Draw Media

لە كوێی یەكێتیەوە دەست پێ بكەین

لە كوێی یەكێتیەوە دەست پێ بكەین

2018-12-18 08:40:22


■  ژوان ئەحمەد


ڕەنگە مایەی سەرئێشە بێت كە هێندە لەسەر سیاسەت یان حزبێك بنوسیت، سەرئێشە بۆ خودی خۆت ( لەبەر تانە‌و هێرشی كاسەلێس‌و ملكەچەكان)، سەرئێشە بۆ هاوڕێكانی ( كە حزب تا سەر ئێسك بێزار‌و ماندوی كردون).

بەڵام حزب وەك یەكێك لە پایەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لێرە لە وڵاتانی رۆژهەڵات‌و لەناو وڵاتانی لانكی دیموكراسی‌و مۆدێرنەش، هێشتا زەرورەتی مانەوەو بەردەوامی هەیە‌و بۆ ئایندەیەكی دوریش تا ئێستا بەدیلێك لە ئاسۆدا بۆ جێگرتنەوەیان دیار نیە، بەپێچەوانەی ئەوانەی كە لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە بە بانگەشەی مەرگی مۆدێلی حزب مێشكیان ئاخنین‌و توشی سەرگەردانی فكریان كردین.

بەڵام پرسیار ئەوەیە لێرە حزب چۆنە‌و لەوێ چۆنە؟
لەو ڕوانگەیەوە ئیدی پێویستە بەردەوام كار لەسەر حزب بكەین، بە ئاراستەی ڕێككردنەوەی حزبەكان كە بەرنامە‌و كار‌و رەفتار‌و ئاكاریان بچێتە جۆگەلەی خزمەت كردن بە كۆمەڵ‌و دیموكراسی‌و ئازادی، نەك رۆیشتن بەرەو دەستە‌و كارتێلی مافیایی‌و نەهێشتن‌و زەوت كردنی بژێوی‌و ئازادی خەڵك، بە مانایەكی دیكە، حزب وەك ئەو مۆدێلە لێ بكەین كە لە وڵاتانی دیموكراسیدا هەن‌و خزمەت بە كۆمەڵ دەكەن‌و لەناو كۆمەڵن، نەك ئەوەی لێرە هەیە حزب بۆتە ئامانج‌و كۆمەڵ بۆتە ئامرازی خزمەت پێكردن.

ئەگەر ئاوڕ لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتی بدەینەوە، تا دەگاتە نەوەدەكان، ئەم حزبە هەمیشە لە خەمی پەروەردەكردنی كادرانی خۆیدا بوە، هەمیشە لە خوارەوە بۆ سەرەوە كاری كردوە تا كادری نەوعی دروست بكات‌و كاریگەریان هەبێت لەسەر چین‌و توێژەكانی كۆمەڵ، سەرەتا بە دەستەبژێرێكی گەنج‌و خوێندەوار لە كایەكەدا خۆی سەلماند، دوای راپەرینیش تا بۆی كرا لە ڕێگەی ڕێكخستن‌و پەخشنامە‌و پەیمانگای كادرانەوە سەدان كادری سیاسی‌و كۆمەلایەتی لە ناوچە‌و ئۆرگانە جیاجیاكان دروست كرد.

جگە لە پەروەردە شۆڕشگێڕیەكەی، ئەوەی یەكێتی لە باقی حزبەكانی دیكە جیاكردبۆوە، بونی دیدێكی رۆشن‌و نزیكی بوو لە خواست‌و هیوای خەڵكەوە بۆ ئایندە، ئەگەرنا حزبی دیكەش هەبون لە شاخ وەك شۆڕشگێڕ خۆیان دەناساند‌و بەشداربون، حزبی دێرینتریش هەبون كە هەڵگری بیری چەپ بون، بەڵام لەبەر خەسڵەتەكانی یەكێتی، خەڵك یەكێتی بونیان هەڵدەبژارد لەبری حزبی دیكە.

ئەو راستیانە هەموان دەیزانن، بەڵام سەمەرە لەوەدایە ئەوانەی ئێستا ستێرنی یەكێتیان بەدەستەوەیە، ئاوڕ لەوە نادەنەوە بۆچی خەڵك لە یەكێتی دوردەكەوێتەوە؟؟ ( كە لە راستیدا یەكێتی یە خۆی لە خەڵك دور خستۆتەوە، بۆیە خەڵكیش بەپیریەوە نایەت).

لە پرۆسەی دیموكراسی دا هەموو حزبێك ئایدیایەكی میحوەری هەیە كە ئامانجەكانی تیادا رون دەكاتەوەو هەوڵ بۆ راكێشانی زۆرترین جەماوەر دەدات، مەحاڵە دوو حزبیش لە دید‌و تێروانین‌و ئایدۆلۆژیا وەك یەك بن، ئەگەرنا پێویست بە بونی هەردوكیان ناكات‌و دەبێت ببنە یەك حزب، لێرەوە دەتوانین ئەوە دیاری بكەین كە چی بۆ بوژاندنەوەی یەكێتی‌و راست كردنەوەی ڕێچكە‌و كاروانەكەی بكەین.

كۆی ئەزمونی هەموو حزبەكانی جیهان بخوێنەرەوە، هیچ ئەزمونێك نابینی شكستی نەهێنابێت كاتێك كادر‌و بەرپرسانی حزب بەرامبەر بە پارە یان پۆست‌و ئیمتیازات كرایان كردبێت، حزب دوركەوتبێتەوە لە ئامانجەكانی‌و فكر‌و ئایدۆلۆژیای فەرامۆش كردبێت، باشترین نمونەش حزبی بەعسی سەدام حسێنە كە لەوپەڕی هێزەوە هاتە خوارەوە‌و نەك دەسەڵات بەڵكو خۆیشیان لەناوچون.

