Draw Media

تازەترین تەنزیری سیاسی کورد

تازەترین تەنزیری سیاسی کورد

2018-12-18 08:59:03


 

■  هونەر تۆفیق 
تەسلیمی ئیرادەی خەڵک نابین !! ئەمە ئەو تەنزیرە سیاسیە تازەیە ، ئەگەر کادیرێکی حیزبی پارتی یان یەکێتی بیگوتایە شاربەدەرمان دەکرد . بەڵام ئەمە گوتەی کادیرێکی بزوتنەوەی گۆڕانە . لەمانادا هیچی کەمترنیە لەو بەکەمگرتنەی سەرۆقادر ، کاتێک گوتی خەڵک وەک سەگ وایە ، نانی بدەرێ پێت ناوەڕێت .
سەیرە بزوتنەوەی گۆڕان جگە لەوەی وازی لە سیاسەتی گۆڕینی سیستەمی سیاسی هێناوە ، بەرەو تۆڵەکردنەوە لە خەڵک دەڕوات ، چونکە لە دوو هەڵبژاردنی ڕابردوودا دەنگیان پێنەداوە یان وەک بەخۆیان دەڵێن چونکە بەشداری لە دەنگداندا نەکردووە . 
خەڵک ( گەل ) لە پرۆسەی سیاسی هەر میللەتێکدا سەنتەری بڕیار و هەڵوێستە حیزبیەکانە . بەڵام هێزە سیاسیە نەخوێندەوارەکان ( بەئێستای بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە ) دەچنەوە سەر هەمان تێڕوانینی سەقیفەی بەنی ساعدەی بەر لە چوارسەدەی دورگەی عەرەبی کە میتۆدی بە عەوام کردنی خەڵکیان داهێنا . 
کاتێک محمەد پێغەمبەر کۆچی دوایی کرد ، هاوڕێکانی لە لە ماڵی سەقیفە کۆبوونەوە تا شوێنگرەوەی محەمەد هەڵبژێرن . لەوێدا بڕیاریاندا ئەبوبەکری سدیق بکەنە خەلیفە و بەیعەتیان پێدا . یەکێکیان گوتی : ئێمە ئەبوبەکرمان هەڵبژارد ، بەڵام ڕای خەڵک چی ؟ کێ دەڵێت زۆرینەی خەڵک بەیعەی پێدەدەن ؟ یەکێکی وەک ئەم مونەزیرەی گۆڕان کە دەڵێت تەسلیمی ئیرادەی خەڵک نابین ، گوتی : ئێمە گوێ بە ڕای زۆرینەی خەڵک - عامە الناس نادەین . چونکە عەوام ( عامە الناس ) نەزانە ، ئەگەر بڕیاری سیاسی بدەینە دەست ، ئومەت بە هەلاکدا دەبات . لەو کاتەوە چەمکی عەوام ( زۆرینەی خەڵک ) وەک نەزان و گەمژە بەکاردێت لەناو کۆمەڵگەکانی ئیسلامدا . لەپاش ١٤ سەدە تازە بەتازە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم چەمکە زیندوو دەکاتەوە و لەزمانی کادیرە نەخوێندەوارەکانیەوە تەنزیری بۆ دەکەنەوە ، حساب بۆ ئیرادەی خەڵک ناکەن .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand