ھێنانی ڕەخنە و تێپەڕاندنی جنێو
2018-12-16 16:49:32
■ فارس نەورۆڵی
لەو کۆمەڵگایانەی کارەکان و کردەوەکان لەچوارچێوەی عەقڵدا نیە ھەموو شتێک مانایەکی جیاوازتر لە مانا و ڕەسەنایەتی خۆی وەردەگرێت لێرەوە بێ مانایی دەبێتە مۆدێل ئیتر کارەسات لێرەوە دەست پێدەکات لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، دروست لە ٢٠٠٣ وە مەسەلەی ئازادی و ڕادەربڕین بوو بە وێردی زمانی لەم پەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی ڕاست دواتر مەسەلەی ڕەخنە و ڕەخنە لە ھەمووشت بوو بە پاڵەوان کردنی خەڵک بەڵام بە پێوەرەکانی زانست ئەم جۆرە لە ڕەخنە زۆربەی جنێو بوو لە قاڵبی ڕەخنەدا ئیتر زۆرێک لەسیاسیەکان لەڕێگای کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس چ لەڕۆژنامەکان و چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژی ڕکەبەرەکانیان دەستیان کرد بە ناوزڕاندن و شکاندن و تا وایلێھاتووە کەس لە ترسی میدیا و جۆرەکانی لەخۆی ئەمین نەبێت بە مەرجێک ھیچ لەو نوسین و وتارانە ناچنە ناو چوارچێوەی ڕەخنەی ڕەسەن و زانستی یەوە ئەوانەی لەم جۆرە لە فەوزا برەو پێدەدەن ڕەخنە و جنێو لێک جیا ناکەنەوە ئەگینا نەخۆش چەندە پێویستی بە دەرمانی پاک و چارەسەری دروست ھەیە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان ئەوەندە پێویستی بە ڕەخنەی ڕەسەن ھەیە بۆ چارەسەری نەخۆشیە سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکانمان بۆ ڕاست کردنەوەی ھەڵەکانمان. بۆیە دەبێت لەمەودوا لە چوار چێوەی یاسا و بە پێوەری ئەخلاق ڕەخنەی ڕەسەن و جنێو لەیەک جیا بکەینەوە کەواتە پێویستە بزانین جنێو چیە و ڕەخنەی ڕەسەن چیە ڕەخنەی ڕەسەن ھەموو ئەو نوسین و قسەکردنانەیە لە چوارچێوەی ئەقڵ و دڵسۆزی بۆ وڵات دەگوترێ و دەنوسرێت واتە ھونەری بڕیاردان و جیاکردنەوەی ڕاستەکان و دەرھێنانی لە ھەڵە ئامرازێک و ھۆکارێکی ئەقڵانیە ئامانجی ئامادەکاری ھۆشیاری و گێڕانەوەی بایەخە بۆ مرۆڤەکان و ھەوڵێکی ڕاستگۆیانەیە بۆ تێگەشتن لە جیھان و گۆڕینیەتی لە ڕێگەی دۆزینەوەی کەلێنەکان و ئاشکرا کردنی بۆسەکان کە لە ڕێگاماندا دانراون ھەرچۆن (ئەمانوئێل کانت) وتی (چاخەکەمان چاخی ڕەخنەیە ھەموو شتێک پێویستە ملکەچی ڕەخنەبێت بۆ ڕەخنە و پشکنینی ڕەخنەیی بەمەش وەرگرتنی یاخود رەتکردنەوەی ھەربابەتێک ساغ دەکاتەوە ھەروەھا وەرگرتنی بڕیارێکی ژیرانە لەسەری ئەمەش پێویستی بە کرانەوە و ئازادی ھەیە لە نێوان نوسەران و ڕەخنە گرانی ڕەسەن و حکومەتی کوردستان تا فریو دەرەکان بناسرێن کە لە ڕێگای فریو دانی کۆمەڵگاوە بەرژەوەندی خۆیان مسۆگەر بکەن ، ئیتر پێویستە رەخنەگر و جنێوفرۆش لەیەک جیا بکەینەوە یاخود ئەوانەی چەمکی نامۆ بەم کۆمەڵگایە قوت دەکەنەوە چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە وایان کردووە کە متمانە لەنێوان خەڵکدا نەمێنێت کاتێکیش متمانە لەنێوانماندا نەما ھیچمان پێناکرێت ھاوبەشی لەنێوانماندا نامێنێت کە ھاوبەشیش نەما ناتوانین ببینە ھاوکاری یەکتر ئەمەش کێشە بەدوای کێشەدا لەگەڵ خۆی دەھێنێت ژیانمان دەبێتە گواستنەوە لەکێشەیەکەوە بۆ کێشەیەکی دیکە بۆ چارەسەری ئەم دۆخەش بۆ دروستکردنی زەمینەیەک بۆ ڕەخنەی ڕەسەن و گفتوگۆ وتێپەڕاندنی قۆناغ و دۆخی جنێو پێویستە کەناڵێک ھەبێت لەنێوان حکومەتی کوردستان و ئەو عەقڵە ڕەخنەگرانەی کەچاکەی گشتیان دەوێت بونیادێکی بەھێزیان دەوێت بۆ کوردستان بۆ گفتوگۆکردن و ھاوکاریکردنی یەکتر بێ ئەوەی کەسیان ئەوی تر ئیستغلال بکات ئەمەش دەچێتە قۆناغێکی نوێ و دۆخێکی عەقڵانی و تێپەڕاندنی دۆخی جنێو دەمداخستنی جنێوفرۆشان سەبارەت بەجنێوفرۆشان و ئەھریمەنەکانی پشتیان دوو وەڵام یان دو ڕێگا ھەیە ، ڕێگای یەکەم بۆچون و قسەجوانەکانی (ئاشۆنی باکۆن) جێ بەجێ بکەین کە دەڵێت گوێ لەجنێودەران بگرە بەڵام وەڵامیان مەدەرەوە گوێگرتن لەجنێودەران فێری ئەوەمان دەکات شانازی بەپەروەردەی خۆتەوە بکەیت ، وەڵام نەدانەوەشیان شانازی ئەوەت پێدەبەخشێت کەتۆ لەوان نیت، یاخود ئەوەیە ئەم شیعرەی ئاغا رۆستەمی بکەیتە وەڵام بۆیان:
ئارامت بوێ ڕاوێسە تاوێ
فڵتە فڵتی تۆم لێ حاڵی ناوێ
حەرفێ پڕوپوچ بێ مایەو سەرفێ
دیارە وەکو سەگ لەمانگ دەگەفێ