Draw Media

بۆچی یەکێتی وا دەکات ؟! 

بۆچی یەکێتی وا دەکات ؟! 

2018-12-15 21:36:22


■  ڕامان مجید فقێ

ماوەیەکە یەکێتی لە پارتی زیاتر خەمخۆری دروستبوونی حکومەت و رێكکەوتنی پێش وەختەیە لەگەڵ پارتی و، پارتیش زۆر بێباکانە لە هێزەکان و دروست بوونی حکومەت دەڕوانێت، لە کاتێکدا به‌ لەبەر چاو گرتنی زۆربەی پێوەرەکان دەبوایە پێچوانەکەیمان ببینیبایه‌، چونکە پارتی مەسرور بارزانی بەربژێری سەرۆکایەتی حکومەت کردوە.  دیاریشە پارتی به‌م هه‌نگاوه‌ی دەیەوێت ئه‌م كابینه‌یه‌ سەرکەوتوو تر بێت لە کابینەکانی تری حکومەت، سەرباری ئەوەی ئەو کوڕی مسعودی سەرۆکی پارتیە، بەڵام ئەم ئامانجە ئاسان نییه‌، چونکە ناوبراو شارەزایی لە ئیدارەدانی حکومەتدا نییە، تا ئاستێکی زۆریش خۆشەویست نیە لای هاووڵاتی ئاسایی، ئه‌گه‌ر به‌ دیوه‌كی دیكه‌ی سه‌یری بكه‌ین ده‌بینین حکومەت قەرزێکی زۆری لەسەرەو ماوه‌ی چوار ساڵیشە بژێوی خەڵک رۆژ بە ڕۆژ بەرە و خراپتر چووه‌،کۆمەڵێک کێشەی هه‌ولێر لەگەڵ حکومەتی ناوەند بێ چارەسەر ماوەتەوە، بۆیه‌ پێویسته‌ كانده‌كه‌ی پارتی ئه‌و بارودۆخه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌سه‌ر حكومه‌تدا هاتووه‌ ، دووباره‌ باشی بكاته‌وه‌و لانی كه‌م وەک دۆڕاو لێ ی دەرنەچێت.
تاوه‌كو ئێستا دوو ئیدارەی لە هەرێم وەک خۆیەتی، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ ناوبراو قەڵەمڕەوی لە ناوچەی سەوز هەبێت و بڕیاەکانی جێ بە جێ بکرێت. ڕوونیشە کە ئەوان بە ٤٥ کورسیەوە زیاتر بەرپرسیارن لە دۆخی ژیانی خەڵک نەک یەکێتی بە 21 کورسیەوە.
لە لایەکی ترەوە ئەوان بە کرداری زۆربەی پۆستە گەورەکانی هەرێمیان لایە و دەشیانەوێت لایان بمێنێتەوە وەک ( سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان فەرمانگەی دەرەوەو سه‌رۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سوپا سالاری پێشمەرگە و دەیان پۆستی گرنگی تر...) کە ئەگەر له‌سه‌ربنه‌مایی خاڵبەندی پۆستەکان دابەش بکرێت کە هەر پۆستێك لەوانەی پارتی لایه‌تی  خاڵی زۆری پێویستە ئەستەمە ئەو هەموو پۆستە و چەندین پۆستی وەزاری تریان بەر بکەوێت.
بۆیە گەر یەکێتی جوانتر لە تابلۆی حوکمڕانی بڕوانێت و مەدروستر لەسەر مێزی گفتوگۆ دانوستان بکات، نابێت ڕۆژانە قبووڵی ئەو هەموو بێمنەتیەی پارتی بکات، کە بە ئارەزووی خۆی پۆست بەم و بەو ببه‌خشێت وەک خێر و سەدەقە. 
دەبێت سه‌رۆكی ڕاسپێرداوی پارتی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌ ئه‌و بزانن چ وەک حەق و بەرکەوتەی کورسی پەرلەمانی بێت، یان خاڵ بەندی  و هه‌ر بنه‌مایه‌كی دیكه‌، ئه‌وا یه‌كێتی لە دروست بوونی حکومەت پشكی زیاتری بەر دەکەوێت وه‌ك ئەوەی پارتی کە دەیەوێت پێیببه‌خشێت به‌ یه‌كێتیی.
له‌به‌رئه‌و هۆكارانه‌ی باسمان كرد، پارتی لە ئایندەدا پێویستی بە هاوکاری زیاتری یەکێتیە، بۆیە باشترە یەکێتی بەم دۆخەی ئێستای سیاسەتکردنی پارتی له‌ ته‌شیكلردنی حکومەت  و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مان ڕازی نەبێت و دانه‌نیشێت و به‌دیارچاوەڕوانییه‌كانی پارتی تاوه‌كو چه‌ند پۆستێكی پێبدات.
به‌هۆی ئه‌و بێمنه‌تیه‌ی پارتی ده‌بووایه‌ ئەگەری بەشداری نەکردنی یه‌كێتی لەم حکومەتەدا یەکێك بێت لە ئەگەرەکانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌، بەڵام بە داخەوە سیاسەتی یەکێتی لە ئێستادا پەرتەوازەیەو هێزە دژ بەرەکانی ناوخۆی حزب بیر لە پشکی خۆیان دەکەنەوە لە حکومەت، نەك پشکی یەکێتی و سنوردانان بۆ دروستبوونی دیکتاتۆریی زۆرینەیی پارتی، کە ئەوە یەکێکە لە ئەرکە لە مێژینە و بنەرەتیەکانی كه‌ ئه‌و حزبه‌ی له‌سه‌ر دروستبووه‌.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand