Draw Media

خانه‌قین و سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێلی خزمه‌تگوزاری گشتی ناده‌وڵه‌تی

خانه‌قین و سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێلی خزمه‌تگوزاری گشتی ناده‌وڵه‌تی

2018-12-19 11:03:16


■  د. هەردی مێد 

له‌ پۆستێكی پێشووترم ئاماژه‌م به‌ بوونی دینامیكێكی هه‌ره‌وزی گرنگ له‌ خانه‌قین كرد. ئه‌م دینامیكه‌ له‌ سه‌ر ده‌ست و هیمه‌تی كاك سه‌لام عه‌بدوڵا و هه‌ندێ له‌ هاوڕێ و یاوه‌رانی كه‌وتۆته‌ سه‌رپێ و هێدی هێدی پێده‌چێت وزه‌یه‌كی گرنگ به‌ خۆیه‌وه‌ ببینیت. كارو و چالاكیه‌كانی ئه‌م به‌ڕێزانه جۆراوجۆرن: چاككردنه‌وه‌ی‌ ڕێگاوبانه‌ تێكچووه‌كان، نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كان، نوێژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووی خێزانه‌ كه‌مده‌رامه‌ت و پێشمه‌ینه‌ته‌كان یان دروستكردنی خانوو بۆیان، پاراستنی ژینگه‌، دابه‌شكردنی پێداویستی خوێندگا به‌ سه‌ر خوێندكاران هه‌تا پرۆژه‌ و بیرۆكه‌ی خه‌ستنه‌سه‌رپێی <عیاده‌یه‌كی هه‌ره‌وزی>. كۆی ئه‌م كارانه‌ی ئه‌م چالاكوانانه‌ ده‌یكه‌ن له‌ ڕاستیدا ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و شته‌ی پێده‌ڵێین <خزمه‌تگوزاری گشتی Public Service>. وه‌لێ، خزمه‌تگوزاریه‌كی گشتی ناده‌وڵه‌تی، واته‌ خزمه‌تگه‌لێك كه‌ ئامانجی گشتیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نه‌ ڕێكخراون، نه‌ پێشكه‌شكراون، به‌ڵكو له‌ لایه‌ن ئه‌كته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌. ئه‌م مۆدیله‌ له‌ خزمه‌تگوزاری گشتی كه‌ له‌ خانه‌قین له‌ به‌ره‌ودایه‌ و پشت به‌ <به‌خشین> ده‌به‌ستیت، واته‌ پشت به‌ هاوكاری خه‌ڵك و هاوڵاتیان كه‌ مه‌یل و ئاره‌زووی به‌خشینی هاوكاری ماددیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ كار و پرۆژانه‌، ‌ده‌شێت ببێته‌ بنه‌مای مۆدێلی كۆمه‌ڵگایه‌كی نوێ. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ خۆی خۆی به‌ڕێته‌ ڕێووه‌ و خۆی به‌رپرسیاری كێشه‌، خزمه‌ت و پێویستیه‌كانی له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و چیدیتر پشت به‌ ده‌وڵه‌ت نه‌به‌ستێت. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ ده‌وڵه‌ت تێدا ده‌پۆكێته‌وه‌ و چیدیتر توانای راپه‌ڕاندنی ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌كانی نیه‌. ئه‌مه‌ی له‌ خانه‌قین ده‌گوزه‌رێت زیاد له‌ روویه‌كه‌وه‌ گرنگه‌ و جێی تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی قوڵه‌. ده‌وڵه‌ت زۆر باش ده‌یتوانی به‌م كار و چالاكیانه‌ هه‌لبستێت كه‌ ئه‌م چالاكوانانه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ئه‌ویش به‌ سه‌پاندنی زه‌ریبه‌ و جۆره‌كانی زه‌ریبه‌ له سه‌ر‌ ده‌رامه‌ت… بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كی گونجاو، وه‌لێ نه‌ خه‌ڵك ئاماده‌یه‌ زه‌ریبه‌ بدات چونكه‌ ده‌وڵه‌ت و كارمه‌نده‌كانی به‌ گه‌نده‌ڵ ده‌زانن، نه‌ ده‌وڵه‌تش ساز و ئاماده‌یه‌، له‌ رووی ده‌ستگایی و سیسته‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌م كارانه‌ هه‌ڵبستێت. بۆیه‌، له‌ نائاماده‌یی ده‌وڵه‌تدا كۆمه‌ڵگا خۆی مشووری خۆی ده‌خوات و خۆی خۆی ڕێكده‌خات. هه‌موو پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا مۆدیلی خانه‌قین ده‌شێت سه‌ربكه‌وێت و‌ ببێته‌ مۆدیلی گۆڕه‌پانێكی نوێی رێكخستن و ئیداره‌دانی <كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت>؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand