Draw Media

بزوتنەوەی گۆڕان لە دوڕیانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیدا 

بزوتنەوەی گۆڕان لە دوڕیانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیدا 

2018-12-20 18:19:14


■ مەجید ساڵح  
حوکمڕانی بە سێ شت دەکرێ:
- متمانەی هاوڵاتیان
- دارایی و سەروەت وسامان
- سوپا و هێزێک بۆ پاراستن
حاکمەکان و فەرمانڕەواکان گەر متمانەی خەڵکیان لەدەست نەدابێ دەتوانن بە بێ دارایی و سوپا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.. بەڵام گەر متمانەی خەڵکیان لە دەست دابێ خاوەنی گەورەترین سوپا و زۆرترین سەروەت و سامان بن، هەرگیز ناتوانن درێژە بەدەسەڵاتیان بدەن.
هاوڵاتیان هەرچوار ساڵ جارێک لە گەڵ حزبێک یان ئیتیلافی چەند حیزبێک گرێ بەستێک دەبەستن بۆ سێ شت:
- دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆیان
- پاراستنیان لە هەڕەشەی دەرەکی
- دابین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزایی و ئاسایشی ناوخۆیی.
هەر حکومەتێک ئەوانەی بێ دابین نەکرا.. متمانەی خەڵک لە دەست دەدا.

(2)
لە دوای راپەڕین هاوڵاتیانی کوردستان بە خۆشیەوە متمانەیان دا بە حکومەتی هەرێم، بەو هیوایەی قەرەبوی رابردویان بۆ بکاتەوە و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بکات و لە هەڕەشەی بێگانە بیانپارێزێ و ئاسایشی ناوخۆ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزاییان بۆ فەراهەم بکات.. بەڵام، نە خۆشگوزەرانیان بینی و نە لە هەڕەشەی تورک و عەرەب و فارس پارێزراو بون و نە دادپەروەرییان بینی.. هەر بۆیە لە 27 ساڵی رابردودا تا دێت متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی خۆیی کەمتر دەبێ..

(3)
نەوشیروان مستەفا، پێش دامەزراندنی کۆمپانیای میدیایی وشە و بزوتنەوەی گۆڕان پاش دامەزراندن و دروستکردنی ئەو دو کەرەستەیە، بە نوسین و بە کردەوە و بە وتن، کاری کردوە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز لە روی دارایی و سەربازیی کە جێگەی متمانەی خەڵک بێ و ئەو سێ ئەرکە جێبەجێ بکات کە لەسەرەوە باسمان کردن.
کە لە ئۆپۆزسیۆندا بو، پاکێجی ریفۆرمی دەدا بە یەکێتی و پارتی، سەردانەکانی بۆ لای کاک مەسعود مام جەلال بۆ ئەو مەبەستە بو.. کە چوە ناو دەسەڵاتیشەوە بە هەمو توانایەکییەوە بۆ ئەو ئامانجانە کاری کرد.

ئێستا، بزوتنەوەی گۆڕان لە دوڕیانی ئۆپۆزسیۆنی و چونە ناو دەسەڵاتدایە، یان رونتر بڵین لەوتوێژدایە لەگەڵ پارتی بۆ چونە ناو حکومەت یان بون بە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە کارێکی زۆر ئاساییە، دڵنیام کاک نەوشیروانیش بمایە هەر وای دەکرد، بەڵام ئایا کاک نەوشیروان بەهەر نرخێک دەچوە ناو حکومەتەوە؟! ئەمە پرسیارەیە کە دەبێ برایانمان لە جڤاتی نیشتمانی لە خۆیانی بکەن.. ئەوان هەمویان دەزانن کە ئامانجی کاک نەوشیروان لە دروست کردنی بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بو لە:

- دابین کردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان
- پاراستنیان لە هەڕەشەی دەرەکی
- دابین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و قەزایی و ئاسایشی ناوخۆیی

هەر کابینەی حکومەتێک دەچێتە ژێر باری ئەو ئامانجانە و گرەنتی جێبەجێ کردنیان دەدا و کاتێک بۆ جێبەجێکردنیان دادەنێ، بێ سڵ کردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێ رازی بن لەوەی گۆڕان بچێتە ناوییەوە، ئەگەر لە ماوە دیاری کراوەکەدا حکومەت لە گەڵ بەڵێنەکانیدا راستگۆ نەبو، زۆر ئاساییە دەکرێ گۆڕان بکشێینەوە و ببینەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand