کە جەنگ دەبێتە شوناسی خۆت
2018-12-22 10:04:37
■ لاوك سەڵاح
پشودان لە جەنگ ناردنەوەی جەنگاوەرەکان نییە بۆ ماڵەوە وهیچیتر، کۆتایی داوا فەسڵی رۆمانێک نییە، هاتنەدەرەوە و قوتاربوون نییە لە پاش خاپوور بوونی گوندێک و شارێک و نیشتمانێک، هەڵاتن نییە بەناو کێلە شکاوەکاندا، جەنگاوەربوون خانەنشینی نییە لە پیشەیەک کە هەموو تەمەنی خۆتت پێبەخشیبێت و دواتر هێورانە ئاورێک لە رابردووت بدەیتەوە و بە بێ دەنگی تاریکییەکی مەنگ داپۆشیت. درۆزەکردنێکی ئاسایی نییە بۆ چەک و تەقەمەنی، کارکردن نییە لە سەر کۆلارەهەڵدان بۆ رووکردنە ئاسمانی بەرین و شین، شنەی شەماڵی ئاسۆییەکی فراوان نییە کە دەرژێتە رۆحتەوە و هەر لە سەرەتاوە فێری ژیان دۆستیت دەکات. کە جەنگ دەبێتە شوناسی تەمەنت، هەموو "ئینتماکان" دەسرێنەوە، جەنگ دەدکاتە ئەکتەرێکی بێدەنگی ناو شانۆگەرییەکی بێدەنگ کە تەنها و تەنها خۆت لە جووڵە و ئاماژەکانی خۆت دەگەیت. جەنگ هەموو تەمەنت سڕ دەکات بەڵام چەندان جوگرافیا بگەرێیت گومانی عاشقە کۆنەکانی رۆژانی جەنگت لە یاد ناباتەوە، پێتان سەیر نەبێت کە دەڵێم جەنگ دەرمانی زەهایمەرە! لەبەرئەوەی هەموو زەمەنەکان و سەردەمەکان بە بێداری دەهێڵێتەوە. جەنگ ومەرگ دوانەیەکی ئاشکران، لە خۆیاندا توانات بەرجەستە دەکەن کە دواتر ناناسرێیتەوە. کە جەنگ دەبێتە شوناست، هەروەک چۆن نیشتمانی خۆت لە دەست دەدەیت، ئەو کاتەی نیشتمان لە ناو تەمتومانی هاوکێشە گەورەکاندا ون دەبێت، ئەو کاتەی نیشتمان لە نێوان شوناسی سیاسی و شوناسی نیشتمانیدا وێڵ دەبێت، هاورێکانیشت بەو جۆرە ون دەبن، تارماییە کاڵبووەکانیان و چرچ ولۆچی روخساریان و کاراکتەرە پەرشوبڵاوەکانیان ئاوێزانی خەونە نەگریسەکان دەبن، جەنگ دەبێتە تارمایی ناوەکانیان و دابەشیان دەکات بەسەر جوگرافیا جیاوازەکانی گۆی زەویدا. هەر رۆژەی چیرۆک و سەرگوزشتەی یەکێکیانت پێدەگات، هەر رۆژەی حیکایەتێکی جیاواز کە جەنگ و مەرگ شوناسیان بووە. لە چ کەنارێکی مەرگدا لەنگەر دەگریت؟ ئەو پرسیارە عەدەمییە لە خۆت دەکەیت. عەدەمیەتی دوانەی جەنگ و مەرگ. کە جەنگ دەبێتە شوناست، ئەوەی نەیناسیتەوە خۆتیت، رەنگە بە دونیادا بگەرێیت و چاوت بە باڵای خانمە ناسکە جۆربەجۆرەکانی پایتەختەکانی جیهاندا بگێریت، بەڵام هەمیشە ئەو فرسەخە لەعنەتییەی کە جەنگ لە رۆحدا چاندویەتی دەبێتە مۆتەکە لەبەردەم بینینی جوانی شۆخەکانی دونیا. کە لە خۆت لە ئاوێنە وبەردە بێگەردەکانی شەقامەکان و شۆستەکان رادەمێنیت، خۆتت لێدەبێتە ورچێکی ترسناک، خۆزگە دەخوازیت رێگەیەک هەبووایە ئەو جوانیانە لە خۆتدا و لە نیشتمانی خۆتدا بینابکەیت. کە جەنگ دەبێتە شوناست، هەموو دایالۆگی نێو نەوەکان ئیفلیج دەبێت و زمان نایەتە گۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوەکانتا رۆژێکی پڕ خۆشەویستی بنووسنەوە، بەداخەوە، بە ئاگا یان بێ ئاگا رەفتارەکانی نێو جەنگ دەگوێزرێنەوە بۆ ناو رۆحییان و ئاییندەیان لێ زەوت دەکات. پرسیارت لێدەکەن، ئەو پرسیارانەی لە تۆ گەورەترن و وەڵامیان لای تۆ نییە، هەوڵ دەدەیت رق و کیننە دڵیان رەش نەکات. ئەو کاتەی نەوەکان بەئاگادێن کە ئەوان سەر بە جوگرافیایەکی ترن، نامۆ دەبن، نامۆ بە رابردوویان و نامۆ بە ئاییندەیان، سەرەتاترین نامۆبوونیان بیرکردنەوەیانە بە کەلتوورێک و قسەکردنیانە بە زمانێکی دیکە ، دواتر نامۆبوونیان بە تۆ، بەداخەوە، جەنگ دەبێتە کۆی شوناسی نەوەکان. کە جەنگ دەبێتە شوناست هەموو پێوەرەکانی حکومڕانی بە رادەی وێرانی و بە ئاستی سوودمەندێتی لۆردەکانی جەنگ دەپێویت، بە ئاستی ئەو لافاوە لە خوێن رژاوەی کە خۆت هەڵدەخەڵەتێنی ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بێت و بۆ زەردەخەنەیەکی کورتیش بێت لە بیر خۆتی بەریتەوە. جەنگ بە رادەی مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکان و قارەمانێتی پوچەڵ و شکۆی هەرەس و نەزۆکی ئیرادە و بێ توانایی دەپێویت. بە رادەی پەرینەوە لە رۆمانسیەتی شۆرشگێریەوە بۆ ئیدعای پراگماتیکی دەوڵەتمەداری دەپێویت. کە جەنگ دەبێتە شوناست، بلیمەتیت ئەگەر ئاییندە ببینیت، جەنگ نەخشەرێگاکان دەکاتە مارێکی لوولی پەڵەپەلی درێژ و لە ملت دەئاڵێت و دەدخنکێنێت ئەگەر دەستبەجێ بە ئاگانەبیتەوە. هەموو کێو وگردەکان لە بن هەڵدەکۆڵێت و سیما و رووخسارت تەخت دەکات و هیچ خەسڵەتێکت ناهێڵێت. جەنگ ئاییندە دەکاتە زەمەنێکی نووستووی هەتا هەتایی، شەختە وبەستەڵەك، خەفەکراو و بێ رۆح. لە باشترین دۆخدا ئاییندە دەبێتە دووڕیانێکی سەرەرێ. کە جەنگ دەبێتە شوناست، لە سەرەمەرگدا، وەک خۆی، وەک رۆژانی رابردوو، دەست دەکاتەوە ملت و ئاوێزانت دەبێت، ئەو ساتە زیندووترین ساتی ژیانتە کە بەرەو رووت دێت، ئەو کات، زۆر باش دەیناسیتەوە و دەتناسێتەوە لەبەرئەوەی نزیکترین هاورێتە و ساغترین شوناستە. ئەو کاتە خۆتیت.