Draw Media

سەرنجڕاکێش: بۆ گۆی زەوی تەخت نەبوو؟

سەرنجڕاکێش: بۆ گۆی زەوی تەخت نەبوو؟

2018-12-15 16:40:14


■  لوقمان حەوێز

تەنها یەک بەڵگەی زانستی...

نەمدەویست ئەم پۆستە بکەم چونکە ئەوەی کەمێک لە ئەلف و بێی فیزیا یان زانست بزانێت یان تەماشای بەڵگە ماددیەکانی کردبێت دەزانێت کە زەوی تەخت نیە، بەڵام هەندێک هاوڕێی نزیکی خۆم داوایان لێکردم تەنیا یەک بەڵگەی زانستی بخەمەڕوو بۆ هەندێک لەو کەسانەی لەوانەیە هەڵخەڵەتێنرابن لەلایەن کۆمەڵەکانی بەناو زەوی تەخت...

با‌ بۆ ساتێک واز‌ لەو بەڵگە ماددیانەی گۆیی زەوی‌ بێنین لە وێنە و ڤیدیۆیە زیندووەکان کە سەتەلایتەکان و کەشتیەکان چرکاندویانە، یان ئەو سەدەها کەشتیەوانانەی کە چوون بۆ ئاسمان و بەچاوی خۆیان گۆیی زەویان بینیوە، ئەوانە خەڵکی یەک نەتەوە و ووڵاتیش نەبوون و نین تاوەکو پاڵەپەستۆی ئەو ووڵاتەیان لەسەر بێت چونکە جگە لە ئەمەریکا کۆمەڵێکی زۆر لە ووڵاتانی تری جیهان تا ئێستا مرۆڤ و کەشتیەوانیان ناردووە بۆ بۆشایی ئاسمان و دەوری گۆی زەوی، یان بەڵگەی بوونی دیاردەی شەو و ڕۆژ لەیەک کات لە دوو شوێنی جیهاندا، با واز لەهەموو ئەو بەڵگە ماددیانە بێنین، بەڵام بەکورتی لێرە تەنیا بەیەک بەڵگەی زانستی دەیسەلمێنم کە بۆچوونی تەختی زەوی دژی سادەترین یاسای فیزیایە کە یاسای هێزی کێشکردنە...

هەموومان دەزانین هێزی کێشکردن هەیە و بەهێزترین و زاڵترین هێزە لە هەموو کونجێکی گەردوون، هەروەها هەموومان هەستی‌ پێدەکەین، بەپێی یاسای هێزی کێشکرن ئەو هێزە لە هەموو تەنێک هەرچەندە تەنەکە گەورەبێت یان بچوک هەموو گەردیلەکانی ئەو تەنە بۆ چەقەکەی ڕادەکێشێت ئینجا شێوەی تەنەکە هەرچۆنێک بێت، لەتەنێکی زۆر گەورەی بەقەد گۆی زەوی یان مانگ بەپێی هەمان یاسا لەبەر زۆری بارستایی کە دەبێتە هۆی زۆری هێزی کێشکردن ئەو تەنە شێوەی گۆیی یان نیمچە گۆیی وەردەگرێت، ئەگەر زەوی تەخت بووایە ئەوا هەرچی شتێکی جوڵاو کە لەسەر گۆی زەویە ڕادەکێشرا بەرەو چەقەکەی واتە ناوەندی زەوی کە بە پێی بۆچوونی تەختی زەوی دەکاتە ناوەندی خوانە پانە گەورەکە، واتە ئەو کاتە هەرچی هەبێت لەسەر خوانە پانەکە لە چەقەکەی یان ناوەندی خوانەکە بەیەکەوە دەنوسێن و ناتوانرێت بجوڵێنرێن یان بجوڵێن، واتە بۆ نموونە هەموو مرۆڤەکان و گیاداران و شتەکانی تریپسەر ڕووی زەوی تۆپەڵ دەبووین و بەیەکەوە دەنووساین لە ناوەندی خوانەکە و توانای هیچ جوڵەیەکمان نەدەبوو...!!!

بێ گومان هیچ شتێک کە ئێستا هەیە و دەیبینین وەک ئێستا نەدەبوو، بەڵام بەپێی یاسای هێزی کێشکردن ئێستا هەموومان بەرەو چەقی زەوی ڕادەکێشرێین کە گۆییە، لەبەر ئەوەی ڕووی زەویش زۆربەی ڕەق و بەردینیە ئەوا لە ئێستادا وەکو ئەوە وایە ئێمە و هەموو شتەکان بەسەر‌ ڕووی ئەو گۆیەوە نووسابین...

پێشتر پۆستێکم کردبوو بەناوی: بۆچی مانگ، زەوی، هەسارەکان و ئەستێرەکان شێوەکانیان گۆییە و خڕن؟ هۆکارەکە چیە؟ دەتوانن سوودی لێوەربگرن...

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=1930910406940651&id=100000651308095

بۆ ئەوانەی بیانەوێت ڕاستەوخۆ گۆی زەوی ببینن لە ڕێگەی کامیراکانی وێستگەی ئاسمانی، پرۆگرامێک یان ئەپێک هەیە لە ئایفۆن و ئەندرۆیدیش دەتوانی داۆنلۆدی بکەیت ناوی ISS HD LIVE ، لە ڕێگەی ئەم ئەپەوە ئەگەر مۆبایلەکەت بەسترابیتەوە بە ئینتەرنێتت ئەوا دەتوانیت بەڕاستەوخۆیی بە شەو و ڕۆژ گۆی زەوی ببینیت....

لوقمان حەوێز
تێکساس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand