ئێستا گۆڕان براوەی یەكەمە
2018-12-18 11:44:35
■ عارف قوربانی
هەرچەندە دەنگ و كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە پەرلەمانی كوردستانیش تا ئاستی نیوە دابەزیوە و بەراورد بە ژمارەی دەنگ و كورسیی هێزە ركابەرەكانی وەك دۆڕاوی یەكەمی پرۆسەی سیاسی چوار ساڵی رابردو دەردەكەوێت، بەڵام لە واقیعدا سیاسەت بە بەدیهێنانی ئامانج هەڵدەسەنگێنرێت، نەك بە ژمارەی دەنگ و كورسی. لەم روەوە بزوتنەوەی گۆڕان سەرباری كەمبونەوەی دەنگەكانی، براوەی یەكەمی پرۆسەكەیە.
لەم جۆرە وڵاتانەی رۆژهەڵات سندوقی هەڵبژاردن پێوەر نییە بۆ سەنگ و قورسایی هیچ هێزێكی سیاسی، هەرچەندە وەك كارێكی رۆتین لە زۆربەی وڵاتان بەشێوەیەكی روكەشانەی دیموكراسی پرۆسەكە بەڕێوەدەچێت و كار بە ئەنجامەكانیشی دەكرێت، بەڵام هۆكار زۆرن بۆ ئەوەی خەڵك متمانەی بە ئەنجامی پرۆسەی دەنگدان نەبێت. بەواتای ئەوەی ئەگەر سندوقی هەڵبژاردن هاوكێشەكانیش بگۆڕێت، نە دەربڕی راستەقینەی رای خەڵكە و نە پێگەی حەقیقی هێزە سیاسییەكان.
ئەوەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیشدا بەڕێوەچو هەمان شتە. ئەگەر زۆر گومانیش نەخەینە سەر شێوازی بەڕێوەچونی پرۆسەكە و دەستكاریی ئەنجامی دەنگدان، خۆ هەمومان لەوە دڵنیاین كە زیاتر لە نیوەی هاوڵاتیان بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنیان نەكرد.
كەواتا هەمو ئەو هێزانەی ژمارەی دەنگ و كورسییان كەمی كردوە، دەشێت پێگە و هێزیان لەناو ئەو جەماوەرە ناڕازییە بێت كە نەچونە سەر سندوقەكان. ئەمە بەتایبەت بۆ بزوتنەوەی گۆڕان راستە، دەنگدەری گۆڕان بەهۆی كۆمەڵێك پێشهات و نیگەرانی و هەڵوێستی ناڕونی سیاسی بەشداریی دەنگدانیان نەكرد. بەڵام گۆڕان بەهۆی كەمبونەوەی دەنگ و كورسییەكانی سارد نەبوەتەوە لە كاركردن بۆ ئامانجەكانی.
كوردی باكور پەندێكیان هەیە دەڵێ (ئەز خەدیجە ناخوازم، نەتیجە دەخوازم). سیاسەت لە هەرێمی كوردستان وای لێهاتوە بەشێكیان بەدوای دڵی خەدیجەوەن و هەندێكیش بەدوای نەتیجەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە بۆ ئێستا بە مكوڕبونی لەسەر ئامانجە سیاسییەكانی ئەوەی نیشانداوین كە لە بەرەی نەتیجەخواستنە. ئەگەر تەماشا بكەین لە ساڵانی رابردودا بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لەڕوی ئابوری و سەربازییەوە هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لەلایەك ئابڵوقەی دارایی خرایە سەری و لە هەمان كاتیشدا توشی شەڕی داعش هات. لەو قۆناغەدا پرسی گۆڕینی سیستەم و ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بە ئەندازەی ئەو دو هۆكارەی تر كێشەی سیاسی هێنایە پێشەوە. سەرباری ئەوەی لە ناوخۆ و لە دونیای دەرەوە گوشاری زۆر هەبون بۆ ئەوەی موراعاتی ئەو قۆناغە بكرێت و كوردستان لە دو جەنگدایە و كاتی ئەوە نییە خەریكی هەڵبژاردن و ئەو پرسانەی تر بێت، گۆڕان هیچ سازشێكی لەسەر نەكرد، كار گەیشتە ئەوەی وەك رێگرێك لەبەردەم قۆناغەكە وێنا بكرێت و بیر لە ئاوتكردنی بكرێتەوە. خۆیان كرد بە قوربانی مكوڕبون لەسەر ئەو ئامانجەی خەباتیان بۆ دەكرد.
ئێستا بە دەنگ و ژمارەی كورسی (پارتی) بوە بە هێزی یەكەم، بە ئەندازەیەك كە بە دەنگی هەرچوار هێزەكەی تر: (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتو، كۆمەڵ) ناتوانن تێیپەڕێنن. بەڵام بەو پێوەرەی كە سیاسەت بە بەدیهێنانی ئامانج هەڵدەسەنگێندرێت، پارتی براوە نییە. چونكە ئێستا نەك ناتوانێ ئامانجەكانی تری بەدەستبهێنێ، بەڵكو ناتوانێ دەست بە پاراستنی ئەو ئامانجانەشەوە بگرێت كە پێشتر پێی گەیشتبو.
لە چوار ساڵی رابردودا بەشێكی زۆر لە ناسەقامگیریی سیاسی هەرێم، وەكو هێزی یەكەم و دوەم، پەیوەست بو بە ململانێی پارتی و گۆڕانەوە. بۆ ئەو قۆناغە كامیان لەسەر حەق بون، ئێمە دادوەری ناكەین، ئەمری واقیع ئەوەی سەپاند كە دەبو گۆڕان موراعاتی ئەو دۆخە تایبەتەی چوار ساڵی پێشوی هەرێمی بكردایە، كە نەیكرد. ئێستا هاوكێشەكان بەجۆرێكی ترن، پارتی بەشێوەیەكی بەرچاو ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردوە و گۆڕانیش نیوەی كورسییەكانی لەدەستداوە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە پارتی ناچاری گرتنبەری رێگایەكە گۆڕان دەكاتە براوەی یەكەم. ئەویش بەوەی دو لە هەرە مەرجە سەرەكییەكانی گۆڕان دەچەسپێنرێت لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوری كوردستاندا.
گۆڕان لەو كاتەش كە ململانێكانی لەگەڵ پارتی لەوپەڕی توندیدابو لەسەر ئەو دو پرسە، بە راشكاوانە دەیانگوت كە ئێمە پرسەكە بەشەخسەنە ناكەین و هیچ كێشەمان لەگەڵ خودی بارزانی نییە، بەڵكو مەبەستمانە پرۆسەی دانانی سەرۆكی هەرێم بە فلتەری پەرلەماندا بڕوات. پارتی ئەمەی بەهەستیارییەوە وەرگرت و كێشەكان بەو ئاراستەیە رۆیشتن كە هەمومان لۆمەی دەكەین.
ئێستا پارتی رازییە لە قۆناغی یەكەمدا بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ كاراكردنەوەی دامەزراوەكە و كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكانی لەو دامەزراوانەی پێش چەند مانگێك بە رێككەوتنی فراكسیۆنەكانی پارتی و گۆڕان دابەشكرابون بەسەریاندا، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت. ئەمەش راستەوخۆ بەمانای ئەوە دێت كە سەرۆكی هەرێم لەبەردەم لێپرسینەوەی پەرلەماندا دەبێت. گۆڕان هەشت ساڵە ئەمەی دەویست كە ئەوكات بە هێزێكی زیاتر و پشتیوانییەكی زیاتری هێزە سیاسییەكانی ترەوە نەیدەتوانی بەدی بهێنێ، بەڵام ئێستا بە نیوەی دەنگەكانی پێشوی و بە تەنیا خۆی چوەتە گفتوگۆوە لەگەڵ پارتی و سازاون لەسەر ئەو رێكارە بۆ دانانی سەرۆكی هەرێم و هەروەها لەسەر كردنەوەی گرێكوێرەی دەستوری كوردستانیش كە لە رابردودا یەكێك لە هەرە پرسە ئاڵۆزەكان بو.
گەرچی لە خولەكانی پێشتری بەر لە هاتنی گۆڕاندا پرۆژەی دەستور هەمو رێكارە یاسایی و باوەكانی بڕیبو، ئامادە بو بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم رای گشتی و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام كە گۆڕان دامەزرا، یەكێك لە ئامانجەكانی رێگری بو لەوەی ئەو دەستورە تێپەڕێت و بیگۆڕێت بۆ دەستورێكی تر كە رەنگ و سیمای سیستەمی پەرلەمانی بدات، چیرۆكی ململانێكانی ئەو پرسە لە یادەوەریی هەموماندا ماوەتەوە، سەرئەنجام دەستور گەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمان و پێویست بو لە ماوەیەكی دیاریكراودا بەسازانی نێوان هەمو لایەنەكان هەموار بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی كێشە سیاسییەكانی تر و هەروەها جارێكی تر بەهۆی ناكۆكی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، بە بنەست گەیشت.
ئێستا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان مەیلێك هەیە كە دەستور ئامادە بكرێت و تێپەڕێنرێت. رێككەوتنی پێشوەختەی پارتی و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكی هەرێم، لەمپەرەكانی بەردەم نوسینەوەی دەستور رادەماڵێت، چونكە پێشتر ئەو لیژنەیەی پەرلەمان كە لە نوێنەری هەمو لایەنەكان پێكهاتبو، بەشی زۆری كارەكانی تەواو كردوە و لەوێ چەقی بەست كە شێوازی دیاریكردنی سەرۆك بو. بە یەكلاكردنەوەی پێشوەختەی ئەو خاڵی ناكۆكیە، رێگە بۆ تێپەڕاندنی دەستوریش خۆش دەبێت و ئەمەش ئاماژەیەكی رونە كە لە دەستپێكی ئەم خولەی پەرلەماندا دەتوانرێت دەستور بۆ كوردستان ئامادە بكرێت. بەمەش گۆڕان لە كەمتر لەماوەی دو ساڵی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا و بە كەمبونەوەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی بۆ ئاستی نیوە، بەڵام دو لە هەرە ئامانجە گرنگەكانی بەدی دەهێنێ، بۆیە نەك نەدۆڕان، بەڵكو بون بە براوەی یەكەم.