Draw Media

دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان

دیدگه‌لێك سه‌باره‌ت به‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان

2018-12-15 06:38:41


■ د. هەردی مێد

 هه‌وڵێك بۆ تێگه‌شتن له‌ بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان

ماوه‌ی دوو مانگه‌‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانیان به‌رده‌وامن. ئه‌م بزاوته‌ له‌ فه‌ره‌نسا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی بۆته‌ رۆژه‌ڤ و بازاڕی هه‌واڵی میدیاكان، ئه‌وه‌نده‌ش شوێنی تێفكرین و دێبه‌تی نێوان لێكۆڵه‌وه‌رانی بواری بزووتنه‌وه‌ ناره‌زایی و یاخیبووه‌كان. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، به‌ گرنگم زانی سه‌باره‌ت به‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان ئاماژه‌ به‌ چه‌‌ند سه‌رنجێك بكه‌م.  

به‌شی یه‌كه‌م

هێله‌گ‌ زه‌رده‌كان كێن؟

هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ به‌راییدا ته‌نها به‌كاربه‌ران و شوفێری‌ ئۆتومۆبیل بوون، كه‌ به‌ به‌مه‌به‌ستی سه‌ركۆنه‌كردنی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ده‌نگیان هه‌ڵبڕی. ده‌وڵه‌ت نرخی به‌نزین به‌رز ده‌كاته‌وه‌ به‌ ئامانجی گوایه‌ ناچاركردنی خه‌ڵك كه‌ ئۆتۆمۆبیله‌كانیان به‌ كارنه‌هێنن و به‌مه‌ش ژماره‌یان كه‌مبكاته‌وه‌ له‌ پێناو پاراستنی ژینگه‌ و دڕدانی پیسبوونی. وه‌لێ، ئه‌م پێوودانگه‌ كه‌ ئامانجی پاراستنی ژینگه‌ی هه‌یه‌، دواجار ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ ناكات كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆژانه‌ ئۆتۆمبیل به‌كار ده‌هێنن بۆ یه‌ك مه‌به‌ست و ئامانج به‌كاری ناهێنن. گه‌ر بۆ هه‌ندێكیان له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ نایانه‌وێت میترۆ، شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر و تراموای بگرن، چونكه‌ نایانه‌وێت تێكه‌ڵی ڕه‌شوڕووت و عه‌وام بن، ئه‌وا بۆ هه‌ندێكی دییان ئۆتۆمبیل وه‌سیله‌ی‌ په‌یداكردنی قوتی رۆژانه‌یه‌. هێله‌گ زه‌رده‌كانن له‌و ئۆتۆمۆبیلیستانه‌ن‌ كه‌ ئۆتۆمۆبیله‌كانیان مه‌رج و ئامرازی كار و گه‌شتنیانه‌ به‌ نانی رۆژانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی هێله‌گی زه‌رده‌ ده‌بێت به‌ هێمایان؟

له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو ده‌وڵه‌ت به سه‌ر هه‌موو شوفێرێكدا، چ گشتی یان تایبه‌ت، شاری یان ده‌ره‌وه‌ی شار، هه‌ڵگرتنی هێله‌گی زه‌ردی سه‌پاندبوو. ئه‌م هێله‌گه‌ چه‌ند به‌ ناوی ئامرازی سه‌لامه‌تی به‌ سه‌ر شوفێراندا سه‌پێنرابوو، ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ و ره‌مزی ده‌سه‌ڵات و جه‌به‌رووتی ده‌وڵه‌ت بوو. هه‌ر بۆیه‌، شوفێران له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی خۆپیشاندانیان وه‌ك ره‌مزی یاخیبوون و به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت‌ به‌كاریده‌هێن. به‌ مانایه‌كی دی، شوفێران ده‌یانه‌وێت بڵێین : گه‌ر تۆ ده‌وڵه‌ت به‌م هێله‌گه‌ زه‌رده‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ی خۆت نمایش كرد له‌ رابردوو، ئێمه‌ش ئێستا هه‌ر به‌م هێله‌گه‌ ده‌سه‌ڵاتت ده‌خه‌ینه‌ ژێر لۆمه‌وه‌، هاوكات ده‌یكه‌ن به‌ هێمای به‌تاڵكردنه‌وه‌ی. هه‌ر بۆیه‌، خۆپیشانده‌ران هێله‌گی زه‌رد ده‌كه‌نه‌‌ ره‌مزێك بۆ خۆجیاكردنه‌وه‌ له‌ پانتای شاردا، هاوتا ئامرازێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ و دروستكردنی هه‌ستی هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا.

به‌ هه‌ر حاڵ، هێله‌گ زه‌رده‌كان گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ته‌نها له‌ شوفێران پێكهاتبوون، ئێستا چه‌نده‌ها پیشه‌مه‌ندی دی بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌م بزووتنه‌وه‌ ناره‌زاییه‌. وه‌لێ، هه‌ر خۆپیشانده‌رێك، پیشه‌كه‌ی هه‌ر چیبێت، ده‌بێت هێله‌گی زه‌رد بپۆشێت. واته‌،‌‌ هێله‌گی زه‌رد ده‌بێته‌ مه‌رج و ده‌لاقه‌ی چونه‌ ژووره‌وه‌ی ناو خۆپیشاندانه‌كان و ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی رایه‌ڵ و ره‌مزی هه‌ستیێكی هاوبه‌شیی یاخی.
**************************

پرسی نوێنه‌رایه‌تیكردن و سحری وته‌بێژ

بۆردیۆ وه‌ك یه‌كێك له‌ تیۆرسازه‌كانی <نوێنه‌رایه‌تیكردن> پێیوایه‌ وته‌بێژ رۆڵێكی جه‌وهه‌ری له‌ دروستكردنی ئه‌و گروپه‌ ده‌بینیت كه‌ ده‌بێته‌ ده‌نگ و نماینده‌یان. به‌ كورتی ئه‌وه‌ وته‌بێژه‌  كه‌جه‌سته‌ به‌ گروپێك ده‌به‌خشێت و ده‌یكات به‌ گروپێكی بینراو، بیستراو و حساب بۆكراو. تا گروپ وته‌بێژی نه‌بێت كه‌ نوێنه‌رایه‌تی بكات و به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌‌ داوای مافه‌كانیان بكات، گروپ له‌ دۆخی نه‌بووندان. لای بۆردیۆ، بونی گروپ به‌ بونی وته‌بێژدا تێده‌په‌ڕێت. ئه‌م بۆچونه‌ی بۆردیۆ كه‌ بۆتا بنه‌ما و چوارچێوه‌ی دونیایه‌ك له‌ ئه‌ده‌بیات و نوسین له‌ سه‌ر گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ئه‌مڕۆ له‌ ئاست <هێله‌گ زه‌رده‌كان> هیچ توانایه‌كی شرۆڤه‌كاری و شته‌ڵكاری ئه‌وتۆی نییه‌، چونكه‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان تا ئێستا بێ وته‌بێژن و شێلگیرانه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ وته‌بێژ، نوێنه‌ر و ده‌مسپیه‌ك سه‌رهه‌ڵنه‌دات و به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بچێته‌ نێو ره‌وتی دانوساندن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا. ده‌وڵه‌ت زۆر ڕێگه‌ و ئامرازی تاقیكرده‌وه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی وته‌بێژێك بۆ هێله‌گ زه‌رده‌كات دروست بكات و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌مه‌وه‌ كۆنتروڵی ره‌وته‌كه‌یان بكات، وه‌لێ هێله‌گ زه‌رده‌كان له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وتو‌بوون. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ و جێی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌بوونی وته‌بێژ و نوێنه‌ر، هیچ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌ رێكی، رێكخراوه‌یی، گونجاوی داواكاری، دیاریكردنی كات و شوێنی خوپیشاندان…تد هێله‌گ زه‌رده‌كان نه‌كردووه‌. هێله‌گ زه‌رده‌كان سه‌ره‌ڕای فره‌یی ناسنامه‌، دونیابینی، ناوچه‌یی… یان و نه‌بوونی وته‌بێژ، له‌ حاڵی حازردا وه‌ك ره‌وتێكی پته‌و و یه‌كانه‌ دێنه‌ به‌ردید. ئه‌م گونجاویه‌ش هه‌م له‌ رێكخستنی كاتی خۆپیشاندانه‌كانیان له‌ سه‌ر ئاستی فه‌ره‌نسا ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌م له‌ داواكاریه‌كانیان كه‌ به‌ سه‌ر یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندیداری یه‌كن و دوورن له‌ هاودژی و ناسازێتی. راسته‌، له‌ نێو هێله‌گ زه‌رده‌كان راستڕه‌وی توندڕه‌و زۆرن، به‌ڵام چه‌پی توندڕه‌وش هه‌ن و ژماره‌یان كه‌م نیه‌.
 

************************************
خه‌بات بۆ پێناسه‌كردن و به‌خشینی ره‌چه‌ڵه‌كی مێژووی

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و هێدی هێدی به‌رفراوانبوونی خۆپیشاندانه‌كان، هه‌م خودی هێله‌گ زه‌رده‌كان، هه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان ته‌ماشاكه‌رن كه‌وتنه‌ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ك و به‌را‌وركردنی ئه‌م ره‌وته‌ ناره‌زاییه‌ به‌ بزاوت و جوڵانه‌وه‌ ناره‌زاییه‌كانی رابردووی فه‌ره‌نسا. به‌راوردكردن و دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌ك بۆ ئه‌م بزاوته‌، له‌ راستیدا به‌شێكه‌ له‌ خه‌بات بۆ سه‌پاندنی پێناسه‌یه‌ك به‌ سه‌ریاندا. به‌ كورتی، هه‌ندێك به‌ مه‌به‌ستی‌ له‌كه‌داركردنی بزاوته‌كه‌، هه‌ندێكی دیش به‌ ئامانجی به‌خشینی سه‌رمایه‌كی ره‌مزی و قورساییه‌كی مێژووی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانیانن چڕكردۆته‌وه‌ بۆ سه‌پاندنی پێناسه‌ و چوارچێوه‌یه‌ك به‌ سه‌ر ره‌وته‌كه‌دا.

له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه‌، هه‌ندێك، كه‌ زیاتر بوروژوا نزیك به‌‌ پارته‌ راستڕه‌وه‌‌ میانڕه‌وه‌كان، ئه‌م بزاوته‌ به‌ راپه‌ڕینی جوتیاره‌كانی سه‌ده‌ی چوارده‌هه‌م كه‌ له‌ دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی زه‌ریبه‌ له‌ دژی پاشا راپه‌رین بوون ده‌چوێنن. راپه‌رینی جوتیاره‌كان به‌ <راپه‌رینی جاكری>ه‌كان ناسرابوو، واته‌ به‌ ناوی ئه‌و چاكه‌ته‌ شه‌ڕو پڕه‌ كورته‌ی جوتیاره‌كان له‌ پای هه‌ژاری و نه‌داریاندا پۆشیبویان. ئه‌وانه‌ی ئه‌م بزاوته‌ به‌ جاكریه‌كان به‌راورد ده‌كه‌ن، له‌ راستیدا مه‌به‌ستیانه‌ هێله‌گ سه‌رده‌كان به‌رنه‌وه‌ باوه‌شی چاغی ناوه‌ند، كه‌ به‌ چاغی دواكه‌وتیی و تاریكی ناسراوه‌، له‌ پێناو سوكایه‌تیپێكردنیان و تێكشكاندنی ئه‌و به‌رچاوه‌یه‌ی به‌ ده‌ستیان هێناوه‌ له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌. هه‌ندێكی ترش، كه‌ زیاتر نزیكن له‌ چه‌پڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان و به‌ چاوی گومانه‌وه‌ له‌ هێله‌گ زه‌رده‌كان ده‌ڕوانن، به‌ بزووتنه‌وه‌ی <پۆژادیسته‌كانیان> ده‌چوێنن، ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی هێله‌گ زه‌رده‌كان بخه‌نه‌ باوشی ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان، چونكه‌ بوژادیسته‌كان بزووتنه‌وه‌یه‌كی پۆپیلیستی راستڕه‌وو و ناسیۆنالیست بوون و له‌ بورژای بازرگان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان پێكهاتبوون. له‌ ساڵی په‌نجاكان سه‌ده‌ی رابردوو داوای پاراستی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر كرانه‌وه‌ی ئابوری وڵات به‌ رووی ده‌ره‌وه‌دا ده‌كرد. به‌ كورتی خه‌باتیان بۆ داخستنی سنوره‌كانی وڵات ده‌كرد، و دژی یه‌كێتی ئه‌وروپابوون. 

هێله‌گ زه‌رده‌كان ئه‌وان خۆیان به‌ شۆڕشی فه‌رنسی و بزووتنه‌وه‌ی ٦٨ ده‌چوێنن. ده‌یانه‌وێت به‌م به‌راورده‌ وه‌ك هه‌ڵگری په‌یامی دادپه‌روه‌ری، ڕه‌چه‌شكێن و نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ربخه‌ن. به‌ گشتی، پێناسه‌كردنی هێله‌گ زه‌رده‌كان ئاسان نییه‌. به‌ڵام، به‌ گشتی ده‌توانین بڵێین هێله‌گ زه‌رده‌كان هه‌ڵگری په‌یامی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری نوێگه‌را نین، واته‌ داواكانیان ناچنه‌ خانه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و شكاندنی به‌ربه‌سته‌ كولتوری و هێزه‌ دواكه‌وتوو و پارێزگاره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شۆڕشی فه‌ره‌نسی و ساڵی ٦٨ روویدا. ئه‌وان دژی نیزامی باو نین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نها داوای هه‌ندێ چاكسازی ده‌ستگایی، رێكخستنه‌وه‌ی كایه‌ی ئابوری و ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ له‌ چینه‌ هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌ته‌كان ده‌كه‌ن. 


ئه‌م وتاره‌ به‌شی دووه‌می‌ ماوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand