"بێ دەنگیی"یەکی خنکێنەر بەڕێوەیە!
2018-12-16 10:36:35
■ هادی حەمەرەشید
1
"کوندەپەپوو" یەکێکە لە پڕ جەدەلترین باڵندە، بەو پێیەی لای هەندێك لە کۆمەڵگاکان "شووم" و مەرگهێنەرە، لای هەندێکیتریان "دانا" و دووربینە!
لای یۆنان سیمبولی داناییە، بەڵام لای میسرییە کۆنەکان ڕەمزیی مەرگە، لای عەرەب پەیامبەری وێرانە و لەناوچوونە، لای ئەوروپییەکان سەرەتا هەمان سەرنج هەبوو، بەڵام لەسەردەمیی ڕۆشنگەریدا گۆڕا بۆ باڵندەیەکی پڕ لە ویقار و دانایی.
عەرەبەکان باس لە خوێندنە پچڕ پچڕ و ناوەختەکەی ئەکەن لە نیوەی شەودا، لەڕۆژدا بێدەنگە و نووستوە، بەڵام لەشەودا بە دوو چاوی ئاوەڵای فراوانەوە سەیر ئەکات و لەناوەختدا ئەخوێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیتر ئەم بۆچوونە تادێت کاڵ و کاڵتر ئەبێتەوە لای ئەوانیش، ئێستا شەپۆلێك لە کاری هونەریی لە دنیای عەرەبدا ئەنجام ئەدرێت، کە ئەو باڵندەیەی لە هزری باب و باپیرانیاندا بە مەرگهێنەر ناو زەدکراوە، لەبەرگێکی جوان و خۆشەویستدا ئەخرێتەڕوو، لە دیزاینی جل و بەرگدا جێگایەکی ناوازە و بەپێزی پێدراوە.
بەڵام بۆ ئێمە ئەشێت لەو باڵندە دژەباو و تایبەتەوە فێری داناییەکی فریادڕەس ببین، فریادڕەس بۆ ئەم بێدەنگییەی کە سەرەتا و بۆدییەکەی هێدیی هێدیی وا پەیدا ئەبێت، ئەم باڵندەیە لە ژاوەژاوی ڕۆژی ڕووناکدا بێدەنگە و بە دووچاوی فراوان و تیژەوە لەهەمووان ئەڕوانێت، "جا ئەگەر فەزای گشتیی ڕووناك و بێ تەم و مژ بێت، قسە و دەنگ هەڵبڕین واتە فەوزا و ژاوەژاو"، بەڵام کاتێك دەسەڵات لەڕێگای هۆکارەکانی بێدەنگ کردنەوە ئەگەڕێتەوە و ڕۆژگارمان تاریك و نوتەك ئەکات، کێ بەقەدەر "کوندەپەپوو" بە حیکمەتە تا فێری دەنگ هەڵبڕینمان بکات؟!
لە ڕۆژئاوادا شەقام و فەزای گشتیی بە فیزیکیی بێدەنگە و پابەندن بە ڕێساکانی پیس نەبوونی ژینگەوە، کە دەنگە دەنگ و ژاوەژاو(چوچاو) یەکێکە لەسەرچاوەکانی، بۆ وێنە کەمترین هۆرێن لێئەدرێت، کەمترین هات و هاوار بۆ فرۆشتنی کاڵا ئەکرێت، شوێنە گشتییەکان جێگایەکی ئارامن بۆ پشوودان...هتد، بەڵام لەئاستی لادان و نالەباریی دەسەڵاتدا، دەنگیان بڵند و دلێرە، ستەمکاریی دەسەڵات بەتوندیی ڕەد ئەکرێتەوە.
ڕێك پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو جێگایەدا کە پێویستە بێدەنگ و ئارام بن کۆمەڵگایەکی پڕ لە هەرا و ژاوەژاومان هەیە، لەو جێگایەشدا کە پێویستە دەنگ هەڵبڕن و داوای مافی خۆیان بکەن، کۆمەڵگایەکی کڕ و بێدەنگن!
بۆیە لای ئەوان کوندەپەپوو دانا و بە ویقارە و لای ئێمەش مەرگهێنەر و شینگێڕی وێرانەیە!
2
چونکە کۆمەڵگاکەی ئێمە لە پاشکۆی کۆمەڵگای گەورە و پڕ لە ستەمکاریی دەوڵەتانی هەرێمایەتیدا ئەژین، بەداخەوە دەستەبژێری بەناو (ڕووناکبیر و نووسەران)یشمان بە هەمان ڕێگای نووسەر و ڕۆشنبیرە دەربارەکانی ئەواندا ملی ڕێگای سەرشۆڕیی ئەگرن!
ئەم تەدارەك و خەنەبەندانەی کە بۆ کابینەی نوێ لەلایەن سیاسییە خۆفرۆش و چاوچنۆك و پۆستپەرستەکانی هەرێمەوە ڕێکخراوە و ئەو بێدەنگییە سەیرە، یان تەنانەت زۆربەی "ڕۆشنبیران"لە سیاسییەکان دڵیان گەرمترە بۆی، هیچ نیە جگە لە لاسایی کردنەوەی نوخبە دەستەمۆکانی وڵاتانی ستەمکاریی، تا ئاستی هێنانە ئارای فەزایەکی کۆنترۆڵکراوی پۆلیسیی ئەوتۆ کە ئەوانیش ئەبنە یەکێك لە برغو و بەستەرەکانی ئەو دەسەڵاتە!
ئەگینا ئەبوو پاش ڕووداوەکانی ۲۵ی ئەیلول و ۱٦ی ئۆکتۆبەری۲٠۱۷ ڕۆشنبیران بە "شێتە شێتە" لە مەسعود بارزانیی( کە خۆی ووتی) و "ناپاك ناپاك" لە سەرانی یەکێتی و پارتی کە هەر لە دەشتی نەینەوا و سحێلا و سنووری سوریاوە تا خانەقین و سنووری ئێران ۵۱%ی خاکی هەرێمیان فرۆشت، هەراسانیان بکردنایە و نەیان هێشتایە لەم وڵاتەدا
دانیشن. بەڵام بەداخەوە ئەوەندە پاساوی پڕ لە ماستاو و تەمەلوقیان بۆ هێنانەوە، کە بتوانن بە هاوکاریی ئەوان و ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا ببنە زۆرینە و درێژە بە مانەوەیان بدەن!
دروست وەك ئەو ڕۆڵەی کە دەستەبژێری ڕووناکبیری عەرەب لە سەروەختی داگیرکاریی کوەیتدا گێڕایان، کە نووسەر و کۆمەڵناسی دیاری عێراقیی"کەنعان مەکیە" لە کتێبی #دڵڕەقیی_و_بێدەنگیی ـدا، بە درێژیی ئەو ڕۆڵە ڕیسواییەیانی بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە یاداشت کردووە.
کاتێك کە لە مانگی ئابی ۱۹۹٠دا عێراق پەلاماری کوەیت ئەدات، وڵاتەکەی خۆی و کوەیتی دراوسێش ئەکات بە وێرانە، لە جەنگی نەگریسی ۸ساڵەی ئێران-عێراقەوە (کە سەدان هەزار مرۆڤی بێ تاوان ئەکات بە سووتەمەنیی، دەیان شار و هەزاران گوند ئەکات بە ناوچەی جەنگیی و یاساغکراو) ئەچێت بۆ ئەو جەنگە ماڵوێرانکارەیتر، دەیان سەربازیی خۆی و کوەیت بەکوشت ئەدات، سەدان ملیار دۆلار وڵاتەکەی ئەخاتە ژێر قەرز و هەزاران هێکتار باخی خورما ئەبڕێتەوە..هتد، کەچی هێشتا "تووتی"یە بەناو ڕووناکبیرەکانی عەرەب لەسەرتاسەری جیهاندا گێچی عرووبەیان ئەفڕێت و دەست بە هۆنینەوەی شیعر و شانامە ئەکەن بەسەر سەددامدا!
هەروەك چۆن هەندێ لە ڕیفراندۆمچییەکان مەسعودیان چوواند بە "بیسمارك"ـی ئەڵمانیی، دەستەبژێری عەرەبیش سەددامیان ناو نابوو "بیسمارکی عەرەب*" و بە "سەلاحەدینی ئەیوبی"ناوزەدیان ئەکرد!
ئەمە ڕەنگە بۆ کەسانێك کە لە قەڵەمڕەوی سەددام و دنیای عەرەبدا نیشتەجێ بن ئاساییتر بێت، بەڵام بۆ کەسانێك کە لەدواکەوتوویی سیستم و ژیان لەسایەی دەسەڵاتدارانی عەرەبیدا هەڵهاتبن نەنگییە، دەی مەکیە ئەڵێت: لە ڕۆژئاوا بە دەگمەن ڕووناکبیرێکی عەرەبت ئەبینی کە سەرسام نەبووبێت بە سەددام.** هەروەك ڕووناکبیرە حەپەساوەکانی ئێمە بە جادووی ڕیفراندۆمی ماڵوێرانکار لە تەراوگە!
سەددام بە بەرچاویانەوە لە مەیدانی جەنگدا دۆڕاو و مایەپوچ بوو، کەچی ئەمانە هێشتا لە وەهمی بەهێزیی سوپایەکی یەك ملیۆنیی و ڕۆکێتی سکۆد و توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم و ڕووبەڕوو بوونەوەی زایۆنیزمدا بوون.
هەروەك نوخبە زارەترەکەکەی ئێمە بە بارزانیی، کە ۵۱%ی خاکی هەرێمیان ڕادەستی نەیاران کردبوو، کەچی هەڵڵایان لەسەر پردێك ئەکرد کە گوایە "داستان"ی تیادا تۆمارکراوە، هەر ئەو پردە ڕادەستی(داگیرکەران) ئەکرێتەوە و هێشتا ئەمان خەو بەریان نادات!
بارزانی و باندەکەی ماڵئاوایی لە عێراق ئەکەن و (هێڵە گشتییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان) ڕاستەوخۆ لە میدیا وابەستەکانەوە ئەخوێنرێتەوە، کەچی پاشتر ئەچێتەوە بەغدا و تۆپێك فەرشی سوور لەگەڵ دەستیان ئەبەن(تا لەو ئیحراجییە کەم بکەنەوە) کەچی دەروێش و موریدە قات لەبەرەکانی، هێشتا بارەکەڵڵای بۆ ئەکێشن کە چووەتە بەغدا و ئەوەندە قارەمانە لەگەڵ "هادی عامریی و مەهدی موهەندیس و مالیکیی" دژە ڕیفراندۆم و بەقەولی خۆیان (شۆڤێنی) کۆئەبێتەوە و کەچی داننانێت بە دەسەڵاتی "بەرهەم ساڵەح"ـی ڕیفراندۆمچی و (کوردپەروەر)دا!!!
تەنانەت لەسەر ئاستی دەستەبژێری سیاسییش، سەرۆك و دەسەڵاتدارانی عەرەب، پاش چەند مانگێك لە ڕیسوایی سیاسیی و نابودبوونی سەربازیی سەددام لە جەنگی کەنداودا، لە۲۷-۲۹ی ئایاری۱۹۹۱ دووەمین"کۆنگرەی نەتەوەیی عەرەب" ئەبەستن لە عەممان، تیایدا بەیاننامەیەکی حەوت هەزار ووشەیی، پڕ لە دروشم و بەتاڵ لە فیکر و لۆژیك بڵاوئەکەنەوە، لەبارەی شەڕی کەنداوەوە و پاش ئەو سکانداڵە بێ وێنەیەی بەعس، هێشتا پاساو بۆ ڕیسواییەکەی ئەهێننەوە و بە گەشبینییەوە باس لە سەرکەوتن ئەکەن!
هەموو شکستەکانیش بە کۆمەڵێك پاساوی وەك "پیلانی زایۆنیزم و داگیرکاریی رۆژئاوا...هتد" سواغ ئەدەن!
عەینەن ئەم دەستەبژێرە فاسید و خۆفرۆشەی کوردستان کە هەموویان ئەڵێی ڕۆڵەی شەرعیی یەك دایك و باوکی گەندەڵن!
3
ئێستا کاتی دەنگهەڵبرینە، چونکە گرەوێك هەیە لەسەر بێدەنگ کردنمان، لایەنگر و عاشقانی "براگەورە" لەئێستاوە باس لە گەردەلولی بێدەنگکردن ئەکەنەوە، کادیرێکی هەواڵگریی بەخۆی و پۆلیسەکانییەوە سەرۆکایەتیی ئەم کابینەیە ئەکات، ئەم گرەوە سەردەمێکە مارکێتینی بۆ ئەکرێت، نابێت جەبەروتی ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵگا لەوە بێدەنگتر بکات.
جەدەلێك لەمەڕ گۆڕانکاریی هەیە; ئایا کۆمەڵگا کار لە سەرکردە و دەسەڵاتداران ئەکات، یان سەرکردە و سیاسییەکان کۆمەڵگا ئاراستە ئەکەن؟
لە دوو سەدەی ڕابردوودا هەندێك لە نوخبە سیاسییەکانی ئێران ویستویانە چاکسازیی لە تان و پۆی کۆمەڵگای ئێراندا بکەن، ئەوان لەویژدانی مێژووییدا کۆمەڵێك گۆڕانکاریی ئەرێنییان فەراهەم کرد، بەڵام خۆیان بوون بە قوربانیی، ناویان بە پرشنگداریی لەمێژووی وڵاتەکەیاندا ئەنەخشێنرێت***، لە نموونەی سێکوچکەی (ئەمیرکەبیر و قائیمقام و د.موسەدیق) دواجار دەرکەوت نەیارەکان زۆر و دەست واڵا و لایەنگرانیان بێدەسەڵات و پەرتەوازە!
هەمان دەرئەنجامی #کاك_نەوشیروان کە بەداخەوە هاوڕێکانی بەر لە هەموو کەسێك مایەپوچیان کرد، بەداخەوە ئەو دەرفەتەی کە بۆ ئێمە ڕەخسێنرا، لە مەعمەعەی (یار) و ئەغیاری ئەودا لەدەست درا!
دکتۆر محەمەد موسەدیق، سیاسییەکی هەڵکەوتە و نیشتیمانپەروەر بوو، پیاوێکی پڕ مەعریفە و بەئیرادە بوو، شەش خول لەسەر یەك پەرلەمانتار بوو، قاڵبووی ناو دەزگای یاسادانانی ئەو وڵاتە بوو، پیاوێکی خاکەڕا و ڕێزی زۆری لایەنگران و هاونیشتیمانیانی ئێرانی لابوو، تا ڕادەی نەیارەکانی بە "پیاوی فریودەر" وێنایان ئەکرد!
کەچی دوای گەورەتربوونی پایەی سیاسیی و بوونی بە سەرۆك وەزیران، فەرمانێکی پڕ لەشانازیی بەم شێوەیە دەرکرد:(( ئاسایشی گشتیی وڵات: تکایە ئەوەی کە لەڕۆژنامەکاندا لەسەر من ئەنووسرێت، جا هەرچی بێت و هەرکەسێك ئەینووسێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت بەرامبەری هەڵوێست وەربگیرێت و دەستدرێژیی بکرێتە سەری))****
هەروەك سەروەریی خۆماڵییکردنی نەوتی پێبڕا.
لەسەر ئاستی جیهانییش تێزێکی داهێنا، کە دواتر لەلایەن جەمال عەبدولناسر و جەواهێر لال(لەعل) نەهرۆ و چەندین سەرۆکی دنیاوە دووبارە کرایەوە: (( برسێتی قەبوڵ ئەکەین، بەڵام سەربەخۆیی سیاسییمان لەدەست نادەین))*****
هەمان ئەو دیدەی کاك نەوشیروان کە تا ماڵئاوایی لەم دنیا پڕ لە ئازار و سەختییە کرد، ئامادە نەبوو ببێتە پیاوی ئێران و تورکیا و دەرەوە، ئەوەی کە هاوڕێکانی هەموو ڕۆژێك بۆڵەیان ئەهات تا سەرشۆڕیی بە دیپلۆماسیەت بۆ تەرجەمە بکەن!!
کە لەماوەی کەمتر لە چەند مانگدا چاوی ئەویان لەسەر نەما، پێش هەر جێگایەك سەریان کرد بە کۆشی پارتی و یەکێتیدا (هەڵبەت هەر بەناوی دیپلۆماسیەت و سیاسەتەوە!)و شتێك نەما بەناوی ڕوونیی وەجاخی سیاسییەوە!
بە تەلمیحێك سەرنج ئەخەمە سەر ئەلتەرناتیڤە ساختەکانی ئەم هۆشیارییە سیاسییەی کە کاك نەوشیروان ڕابەرایەتیی ئەکرد، کە خۆی لە بازرگانێك و میدیایەك و کۆمەڵێك مرۆڤی پۆپۆلیستدا ئەبینێتەوە، ئەمانە نەك نەیانتوانیوە ئیزافەیەکی مەعقول بخەنە سەر ئەو پڕۆژەیەوە، بگرە تەمومژێکی زۆر بێزارکەریان دروست کردووە و هاوکارێکی باش و گونجاوی دەسەڵاتن لە مایەپوچ کردنی ئازادیخوازاندا، ئەو دەنگەی کە لەزاری ئەوانەوە دێتە دەرەوە بەشێکە لەو ژاوەژاوەی کە ژینگەی سیاسیی ئێمەی ئالودەکردووە بە پیسیی!
------------------------------------
* (دڵڕەقیی و بێدەنگیی) کەنعان مەکیە، و/حەمەڕەشید ل۳۱۷
** هەمان سەرچاوە ل۳۲٤
***(کۆمەڵناسی نوخبە کوشتن)ن/ عەلی ڕەزا قولی، و/شەهرام عەبدوڵڵا ل۲۳۷
**** هەمان سەرچاوە ل۲۹٦
***** هەمان سەرچاوە ل ۲۹۵