن، كە دیدێكی رونیان نەبوە بۆ سیاسەت كردن‌و مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە جیاوازانە‌و هەمووی بە هەوڵی شەخسی كراوە نەك سیستم‌و دامەزراوەیی‌و كەس نازانێ لە یەكێتیدا كێ بەرپرسی یەكەمە لە پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆی ئەو كایانە.

لایەكی تر‌و بەشێكی تری بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی ئێمەی كادردایە، كە دۆش داماو‌و دەستەوەستانین بەرامبەر ئەو دۆخەی حزبەكەی تێكەوتوە، بیانوش ئەوەیە كە گوێ ناگرن یخود دەسەڵاتمان نیە.

چارەسەری ئەم دۆخە تەنیا‌و تەنیا یەك هەنگاوە، ئەویش بەستنی كۆنگرەیە، پێویستە ئێمەی كادر لە ئێستاوە فشار بكەین تا كۆنگرەی یەكێتی سازبكرێت‌و سازكردنەكەشی لە سێ مانگ زیاتر نەخایەنێت بە تایبەت بەشێك لە ئامادەكاریەكان كراوە.

نابێ دەرفەت بدەینە كەس كە یاری بەچارەنوسی ئەم حزبەوە بكات، راستە لە سەردەمی شاخ ئەو هەڤاڵانەی سەرەوە پشكی شێریان هەبوە لە قوربانیدان بۆ یەكێتی، بەڵام هێندەی ئەوانیش لە دوای راپەرینەوە ئێمەی كادر ماندوو بوین‌و قوربانیمان بۆ ئەم حزبە داوە، بۆیە ناكرێ چیتر چارەنوسی ئەم حزبە بكرێتە قوربانی بڕیاری ئەم هەڤاڵ یان ئەو هەڤاڵ.

ئێمەی كادر بەڵێ لە ئاستی ئەو نادادی‌و هەڵانەی سەركردایەتی دەیكەن، دەسەڵاتمان نیە، بەڵام دەتوانین فشار بۆ كۆنگرە بكەین‌و لەناو ئۆرگانەكانەوە دەست پێ بكەین تەنیا بۆ یەك ئامانج، ئەویش: لە كۆنگرەدا ئێمەی كادر دەسەڵاتمان هەیە، ئێمە بڕیار دەدەین، لە كۆنگرەدا هاوكێشەكان پێچەوانە دەبێتەوەو ئەوانەی سەردارن دەرۆزە دەكەن بۆ دەنگی ئێمە، بۆیە دەتوانین سزای ئەوانە بدەین كە هەڵەیان كردوە‌و گۆڕانكاری لە ستراكچەری سەركردایەتی یەكێتی بكەین‌و بەرهەڵستی بكەین لەوەی ئیدی سەكردایەتی یەكێتی وەك دیوەخانێك سەیر بكرێت‌و تەنیا كوڕی ئاغا‌و كوێخا بۆیان هەبێت بچنە ناوی.

بێگومان كۆنگرەش دەبێت كۆنگرەیەك بێت دڵخوازی كادران بێت، دور لە دەستەگەری‌و سەپاندنی لیستە ڕەشەكانی تەكەتول‌و سەپاندنی دەنگی گزی‌و فزی، ئەم هەنگاوەش پێویستە بەپەلە بكرێت بەر لەوەی تەكەتولگەراكان ئۆرگانەكان بئاخنن بە گەراكانی خۆیان بە پلە بەخشینەوەو تەزكیەی بێ بنەما، تا سوكانی كۆنگرە بە خواستی خۆیان ئاراستە بكەن‌و ئەو كۆنگرەیەی ئێمە هیوای پێ ئەخوازین، بیكەنە كۆنگرەی ناشتنی هەتا هەتایی یەكێتی لەبری كۆنگرەی ئازاد‌و گۆڕانكار‌و بوژاندنەوە.

بۆیە ئێمەی كادری یەكێتی بەرپرسیارین‌و ئەبێت ئیدی فشار بكەین چونكە نیەت‌و خواستەكە دیارە، ئێمە یەكێتیەكی بەهێزمان ئەوێ بەبێ بەرژەوەندی، یەكێتیەك نزیك لە خەڵك‌و لەناو خەڵك، یەكێتیەكی خەمخۆر‌و خزمەتگوزار، خاوەن لیستە ڕەشەكانیش یەكێتیەكیان دەوێت كە بەرژەوەندی خۆیانی تیا پارێزراو بێت ئیدی گەورە بێت یان بچوك كێشەیان نیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand