هاوپەیمانی یان پەت پەتێن!
2018-12-21 17:33:16
■ ئارام سەعید
یەکەم جار نیە کە ئەمریکا یان وڵاتی تری زلهێز لە هاوپەیمانیەتیەکەی بکشێتەوە، لەمێژوودا زۆر روداوی لەوجۆرە هەیە و هەمیشە ئەو لایەنە لێی زەرەرمەند دەبێت کە زۆر پشتی بەستوە بە هاوپەیمانیەتەکە، کە ئەوەش خاڵی لاوازی ئەوانەیە کە هەموو ئایندەی خۆیان بە هاوپەیمانیەتی وڵاتێکی ترەوە دەبەستن کە چەندین نمونە لە مێژوودا هەن .من نامەوێت بەرگری لە ئەمریکاو ترەمپ بکەم کە ئێستا سەرۆکی ئەمریکا سەرقاڵی داکوتینی بزمارەکانی سەر تابوتی دیموکراسیە لەگەل ژمارەیەک هێزی هاوپەیمانی خۆی لە جیهاندا، ئەویش بە پاشەکشێ لە دیموکراسی لە بەرگری کردن لە ئازادی ناوخۆو وڵاتانی دەرەوەی خۆیان.
ئەوکاتەی لە کوردستاندا ئەمریکا بڕیاری کشانەوە دەدات لە رۆژئاڤا زۆر لە هاولاتیان و هەندیک لە نوسەران لە هەرێمی كوردستان شیکردنەوەیەکی سۆزداریانەی بۆ دەکەن و دەستدەکەن بە جنیودان بە ئەمریکا کە هیوادارم هێزەکانی رۆژئاوا و دیموکراسیخوازانی سوریا وانەیان لە عەفرین وەرگرتبێت و جارێکی تر ئەو کارەساتە دوبارە نەبێتەوە. هەرچەندە بەهەموو توانایانەوە بەرگریان کرد لە عەفرین.
بەلام ئایا هەرێمی کوردستان لەو کشانەوەیە زەرەرمەند دەبێت یان نا؟ ئەگەر ترەمپ لە ماوەی ئایندە هەمان بڕیاریشی دا دەربارەی عێراق؟ کە ئەگەریکی نزیکەو خۆئامادەکردنیشی پێویستە. بەڵام کێ دەبێت ئەوە بکات و چۆن بیکات؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەهەر هاولاتیەکی سادە بکەیت دەزانێت و بیرکردنەوەی ناوێت کە پارتی و یەکێتی پێویستیان بە ئامادەکاری نیە چونکە بەدیل حازرە و ئەمریکا بکشێتەوە ئەوا وڵاتانی دراوسێ هەن و پەنایان بۆ دەبەن و ئەوانیش لەبەرامبەردا داواکاریان هەیە و بۆیان جێبەجێ دەکرێت. کەواتە لە باوەشی ئەمریکا وە بۆ باوەشی ئێران و تورکیا، ئەگەر پێویستی کرد ئەوا ولاتی تریش زۆرن.
بۆ ئەوەی لەم میحنەتە رزگارمان بیت دەبێت رۆحی بەرگری هەبێت،عەقڵانی بیر لە کێشەکان بکرێتە نەک سۆزداریانە. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کێ دەتوانێت بەرگری بکات؟ چۆن دەیکات؟ حزب یان حکومەت دەبێت بیکات؟ ئەم پرسیارگەلانە وەلامیان هەیە و ئاشکراو روونە کە بەرگری و شەڕی مقاوەمەت بەو هێزانە دەکریت کە نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن و بەرگریکار بن لە ئازادی و حوکمڕانیی شەفاف، هاوڵاتی بەرگری لە وڵاتێک دەکات کە تیایدا کەرامەتی پارێزراو بیت و هیزەچەکدارەکانی سەربە حزب نەبن، هەڵبژاردنی راستەقینەو بێ تەزویر بەڕێوەبچێت،بڕوای بە پێکەوەژیانی راستەقینە هەبێت.
ئەوکاتەی پارتی بڕیاری ریفراندۆمی دا و ئەوانی تریش هاوئاوازی بوون، حکومەتی عێراق زۆربەڵێنی داو چووە ژێر باری جێبەجێکردنی ژمارەیەک بەڵێنی گرنگ، بەمەرجێک ریفراندۆم نەکریت. وڵاتانی هاوپەیمانیش لە هەموو کەنالەکانیانەوە هەوڵیان داو بەدەنگی بەرز وتیان کە ئەو بڕیارە زەرەری زۆری تێدایە لە ناوچەکەو هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت. کە دواتر بە زوویی باجەکەی درا.
تا ئەوکاتەی ئەقڵیەتی حزبی ئێستا حوکمڕان بێت ئەوا دەبێت هەر خەریکی پەت پەتێن بێت و ناتوانێت متمانەی ئەوەی هەبێت کە هاونیشتیمانیان بەرگری لێبکەن، خەلک بەرگری لە هێزێک ناکات کە داهێنەری روبعە مووچە بێت.