Draw Media

پۆپۆلیزم، یاخیبون، هه‌رێمی كوردستان

پۆپۆلیزم، یاخیبون، هه‌رێمی كوردستان

2018-12-18 07:59:38


■  به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 
خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ بۆ ئاینده‌یه‌كی نزیكی هه‌رێمی كوردستان:
یه‌كه‌م: ڕووداوه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌گشتی، وه بیستو حه‌وت ساڵی ڕابردوو جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییان ته‌واو شه‌كه‌ت كردووه‌. ئاماره‌كانی دادگاو، ڕێژه‌ی بێ كاری و كۆچ و مردن و نه‌خوێندنه‌وه‌و نه‌خوێنه‌واری و...تادوایی.
دووه‌م: هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ئه‌گه‌رچی سه‌دان ماشێنی میدیایی جۆراوجۆر و ده‌یان حیزب و شێوازی تیا به‌كارهێنراوه‌، سه‌دان ملیۆن دۆلار بۆ هه‌رێمێكی وا چكۆلانه‌ خه‌رجكراوه‌، هێشتا 60% ی خه‌ڵك ده‌نگی نه‌داوه‌. واته‌ به هه‌موو حیزبه‌كان ته‌نها نوێنه‌ری 40% خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگان (بول بیا سه‌رۆكی كامیرۆن بۆ حه‌وته‌مین جار زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام خۆی ده‌نگی بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك داوه‌ و، ده‌گمه‌ن خه‌ڵك به‌شدارییان كردووه‌، له‌ كۆنگۆ-DRC - ئه‌وانیش تووشی جینۆساید بون به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ نزیكه‌ی سه‌ت گروپی چه‌كداری جۆراو جۆر ململانێی چه‌كداری ئه‌كه‌ن، زیاتر له‌ 14 ملیۆن خه‌ڵك پێویستیان به‌هاریكاری مرۆیی هه‌یه‌).
سێهه‌م: پۆپۆڵیزم (شه‌عبه‌ویه‌ت) له‌ ئه‌وروپاوه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و، له‌ ئه‌وروپاشه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی دوای ساڵی (2008) ه‌وه‌. ئێستا " موعاره‌زه‌ی شه‌عبی" ڕوو له‌گه‌شه‌سه‌ندنه‌ له‌ ئه‌وروپا، هێله‌ك زه‌رده‌كان و ڕووداوه‌كانی فه‌ڕه‌نسا ته‌نها سه‌ركه‌فی ئه‌و قوڵپه‌ن كه‌ له‌ناو مه‌نجه‌ڵی تیۆره‌ خۆرئاواییه‌كاندا ئه‌كوڵێن. ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ توركیا له‌ناوخۆی خۆیدا زۆر لێی ئه‌ترسێ و ده‌مێكیشه‌ كار بۆ به‌رگرتن له‌و مه‌ترسییه‌ ئه‌كات، ته‌نانه‌ت توركیا به‌و قووڵاییه‌ ستراتیژییه‌ی خۆیه‌وه‌ زۆر له‌و هه‌ژموونه‌ بچوكه‌ی "شاسوار عه‌بدلواحێد" له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاگایه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێز شه‌عبه‌ویه‌ته‌ وه‌ك نه‌شئه‌یه‌ك له‌هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ زیاتر په‌ره‌بسێنێت. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا په‌رله‌مانی كوردستان په‌رله‌مانێك نییه تیایدا كۆمه‌ڵێك "فه‌قیهو موشه‌ریع" ی قانونی و ئابوری و دیبلوماتی ئه‌دا بكه‌ن و، چاودێرێكی به‌هێز بێت (په‌رله‌مان: دیارده‌یه‌كی ناوخۆیی نییه‌، دیارده‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوری و دیبلۆماسی و ژینگه‌یی و ئابورییه‌، مه‌سه‌له‌ن نابێت یاسایه‌ك ده‌ربكرێ سه‌باره‌ت به‌ژینگه‌ بێ ئاگابیت له‌ژینگه‌...وه‌ هه‌روه‌ها)..

چواره‌م: بنه‌ماڵه‌گه‌رێتی له‌ هه‌رێمی كوردستان (هه‌موو حیزبه‌كان له‌ باشوری كوردستان حیزبی بنه‌ماڵه‌و خێزان و گه‌شه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ناجۆرن) تاكه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌، كه‌ له‌ده‌وری ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ چه‌ندین ڕه‌وی دڕنده‌و ملیاردێر و ده‌ستبڕو چه‌ته‌ گردبونه‌ته‌وه‌. تادێت ژیانی خه‌ڵكیش له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕوو له‌ پاشه‌كشه‌ ئه‌چێت. جا ئه‌م دیاردانه‌ هانا ئارێنت له‌ " بنه‌ماكانی تۆتاڵیتاریزم" دا باسی ئه‌كا. لێره‌دا چۆن شێرپه‌نجه‌و نه‌خۆشیه‌ ڤایرۆسیه‌كان نیشانه‌ی خۆیان هه‌یه‌و، كۆتایشیان هه‌یه‌. ئه‌م دیاردانه‌ مێژووكردن.

پێنجه‌م: گرفته‌كانی خه‌ڵك مووچه‌و به‌نزین نییه‌، هاوڵاتی له‌سه‌رده‌می ئینته‌رنێت و كۆمیونیكه‌یشن دا، تێئه‌گات كه‌ كه‌رامه‌تی مرۆیی پێشێلكراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ سه‌ر به‌خۆیی دادگاو هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌ردو ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان دێته‌دی. ده‌سته‌ڵاتی كوردی له‌ زۆنی هه‌ولێر و سوله‌یمانی له‌بری ده‌ستبردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ڕیشه‌یی گرفته‌كان، خه‌ریكی كڕینی سیاسیی و ڕۆشنبیره‌ نیوداشه‌كانی ناوچه‌كانی یه‌كترن، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ مۆدێلێكه‌ مێژووییه‌كی كۆنی هه‌یه‌و گرفته‌كان قووڵتر ئه‌كاته‌وه‌.
شه‌شه‌م: ڕووداوه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و ئه‌مدواییه‌ی باشوری كوردستانیش، ئه‌وه‌یان ده‌رخستوه‌ هه‌رێمی كوردستان و كوردستان به‌گشتی پێویسته‌ له‌ناوه‌وه‌ فه‌تح بكرێت، هه‌ندێ له‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئه‌به‌خشن تا یه‌كێ له‌ تینك تانكه‌كان دوو گفتی لێوه‌رگرن. ئه‌مانه‌ ته‌نها دوو گه‌ڕه‌ك "هه‌رێمی كوردستان دووگه‌ڕه‌كی شاره‌ هاكه‌زاییه‌كانی دونیا نابێت" پێ به‌ڕێوه‌ نابڕێ، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كیان گیرۆده‌ كردووه‌، ئه‌یانه‌وێ له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێ سه‌ركزی حیزبه‌وه‌ داخی ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ن. ئازادی شیرینه‌، ئه‌وانه‌ تامی ئه‌كه‌ن له‌ دۆخی حیزب دێنه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ ده‌سته‌ڵاتی كوردی ته‌نها لای خه‌ڵكه‌ ڕه‌شووڕووته‌كه‌ی ئه‌و دووگه‌ڕه‌كه‌ شتێكی گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه‌.!.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand