Draw Media

له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى دوو ڕۆژى داهاتووى پارتى

له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى دوو ڕۆژى داهاتووى پارتى

2018-12-17 18:47:03


■  سەرتیپ وەیسی كەریم 

ئه‌و شانده‌ى پارتى كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌، بچێته‌ سلێمانى كاتژمێر 11 ده‌چنه‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى و به‌ درێژایى ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵ شاندى یه‌كێتیى له‌سه‌ر ته‌واوى ورده‌كارییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم گفتووگۆده‌كه‌ن. ڕۆژى دواتر هه‌مان شاند ده‌چنه‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كى گۆڕان دووباره‌ به‌ ورده‌كاریه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆان گفتووگۆده‌كه‌ن.
ئه‌و شانده‌ى پارتى بڕیارى ته‌واویان له‌لایه‌، تاڕاده‌یه‌كى زۆریش پارتى زۆربه‌ى قه‌زیه‌كانى یه‌كلاكردۆته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وى دووڕۆژى داهاتووشدا پارتى زیاتر گوێ له‌ یه‌كێتى و گۆڕان ده‌گرێت، تاوه‌كو بزانێت ئه‌وان چ داواكارییه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌ك مه‌رجى ته‌عجیزی و قورسیان نه‌بێت له‌ دانیشتنى دووه‌مدا ڕێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌كات.
یه‌كێتى و گۆڕان به‌هۆى ترسیان له‌ یه‌كتر، ڕه‌نگه‌ له‌ گفتووگۆكانیان جۆرێك نه‌رمى به‌رامبه‌ر پارتى بنوێنن و بیانه‌وێ زووتر رێكبكه‌ون، پارتیش ئه‌و ناكۆكى و ململانێیه‌ى قۆستۆته‌وه‌. 
پارتى دیموكراتى كوردستان، ده‌یه‌وێت له‌سه‌ره‌تادا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وى گۆڕان و یه‌كێتیى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ڕێككه‌وتن بكات و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن، پاشان په‌رله‌مان ده‌ستبكات به‌ كاراكردنه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى به‌سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان، دواتر ڕاسپاردنى مه‌سرور بارزانى له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.
له‌م خوله‌دا پارتى رازیه‌ سه‌رۆك له‌ ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتیى و گۆڕان هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌، به‌ڵام پارتى له‌ گفتووگۆكان به‌و شێوه‌یه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات، كه‌ مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان، یان له‌ ناو خه‌ڵك، ده‌بێت له‌ ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان یه‌كلابكرێته‌وه‌، ڕازیبوونیان به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌مان ته‌نها له‌و خوله‌دا ده‌بێت.
دواى ئه‌وه‌ى پارتى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و سامانه‌ سروشتییه‌كانى بۆخۆى یه‌كلاكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ گفتووگۆكان جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رپشكردنى گۆڕان و یه‌كێتیى بۆ وه‌رگرتنى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى سیادى ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌و ناوخۆیه‌.
مه‌سه‌له‌ى دانانى دوو جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ نه‌ماوه‌و ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین دووجێگرهه‌بێت، ئه‌مه‌ خواستى یه‌كێتیشه‌، به‌ڵام ده‌كرێ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كاتى گفتووگۆكان ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ پێشنیاز بكاته‌وه‌، داوا له‌ پارتى بكات دوو جێگر بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت دابنرێت.
پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ به‌نده‌ به‌و كێبركێیه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى له‌ باره‌ى وه‌رگرتنى پۆسته‌كان ده‌یكه‌ن، چونكه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر جگه‌ له‌و پۆستانه‌ى باسمان كرد ئه‌و دوو هێزه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كانه‌وه‌، ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ هه‌شت وه‌زاره‌ت و دوو ده‌سته‌ گفتووگۆى له‌باره‌یه‌وه‌ بكه‌ن و داواى بكه‌ن.
پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتیى یه‌كلابۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ یه‌كێتیى سووره‌ له‌سه‌ر وه‌رگرتنى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدایه‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ گۆڕان بێت، له‌ برى ئه‌وه‌ى دوو جێگر بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت دابنرێت.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نایه‌وێ له‌ كابینه‌ى داهاتوودا به‌ جێگرى سه‌رۆكێكى هه‌رێم و چوار وه‌زاره‌ت بچێته‌ حكومه‌ت، بۆیه‌ له‌ گفتووگۆكانیان داواى زۆر له‌وه‌ زیاتر ده‌كه‌ن، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ریش بچنه‌ نێو حكومه‌ت به‌ به‌هێزیه‌وه‌ نه‌بێت، ناتوانن قاعیده‌ى جه‌ماوه‌ریان ڕازیبكه‌ن.
یه‌كێتى له‌و گفتووگۆیانه‌ى ده‌یكات داواى وه‌رگرتنى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات بۆ قوباد تاڵه‌بانى و وه‌زیرى ناوخۆش بۆ ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سول، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ پارتى ڕازیبێت به‌مه‌ به‌تایبه‌ت پێدانى وه‌زیرى ناوخۆ به‌و حزبه‌.
به‌هۆى ئه‌وى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى ئه‌گه‌رى زۆره‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ببه‌ن ، ئه‌گه‌رێكى لاوازیشه‌ وه‌زیرى ناوخۆ بدرێت به‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ڕێواز فایه‌ق ببێته‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان و بێگه‌رد تاڵه‌بانى چانسى كه‌مببێته‌وه‌، چونكه‌ ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌مه‌یان قبوڵ نییه‌، كه‌ دوو پۆستى باڵا بدرێت به‌ ئه‌وان.
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌گه‌ر جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌رنه‌كه‌وێت، ڕه‌نگه‌ وه‌رگرتنى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و چه‌ند وه‌زاره‌تى كه‌مى به‌لاوه‌ گرینگ نه‌بێت و پاشه‌كشه‌بكات له‌ به‌ژداریكردنى حكومه‌ت.
پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ نه‌خشه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ، جگه‌ له‌ پێدانى چه‌ند پۆستێك به‌ پێكهاته‌كان، نایه‌وێ هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامیشه‌وه‌، گفتووگۆیان له‌گه‌ڵ بكات له‌باره‌ى هاتنیان بۆ ناو حكومه‌ت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand