لێدانی پارێزگاری سلێمانی‌و دوو قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی
2018-12-20 16:36:50
■ مه‌لا به‌ختیار
دوای شه‌هیدكردنی شیهاب‌و جه‌عفه‌رو ئه‌نوه‌ر (21/11/1976)، رقێكی پیرۆز له‌ناخی هه‌موو ئه‌ندامێكی (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران) جۆشی ده‌خوارد‌و داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان ده‌كرد. سه‌یر ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌هه‌موان زیاتر له‌كاتی هێنانی ته‌رمه‌كاندا، داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌كرد، كه هاتینه سه‌ر جێبه‌جێكردن، ترسنۆكترین كه‌س ده‌رچوو.
مه‌فره‌زه‌یه‌ك، به بڕیاری شه‌هیدان: عه‌لی عه‌سكه‌ری‌و ئارام‌و كاك سالار عه‌زیز بریتیبوون له (5) پێشمه‌رگه هاتنه‌وه سلێمانی. له‌مانه، یه‌كێكیان روخا و، دوانی تریان (فشه‌كه‌ر) بون‌و نه‌خشه‌كانیان ده‌شێواند. بۆ خۆدزینه‌وه له چالاكیه‌كه، كێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌ناو مه‌فره‌زه‌كه‌دا (له‌ماڵی شه‌هید ئه‌حمه‌دی موهه‌ندیس) نایه‌وه‌و به‌هه‌زار حاڵ لێكم كردنه‌وه‌و ته‌نها شه‌هید (سۆران)و (فاخر)م هێشته‌وه. دوو فشه‌كه‌ره‌كه، یه‌كێكیان گیراو ئه‌حمه‌دی موهه‌ندیسی به‌گرت دا‌و له‌سێداره‌ش درا.
كه دڵنیابوین له‌جوامێری سۆران‌و فاخیر، نه‌خشه گۆڕدرا. شوێن ئاماده كرا. سه‌یاره‌ی گواستنه‌وه دیاریكرا. چاودێری پارێزگا به‌وردی ئه‌نجامدرا. چه‌ك‌و شوێن‌و كاتی لێدان، ساغكرا. ماڵی كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ستنیشان كرا. (20/21)ی12/1976 رێكه‌وتی ئه‌مشه‌و، له‌گه‌ڵ سۆران‌و فاخیر كه‌بابم بۆ بردن‌و پلانه‌كه‌مان تاوتوێ كرد‌و دڵنیا بوم دوودڵ نین. به‌یانیه‌كه‌ی سه‌عات هه‌شت چوینه مزگه‌وته‌كه. به‌پلایس قفڵی ده‌رگای سه‌ربانی مزگه‌وته‌كه‌مان شكاند. سۆران‌و فاخر سه‌ركه‌وتن‌و دامه‌زران بۆ ده‌ستڕێژ.
چومه سه‌ر شه‌قامی مه‌وله‌وی‌و به‌رامبه‌ریان وه‌ستام. كاك دلێری سه‌ید مه‌جید له‌به‌رامبه‌رمدا چاوه‌ڕێی ته‌له‌فۆنی ده‌كرد، وه‌كو په‌رله‌بێلێك كه پارێزگار كه‌وتۆته ڕێ. به‌ڵام كه‌مێك دواكه‌وت. من هه‌ر نه‌شڵه‌ژام. به‌ئیشاره‌ت سۆران‌و فاخیریشم ئارام ده‌كرده‌وه. له‌پڕ هات. ده‌ستم بۆ هه‌ڵبڕین ته‌قه بكه‌ن. كاتێكم زانی:
سۆران‌و فاخر، وه‌كو دوو قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی، ده‌ستڕێژیان له مارسیدیسه ره‌شه‌كه‌ی پارێزگار كرد. چاوم لێ‌بوو، وه‌كو شه‌سته‌باران، دایانبێژا. من‌و كاك دلێر، كشاینه‌وه. سۆران‌و فاخیریش، گه‌یشتنه‌وه سه‌یاره‌كه‌و گه‌یاندرانه‌وه ماڵی شه‌هید سه‌رداری برینپێچ.
دیمه‌نی لێدانی پارێزگار، ده‌تگوت فلیمه. ئازایه‌تی سۆران‌و فاخر، هه‌رگیز وێنا ناكرێ. شڵه‌ژانی حكومه‌ت‌و چالاكیه‌كه، خه‌ڵكی شاری كردبووه خاوه‌ن شانازییه‌كی گه‌وره‌و دڵسۆزان پیرۆزباییان له‌یه‌ك ده‌كرد. ئیزگه‌ی له‌نده‌ن باسی كرد. مام جه‌لال هه‌میشه ده‌یگوت: دوای لێدانی پارێزگار، متمانه‌ی ئێمه له‌سوریاو لیبیا‌و له‌ناو فه‌له‌ستینیه‌كاندا، به‌رز بوه‌و، ئاماده بون هاوكارییه‌كی زیاترمان بكه‌ن.
سۆران هه‌ورامی.. شایه‌نێتی وه‌كو قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی له گه‌شترین لاپه‌ڕه‌دا تۆمار بكرێ. فاخیریش، نمونه‌ی شۆڕشگێڕی كه‌ركوكی‌و كوردستانی بوو. دوو قاره‌مانی هه‌ورامی-سلێمانی‌و كه‌ركوكی، ئه‌م داستانه‌یان تۆمار كرد. من‌و دلێری سه‌ید مه‌جیدو عه‌بدوڵڵای خورشه (ئاسۆ) له‌خزمه‌تیان بوین. سڵاو له ئارامگای سۆران هه‌ورامی، كه به‌راستی له‌گه‌ڵ فاخیردا، قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی بوون. به‌گیانی به‌رزی شۆڕشگێڕێتی (ئه‌وسا!) ئاماده‌بون له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی رابه‌ره شه‌هیده‌كانیاندا، گیانیان ببه‌خشن.