( تاهر توفیق العانی) لە كتێبی ( انهیار العراق المفاجی‌ء و تداعیاته) ئەو هۆكارانە رون دەكاتەوە كە بونە هۆی روخانی حزبی بەعس وەك( هاتنە پێشەوەی كەسەكان لەسەر بنەمای خزمایەتی نەك شایستەیی، پێدانی موچە بە كادری حزب ئەوەش وایكرد ئیدی پلە باڵاكانی حزب هەرگیز دەسبەرداری شوێنەكانیان نەبن، گوێنەدان بە رەخنە لەناو حزب، دوفاقی لە ئایدۆلۆژیای حزب‌و گۆڕینی بەپێی دۆخی ناوچەكە لە چەپ بۆ ئایینی، بایەخدان بە لایەنی سەربازی‌و فەرامۆش كردنی فكر، دوركەوتنەوەی سەدام‌و سەركردەكانی بەعس لە خەڵك... چەندین هۆكاری تر).

خۆ ئەگەر حزبەكانی كوردستان بدەیت لە بێژەنگی ئەو هۆكارانە، بەڕونی دەبینیت حزبەكان بە گشتی لە سەرەمەرگدان بەڵام فاكتەری نادڵنیایی لە بەرامبەر عێراق هێشتا وایكردوە بمێننەوە، بۆیە قۆناغەكە بۆتە یەكلاكەرەوە بۆ حزبەكان، ئایا بەو شێوەیە بەردەوام دەبن یاخود بە رەخنە لە خۆگرتن‌و راست كردنەوەی هەڵەكان ئیدی سۆزی خەڵك دەگێڕنەوە بۆ خۆیان.

بۆ یەكێتی، زۆر پێویستە بە زوترین كات كاربكات لەسەر ژیاندنەوەی فكر لەناو حزب، بە گۆشكردنی كادری رۆشنبیر‌و خاوەن عەقڵ‌و فكر، لەلایەك بۆ ژیاندنەوەی حزب‌و لەلایەكی دیكەش بۆ ئەوەی خەڵكی ئاسایی هەست بە جیاوازی یەكێتی بكات بە بەراورد بە حزبەكانی دیكە.

خاڵێكی تری جەوهەری بۆ یەكێتی ئەوەیە، پێویستە دان بە شكستی خۆماندا بنێین، شكست لە بەدەست هێنانی متمانەی خەڵك لە هەڵبژاردن، شكست لە خزمەت كردنی خەڵك لە كایەی حوكمڕانی، ئەوەش بەبەراورد كردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێت نەك بە پیاهەڵدان‌و چاپلوسی هەندێك بەرپرس یان كادر، چونكە دیارە ئێمە لە نێوان دوو هەڵبژاردندا زیاتر لە دوو سەد هەزار دەنگ كەممان كردوە‌و لە بەرامبەردا كەسانێكی پۆپۆلیست‌و رابردوو خراپ دەنگیان لێ بردوین، چ خێرە ئەم كشانەوەیە بە سەركەوتن وەسف دەكەین‌و نقورچێكی رەخنە گرانە لە ویژدانی حزبیانەی خۆمان ناگرین؟؟!.

بۆ گشت ئەوانەش، دەبێت هەرچی زوترە كۆنگرەیەكی ئازاد‌و پڕ لە گۆڕانكاری بكەین، كۆنگرە نابێت لە سێ مانگی داهاتوو زیاتر بخایەنێت، ئەگەرنا تا ساڵی داهاتوو سەرجەم ئۆرگانەكان پڕدەكرێن لە دەسكێشی تەكەتولچیەكان‌و ئەم كۆنگرەیەش بە دەردی كۆنگرەی سێ دەبەن‌و بە تەواوی هیوای بوژاندنەوە لە كۆنگرەدا دەنێژن، پێویستە لە كۆنگرەی داهاتووی یەكێتی كاراكتەری نوێ بە بیر‌و ئاراستەی نوێ بێنە پێشەوە، لەگەڵ كۆمەڵێكی كەم لە سەركردە دێرینەكان، سەرلەنوێ بزوێنەری یەكێتی بخەنەوە كار بۆ خزمەت كردنی خەڵك، ئەگەرنا ئەم حزبە ناتوانێت بەو شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت، چ لەسەر ئاستی سیاسی، چ لەسەر ئاستی جەماوەریش، دواتریش مێژوو هیچ سودی نامێنێت كە یەكێتی لە شاخ چی كردوە یان چی بەخشیوە ( هەمومان ئەزمونی حزبی شیوعی عێراقمان بینیوە كە لە چ لوتكەیەكەوە هاتۆتە خوار بۆ چ دامێنێكی كارەساتبار، بزوتنەوەی فەتحی عەرەفاتمان بینی كە بەدەست گەردەلولی حەماسەوە بە چ دەردێك چوو).

ئێمەی كادری یەكێتی پێویستە فشار بكەین بۆ بەستنی كۆنگرەی ئازاد‌و گۆڕانكار، كۆنگرەیەك فكر‌و ئایدۆلۆژیا‌و پەیكەرەی یەكێتی بژێنێتەوە، كۆنگرەیەك دور لە سپی كردنەوەی لیستە ڕەشەكانی تەكەتول‌و هێنانە پێشەوەی نەوەی كاربەدەستەكان‌و پاسیڤ كردنی دەستەبژێر‌و كادرە رۆشنفكر‌و سیاسیەكان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand