كەی دیاردەی " مەرجەعیەتی ئاینی شیعە" دەستیپێكرد؟
2018-12-14 20:03:01
ئەیاد جەمالەدین ...
و. نامیق رەسوڵ ...
هەموو مرۆڤێك دەتوانێت.. دەستبكات بە خوێندنی " زانستە ئاینییەكان" لە قوم یان نەجەفی پیرۆز، یان هەر شوێنێكی تر، یان بە شێوەی روونتر.. هەموو موسوڵمانێك یان مەسیحی یان جولەكەیەك یان بێ باوەڕ" مولحید" ێك .. دەتوانێت دەستبەجێ دەستبكات بە خوێندنی " زانستە ئاینییەكان".. هەتا دەشتوانێت بەرگی ئاینی بپۆشێت بەبێ ئەوەی كەس رێگەی لێبگرێت.
هەروەها دەشكرێت – ئەگەر خوێندكارەكە زیرەك و جدی بێت- قۆناغەكانی خوێندنی زانستە ئاینییەكان تێبپەڕێنێت و دەشكرێت ببێتە " موجتەهید" و هەموو كەسێكی بێ باوەڕیش دەتوانێت دەستبكات بە خوێندنی زانستە ئاینییەكان و بگاتە پلەی ئیجتیهاد و بەرگی ئاینی لەبەربكات، لە كاتێكدا نە باوەڕی بە خودا هەیە نە بە ئیسلام و نەبە .....هتد!.
هەرگیز لە نێوان باوەڕداریی و تەقوا و خوادپەرستی لەگەڵ ئەوەی زانایەكی موجەتەهید بیت هیچ پەیوەندییەك نەبووە، زۆر بەباشی دەتوانرێت كەسێكی مولحید ببینیتەوە كە بەرگی ئاینی پۆشیوە و موجەتەهیدێكی زۆر تەواویشە، هەتا دەتوانیت كەسێك ببینیتەوە كە مەرجەعی ئاینییەوە و لە مەیمون فاسقترە و قسەكردن لە بارەی ئەو كەسە خراپانەوە زۆر درێژە دەكێشێت.
خوێندنی زانستە ئاینییەكان.. هاوشێوەی خوێندنی هەر زانستێكە لە زانستەكانی تر، بۆ نمونە خوێندنی پزیشكی و فیزیا و یاسا و كیمیا... هتد، بۆ نمونە، تەقوا و خوداپەرستی و نزیكی لە خوداوە چ پەیوەندییەكی بە خوێندنی كیمیایەوە هەیە؟ خوێندنی پزیشكی چ پەیوەندییەكی بە خوداپەرستی و تەقواوە هەیە؟!، وەڵامەكەی/ هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیاندا نییە، هەروەها خوێندنی زانستە ئاینییەكانیش هەرگیز پەیوەندی نییە، خوێندنی زانستە ئاینییەكانیش هەرگیز پەیوەندی بە تەقوا و خوداپەرستی و نزیكی لە خوداوە نەبووە و نیە.
گەورەترین كێشە ئەوەیە كە لە عەقڵیەتی شیعەدایە كە پەیوەندی دروست دەكات لە نێوان عەمامە و تەقوا و خوداپەرستی! و عەمامە پەیوەست دەكات بە زانستەوە.
رەحمەتی خودا لە عەلامە و نوسەر شێخ محەمەد باقر جابری، كە شێخ و فەقێ و ئەدیب و خاوەنی نوكتەی زۆر بەهێزبوو ، ئەو كەسە بوو كە دەربارەی خۆی بە شۆخیەوە وتویەتی:
شیخ باقر اللذینه ... لافْ له عمامه حضینە
هەروەها خاوەنی ئەم دێڕە شیعرە بەناوبانگەیە:
جیش العرب یا زین نیشن وإرمی.. مِنْ خَذوا شرمْ الشیخ خِفْتْ عله شرمی.
نوكتە و قسەخۆشەكانی شێخ باقر جابری، لە ژماردن نایەن و زانا بەتەمەنە عەرەبەكانی نەجەف دەیناسن، یەكێك لە بەسەرهاتە خۆشەكانی رەحمەتی ئەوەیە، جارێك بەلای مەزاری ئیمام عەلی رەزای خوای لێبێت دەڕوات، ژنێك كە نامەیەكی بەدەستەوەیە رایدەگرێت و دەڵێت: شێخە گیان ئەم نوسراوەم بۆ بخوێنەرەوە.. شێخیش دەڵێت: خوێندنەوە نازانم!
ژنەكە دەڵێت: عەمامەكەی سەرت زۆر لە نامەكە گەورەترە و نازانیت بیخوێنیتەوە؟!، شێخ باقریش عەمامەكی لەسەر دادەگرێت و دەیخاتە سەری ژنەكە و دەڵێت: فەرموو بیخوێنەرەوە.
بە كورتی:
هەرگیز هیچ پەیوەندییەك لەنێوان عەمامە و زانستدا نیە و عەمامە پەیوەندی بە تەقواوە نیە و عەمامە پەیوەندی بە نزیكی لە خوداوە نیە و پەیوەندیش لە نێوان عەمامە و پاكێتیدا نیە، بەڵێ، لە عەقڵی رەعیتەدا هەر خاوەن عەمامەیەك دەبێت زانایاكی زۆر تێگەیشتوو ، خوداپەرست .....هتد بێت.
یەكێك لە دیارترین هۆكارەكانی نەزانی رەعیەت، ئەم نازناوە ئاینییە بۆشانەیە: مەرجەعی باڵای ئاینی، مەرجەعی زانا، ئایەتوڵا عوزما، سەرۆكی حەوزەی ئاینی، و هەندێكیش زیاتریان كردووە و دەڵێن: سەركردەی حەوزە ئاینییەكان.
لە هەموو كەلەپوری ئیمامەكانی ئەهلی بەیت سەلامی خودایان لێبێت هیچ " وشە" یەك نیە دەربارەی مەرجەع و مەرجەعیەت، بەڵكو ئەوەی ناسراو و بەناوبانگە لە كەلەپوریاندا دووشت هەیە بریتیە لە بە نەفرەتكردنی پەیڕەوكردن و ئەهلی پەیڕەوكردن " ڵعْن التقلید وأهل التقلید ".
مەرجەعیەتی ئاینی.. سەركردایەتیی كۆمەڵایەتییە بێ گومان
هیچ هیچ پەیوەندییەك لە نێوان مەرجەعی ئاینی و زانستە ئاینییەكاندا نیە، نمونە/ مەرجەعی ئاینی باڵا سەید حسێن قومی كە چلەكانی سەدەی رابردووو كۆچی دواییكردووە، ئەم مەرجەعە نەخوێندەوار بوو، نوسینی نەدەزانی، هەروەهاش پەیوەندی نییە لە نێوان مەرجەعیەتی ئاینی و خوداپەرستی و تەقوا..هتد، دەكرێت مەرجەع ئەهلی تەقوا و خوداپەرستی بێت و هەروەها دەشكرێت مەرجەع گەندەڵ و فاسق ( دز) بێت.
مەرجەعی ئاینی هاوشێوەی پاپای ڤاتیكان، شێخی ئەزهەر، موفتی وەهابییەكان و دەلای لامایە، ئەمانە هەموویان سەركردەی گروپی ئاینین، زیاتر لە هەموو شیعە پەیڕەوكاریان هەیە، و هیچ پەیوەندییەكیش لە نێوان سەركردایەتی ئاینییەكەیان و بەها ئەخلاقییەكاندا نیە.
كەی " دیاردەی مەرجەعیەتی ئاینی" شیعە دەستیپێكرد؟ پاشا سەفەوییەكان، بناغەی بنەماكانی مەرجەعیەتی ئاینی شیعەیان دامەزراند، پێش دەوڵەتی سەفەوی، فەقێی شیعە هەبوون، هیچ شتێك نەبوو ناوی مەرجەعیەتی ئاینی بێت.
دەوڵەتی سەفەوی، وەك هەموو دەوڵەتەكانی تری جیهان، هەموو وڵاتانی جیهان ئاین بەكاردەهێنن، هەروەها دەوڵەتی سەفەویش، " تەشەییوع" لەلایەن دەوڵەتی سەفەوییەوە بەكارهێنرا، پێشتر دەوڵەتی شیعە بوونی نەبوو، لەبەرئەوە كەس تەشەییوعی لە رووی سیاسییەوە بەكارنەهێنا، هەتا ئەوكاتەی دەوڵەتی سەفەوی دامەزرێنرا، تەشەییوع بووە ئامرازێك بە دەستی دەوڵەتی سەفەوییەوە و هاوشێوەی هەموو مەزهەب و ئایینەكان لە هەموو شوێن و كاتێكدا.
هەتا ئێرە بەسە و دەوەستم، دڵم وەك مەنجەڵی سەر ئاگر دەكوڵێت، دەوەستم نەك لە ترسی كەسێك یان بەرژەوەندییم پێ هەبێت، بەڵكو وەك بەزەییەك بۆ هەندێك لە فەقێ شیعە چاكەكان.. دەوەستم و لە تەنیشتمدا سندوقە رەشەكە هەیە ككە هەرچی كەین و بەینی حەوزە و چۆنیەتی دروستكردنی " مەرجەع"ی تێدایە.