دەسەڵاتی بنەماڵە
2018-12-18 13:52:17
■ عەبدوڵا مەحمود
دەسەڵاتی بنەماڵە لە کوردستاندا، قێزەونترین میراتی بۆ ماوەیی میژوویەکی بەسەرچووە، ئەم میراتە چەپەڵە چ لەحزبەکانی دەسەڵاتدا و چ لە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردییدا، ڕاستیەکی حاشالێنەکراوە. چۆن حزبەکانی دەسەڵات، بەشێوەی سیستماتیک دزی و تاڵانی دەکەن، خۆشخزمەتی و نۆکەر پیشەیی عادەتیانە، بەهەمان شێوەش پەرەپێدەری بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵات و وەگەرخستنی کۆمپانیای سەرۆک سازیین. لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیاندا چەندین پاکێج لەسەرۆکی پاکەتی بنەماڵەییان ئامادەکردووە، کە هەم سوکانی حزبەکان بئاژۆن و هەمیش پۆستە هەر بڵندەکانی حکومەتی دیکۆر، بگرنە دەست. ئەم میراتە بۆ ماوەییە، کەدەسەڵاتی حزبی و حکومی!! و ئیداری و ئەمنی و داهات و پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانیان... قۆرغ کردووە، تازە نییە، کەسانێک کە دەیانەوێت ئەوە وەکو مۆدێلێکی تازە نیشان بدەن، هێندەی دەیانەوێت پەردە بدەن بەسەر میراتی دەسەڵاتی بنەماڵە، کە میژوویەکە ئامادەیی هەیە، هێندە رەخنەیان لە دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بۆماوەیی و پشتاو پشت نییە، بەکردەوەش تامەزرۆی بەشداری لە دەسەڵاتی بنەماڵەیدان.
لەدوای ئەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، وەکو براوەی!! هەڵبژاردنەکانی کوردستان... مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت و نێچیر بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم پیشنیار کرد. هات و هاواری مەترسی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەرز بۆوە، ژمارەیەکی زۆر لەنووسەر توێژەری سیاسی!! میدیاکارو کادری سیاسی و موچەخۆر کە بەشی زۆریان کاسبی و ژیانی رۆژیان لەسەر ئەو لیکدانەوە لێدوانانەیە... وای نیشان دەدەن ئەمە روداوێکی تازەو مەترسیدارە. دەیانەوێ لەو رێگایەیەوە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی و راستیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بشارنەوە.
هیج لەوە راستتر و سەلماوترو رۆشنتر نییە، کە دەمێکە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، پاوانی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیە. دوو زۆن، دوو بنەماڵە پاوانی دەسەڵاتەکان، داهاتەکان و بازار و ئابوری، پەیوەندییەکان، دەزگا ئەمنییەکان،... کردووە. تەنانەت لەناوخۆی حزبیشدا، میراتگرانی بنەماڵە، هەمە کارەو خاوەن بڕیارن و ئەوانەی دەورو بەریان گوێرایەڵ و بیکاریگەر و کەم دەسەڵات و بێ ئاگا، لەرەگ و پایەکانی دەسەڵاتی داسەپاوی بنەماڵەن. تەنانەت هەژموونی کەسانی دەسترۆشتوی ناو بنەماڵە، قەوارەی رێکخراوەیی و حزبی قوتداوە. کەسانێک بێ ئەوەی ئەندامی سەرکردایەتی یان مەکتەب سیاسی بن، لەدەرەوەی چوارچیوەی ریكخراوەیەوە سوکان و بریاری حزبیان پاوانی خۆیان کردووە. بۆیە پرسی دەسەڵاتی بنەماڵەیی شتێکی تازە لەدەسەڵاتی سیاسی کورستان ناخاتە روو، کوردستان دەمێکە قوربانی و گیرۆدەی دوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی و ریزێک حزبی سیاسی ژێر قەڵەمرەوی کوڕانی بنەماڵەیە.
حكومەت لە کوردستان کە دیکۆرێکە بۆ داپۆشینی دەسەڵاتی میلیشایی، هاوکات روپۆشێکیشە بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی، بەڵام هیچ کام لەوانە ناتوانن و هەرگیزیش نەیتوانیووە ڕاستی هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵە، دابپۆشێ. هەموو کەسێکی هوشیار و ویژدان زیندو، ئەو راستیە دەزانێ، کە حکومەت و پەرلەمان ...تاد، بەتەواوەتی ئامرازی دەستی حزب و لەناو حزبیشدا، ئامرازی دەستی بنەماڵەن. لەکوردستانی پشت بەستوو بە هێزی چەکداردا، حکومەت و پەرلەمان، ناتوانێ هەژموونی حزب و بنەماڵە، ڕابماڵێ... یان رەوتی ریفۆرم و چاکسازی تیایدا مانای واقعی پەیا بکات.
هیچ حکومەتێک لە کوردستاندا ناتوانێ حکومەتی سەراسەری بێت، ناتوانێ دەسەڵاتی زاڵ بکات بەسەر دەسەڵاتی حزبی و هیچیشیان ناتوانن، دەسەڵاتی بنەماڵە کەنار بخەن. پێچەوانەی ئەوانە راستیەکی تاڵ و نەفرەتلێکراوی کۆمەڵگەی سیاسی کوردستانە.
هەرگیز حکومەت لە هەولێردا، ناتوانی ببێتە حکومەت لە زۆنی سەوزدا و بە پێچەوانەشەوە حکومەتی زۆنی سەوز ناتوانێ هیچ کاراییەکی لە زۆنی زەردا هەبێت. لەهەر دوو زۆنەکەشدا، هیچ حکومەتێک ناتوانێت دەسەڵاتی حزب لغاو بکات و لەوەش زیاتر قودرەتی ڕەهای بنەماڵە، بسرێتەوە.
حکومەت بەمانا باوە بۆرژوازیەکەی، تەنها کابینە نییە، تەنها ریزێک وەزارەتخانەو وەزیر نین. حکومەت لە هەر جێگایەکی ئەم دنیاو هەسارەیەدا، دەسەڵات و کۆمەڵێک ئەرک و سەڵاحیەتی بە یاسا" هەر یاسایەک" بۆ دانراوە، کە خەریکە جێ بەجێیان دەکات و حزبەکانیش ملکەچی بریارو دەسەڵاتەکانی دەبن. لە کوردستان نەک حکومەتی خاوەن دەسەڵات نییە، بەڵکو خودی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی ڕیگرن، لە حکومەتداری و دەسەڵاتی حکومی.
ئەگەر لەهەموو جغرافیایەکی پێناسەکراو و خاوەن قەوارەی دەوڵەتیدا، حکومەت مانایەکی هەبێت و خاوەنی دەسەڵاتی یاسایی و حقوقی، بێت... ئەوا لە کوردستاندا لە غیابی قەوارەو چوارچێوەی دەوڵەتیدا، لە غیابی یاسا و ریسای حکومەتداریدا، دەسەڵاتی میلیشیایی حزبی و بنەماڵە، هەمە کارەیە.
ئەگەر لە دۆخی نزیک بە سێ دەهەی سیاسی کوردستاندا ترسێک لە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیایی و بنەماڵەیی هەیە، رەواندنەوەی ئەو ترس و لەراستیدا مۆتەکەیە، تەنها دەتوانێت لەرێگای کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و کۆتاییهینان بە پەیوەندی نا نۆرماڵی ناوەند بە بەغداو چارەسەری کارسازو گونجاوی پرسی کوردەوە، بە ئاکام بگات، کە خەڵکی کوردستان تیادا رۆڵی شایستەی خۆیانی تیادا بگێرن.