Draw Media

تۆپه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌په‌رله‌مان

تۆپه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌په‌رله‌مان

2018-12-20 19:38:24


 

■ د.به‌ختیارشاوه‌یس    
(٩)
 دواجار ڕۆژی سێشه‌مه‌ی پێشتر،سه‌رۆك وه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ده‌ستی به‌تاڵ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گه‌ڕایه‌وه‌و نه‌یتوانی كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات و به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ وتی جارێكی تر ناوی كاندیده‌كانم ناگۆڕم و تائه‌وكاته‌ی فه‌وزای ناو فراكسیۆنه‌كان كۆتایی نه‌یه‌ت ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
كورت و پوخت تۆپه‌كه‌ی هه‌ڵداوه‌ته‌ ناو گۆڕه‌پانی په‌رله‌مان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌نه‌بای دیبێ و نه‌بۆران ، یان ئه‌وه‌ی له‌یادكردبێت كه‌ فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان هێنده‌ ناكۆك و ناته‌بان كه‌تا دواساتی ده‌ستوری نه‌یانتوانی ئه‌وه‌ ساغبكه‌نه‌وه‌ كه‌ كام لا كوتله‌ی زۆرینه‌یه‌ و به‌ئاره‌زووی خۆیان نا به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ناچاری عه‌بدولمه‌هدیان دیاریكرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران. به‌مانایه‌كی دیكه‌، ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌ باش بزانێت كه‌به‌خۆشی و ئیراده‌ی فراكسیۆنه‌كان نه‌بوه‌ كه‌ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتوه‌، به‌ڵكو له‌ده‌ره‌نجامی ناكۆكی قوڵ و نه‌بونی متمانه ڕازیبون كه‌كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیان به‌بێ بونی ته‌نها كورسیه‌كی په‌رله‌مانی بانگ بكه‌ن و بیكه‌نه‌ سه‌رۆك وه‌زیران و له‌وكاته‌دا هه‌مویان له‌كونبونی ئه‌وكه‌شتیه‌ ده‌ترسان كه‌خۆیان پێكه‌وه‌ سه‌رنشینی بون. چونكه‌ دیاریكردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی چاكسازی و هاوپه‌یمانی بونیاد ڕێك وه‌ك ئه‌و په‌نده‌ باوه‌یه‌ كه‌ده‌ڵێ ڕێككه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێكنه‌كه‌وین. 
پرسیارێكی ساده‌و گرنگ كه‌شایه‌نی وروژاندن بێت ئه‌وه‌یه‌ كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌بری ئه‌وه‌ی كه‌به‌فعلی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێدرابێت ڕۆڵی ڕێكنه‌كه‌وتن له‌هاوكێشه‌ی نێوان هه‌ردوو میحوه‌ره‌ ناكۆكه‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌ ، ئیترچۆن ده‌بێت به‌هه‌ره‌شه‌ی نه‌گه‌رانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندابكات؟ ئه‌ی بڕیار نه‌بوو خۆی سه‌رچاوه‌ی خاوكردنه‌وه‌ی گرژیه‌كان بێت؟ ئه‌ی نه‌یده‌زانی ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان خۆیان هه‌ناسه‌ی ڕێككه‌وتن و یه‌كخستنی بۆچونه‌كانیان هه‌بوایه‌ زۆر زه‌حمه‌ت بوو ئه‌و پۆسته‌ بده‌ن به‌ عه‌بدولمه‌هدی؟
ئه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیری چوار ساڵی بۆ بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری و دابینكردنی هه‌لی كارو بوژانه‌وه‌ی وڵات داناوه‌، نابێت له‌خۆی بپرسێت كه‌به‌ دوومانگ ته‌نها ناوی ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی پێ دیاری نه‌كرێت ئیتر چۆن ده‌توانێت ئه‌ركه‌قورسه‌كانی دوای ئه‌وه‌ جێبه‌جێبكات؟
قوڵبونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان هه‌ربه‌ته‌نها له‌نێوان هه‌ردوو جه‌مسه‌ری سائیرون و فه‌تح قه‌تیس نه‌بوه‌ به‌ڵكو خودی سه‌رۆك وه‌زیران بوه‌ته‌به‌شێك له‌كێشه‌كه‌له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ به‌ڵام به‌شێوازی جیاواز. بۆنمونه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی دانانی فالح فه‌یاز به‌ره‌ی سائیرون تۆمه‌تباریان كرد به‌ لایه‌نگیریكردنی بۆ فه‌تحیه‌كان و وتیان سووربونی عه‌بدولمه‌هدی به‌كاندیدكردنی فه‌یاز هێڵی سووری شكاندوه‌ و دواتریش هادی عامری كه‌وته‌ چه‌له‌حانێیه‌كی توند له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌میان ده‌یوت فه‌یاز كاندیدی تۆیه‌و ئه‌ویتریان ده‌یوت كاندیدی من نیه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی فالح فه‌یاز خه‌ڵكی عیراق نه‌بێت و كاندیدی ده‌وڵه‌تێكی تر بێت!!!
هه‌موو ئه‌و گێرمه‌وكێشانه‌ی كه‌ ڕوو ده‌ده‌ن جارێكی تر ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سه‌رپشككردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌رێوه‌بردنی وڵات له‌چوارساڵی داهاتوو شتێكی واقعی نیه‌و ته‌نها میكیاج و ڕووكه‌شه‌ ، ئه‌گه‌رنا چۆن سه‌رپشككردنێك ده‌بێت له‌كاتێكدا ته‌نها له‌سه‌ر ناوێك و كاندیدی دوو یان سێ وه‌زاره‌ت ئه‌وماوه‌ دووڕ و درێژه‌ كابینه‌ به‌ناته‌واوی ده‌مێنێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر له‌م سه‌ره‌تایه‌وه‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان كه‌مترین متمانه‌یان به‌سه‌رۆك وه‌زیران نه‌بێت و بێئاڵێنن له‌كێشه‌ موزمنه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردووی نێوانیان ، ئه‌بێ چۆن چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ڕێگه‌ی بده‌ن بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و دادگایكردنی گه‌نده‌ڵكاران و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ وه‌همیه‌كان و جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ حكومیه‌كه‌ی؟ 
هه‌ربۆیه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌هه‌ڵدانی تۆپه‌كه‌ بۆناو گۆڕاپانی پڕله‌كێشه‌ی په‌رله‌مان نه‌یتوانی كێشه‌كه‌ له‌خۆی دووربخاته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌رگای له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی تر هه‌م به‌رووی خۆی، هه‌م به‌ ڕووی كابینه‌كه‌ی كرده‌وه‌و له‌بری كۆتایهێنان، ژماره‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ی زیاتر كرد كه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌ ده‌برێن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand