دووڕیانە سەختەکانی شوناسی سیاسی
2018-12-19 12:23:40
■ لاوك سەڵاح
لە پاش ئەم هەموو جەنگە قێزەوەنە، کێ لە دووڕیاندا نییە، دووڕیانی ناسینەوەی دامەزراوەکان و حکومەتەکان و نەتەوەکان و پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان و گروپەکانی فشار و سنوورە جیاجیاکان. ئەمە دۆخەکەیە لەسەر هەموو ئاستەکان، چ ناوخۆ یان دەرەکی بێت، بەدەگمەن، رەنگە هەر نەشبێت، تیۆرێکی سیاسی باو هەبێت لە بوارێکی تایبەتدا تاقیبکرێتەوە، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە غاردانێکی سەرلێشوانەیە بەهەموو ئاراستەکاندا.
بەداخەوە، سەردەمی هەموو چەمکە سیاسییە باوەکان و بنەماکانی بەرجەستەکردنی مۆراڵ و لۆجیکی سیاسی ئاسایی گوزەشت، سەرتاپا هەموو بە دوایی شوناسێکی سیاسی نوێدا وێڵین. ئەم قۆناغە قۆناغی بەر لە ناسینەوە و بەرهەم هێنانەوەی شوناسی سیاسییە. کارێکی سەختە لەبەرئەوەی لە دووڕیانی کارەسات و رووداوە گەڵاڵەکراوەکاندا ئەوەندەی مامەڵەیەکی بایۆلۆجیانەی دیاردەکان دەکەین، ئەوەندە بەها دروست ناکەین، بەداخەوە ئەوەی کە هەشبوو بەرەو کاڵبوونەوە دەروات. بەدبەختییەکە ئەوەیە ئەم گەران و سەفەرە بۆ شوناسی سیاسییەکی دیکە لە ژینگەیەکی نامۆدا پیادە دەکرێت، جاران دونیا یان بە دوو جەمسەر دەناسرا، یان بە دونیای جەنگی سارد ناودەبرا، یان دابەشکرابووە بلۆکی سەرمایەداری و سۆشیالیستی، یان بەدرۆ بە جیهناگیری پێناسەکرا بۆ رەوینەوەی ئایدیۆلۆجیا سیاسییەکان، بە بەهانەی خوڵقاندنی یەک بازار بۆ هەمووان، بەڵام دواتر خاوەن بانگە گەورەکان و چینی دەوڵەمەند دەوڵەمەنتر بوو.
ئەوسا، لانی کەم، هەندێ بنەما بۆ کارکردن و مامەڵەی سیاسی هەبوو، لەگەڵ پاشخانێکی مێژوویی کە هەڵگری سیفەت و خەسڵەتێکی دیاریکراو بوو، دەدزانی لەگەڵ کێ مامەڵە دەکەیت. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا روودەدات مەلەکردنە لە هەوادا. نە ژینگەکە، نە پلانە ستراتیژییەکان و نە کەسایەتییەکان لەو ئاستەدان ئاراستەی رووداوەکان هێورانە بەرێوەبەرن و چڵەویان لە دەست دەرنەچێت.
بەداخەوە، دیارترین خەسڵەتەی ئەم سەردەمە ئەوەیە کە دەوڵەت و پارتی سیاسی و دامەزراوەکان و هەموو پەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە پاشەکشەدان، بۆ نموونە لە ئەمەریکا، گرفتی ترەمپ هەر کەسایەتی خۆی نییە بەڵکو خۆی و هەموو ئەو سیاسەت و ئەو کەسانەشە کە هەڵیبژاردبوون بۆ ئەوەی کاری لەگەڵ بکەن، لە بریتانیا نارەزاییەکی تەواو لە پلان و نەخشەرێگاکانی حکومەت هەیە، حکومەت وڕە، هەم لە ناوەوە، لە ناو پارتێکی سیاسی وەک پارێزگاراندا، هەم لە ناو حکومەتدا، هەم لە نێوان خەڵک و حکومەتدا کەڵێنێکی گەورە لە هەموو مەوداکاندا هەیە. لە فەرەنسا، خۆپیشاندانەکان بە دوای شوناسێکی دیکەدا دەگەرێن، بەدوای میکانیزمی نوێ دەگەرێن بۆ ئەوەی هیچ ئەیدیۆلۆجیایەک خۆی نەکات بە خاوەنی.
لە کوردستان، هەموو پارتە سەرەکییەکان رووبەرووی قەیرانی هاتنەکایەی شوناسێکی نوێ بوونەتەوە، بەداخەوە زەمینەیەک نادۆزنەوە بۆ بەرجەستەکردنی هەندێ هێڵی سەرەکی سیاسی پتەو، بۆ نموونە یەکێتی لە بەردەم واقیعێکی سەختدایە هەم لەناو خۆی، هەم لەگەڵ خەڵک، هەم لەگەڵ ئەو جوگرافیایەی کاری تێدەکات، داوای شەراکەت دەکات بە بێ ئەوەی کاری بۆ کردبێت بۆ ئەوەی وەک شەریکێکی خاوەن پرۆژە و دیدێکی سیاسی یەکگرتووی بەهێز حسابی بۆ بکرێت، پارتی لە بەردەم گێرانەوەی حیکایەتێکی کوردی مێژوویی ناسراودایە، کار لە ناو مێژوویەکی سادەدا دەکات بەرامبەر هەموو ئەو تەحەدا سەختانەی دەرەوە، لە دووڕیانی زیندووکردنەوەی شوناسێکی کۆنە کە خۆشی دڵنیا نییە تا چەند ئەو فۆرمە لە حکومڕانی بەردەوام دەبێت. گۆران لە بەردەم میراتێکی سیاسی نووسراودایە کە زەمەنێکی تەواوی نەبوو بۆ دامەزراند و گەشەسەندنی میراتەکە و کادرەکانی، بێگومان ئەو میراتە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی ئاییندەدا ناگونجێت و لە ئێستادا ئەو توانایە لە ئارادا نییە دەوڵەمەندی بکات، بە ئیمکانیەتێکی کەمەوە و بەچاوەروانی زۆرەوە و بە سەرمایەیەکی بچووکەوە لە ژانی ناسینەوەی خۆیدایە، لەبەردەم تەمتومانی دارشتنی شوناسێکی نوێدایە.
دووڕیانێکی سەخت بۆ هەموو لایەک، کە دەخوازێت پراکتیکانە لە نائومێدییەوە بپەرینەوە بۆ متمانە ئەگەر تەمەنیش بوار نەدات...