Draw Media

ماجەرای كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی

ماجەرای كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی

2018-12-14 19:52:41


■ ‎ سەرتیپ جەوهەر 

ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردنیان قەبوڵكرد، دەبێ ئێستا دەرئەنجامەكەیشی قەبوڵ بكەن! لەكۆبونەوەی چەند رۆژی رابردووی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، نەك هیچ رێككەوتنێك نەكراوە، بەڵكو پێشبینی دەكرێت پێكهێنانی حكومەت زۆر زەحمەت بێت و كەس چاوەڕێ نەكات لەم چەند مانگە پێكبهێنرێت!
لەكۆبونەوەی ئەمجارەدا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەواو هاوهەڵوێست بوون لەچۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ داهاتووی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، وەفدەكەی یەكێتی داوا دەكات بەر لەپێكهێنانی حكومەت رێككەوتنێك بكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەو ئیدارەدانی دۆسییەكانی (حكومەتی بەغداو پرسی كەركوك و حكومەتی نوێی كوردستان) وەك یەك بوخچە (پاكج)، بەڵام پارتی پێیوایە دەبێ هەر دۆسیەیەو بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دا بكرێت، ئەمەش بەتەواوی لەلایەن یەكێتییەوە رەتكراوەتەوە.
پارتی دەیەوێت لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینەی پەرلەمان و بەتاك و تەنها گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بكات، بەڵام یەكێتی ئەم پێشنیارەی رەتكردۆتەوەو بەروونی بە پارتیان راگەیاندووە پێویستە لەكوردستان شەریكی راستەقینەی حوكمڕانی بین، لەهەرسێ‌ دۆسییەی (حكومەت و پەرلەمان) و ئابوریی (نەوت) و پەیوەندییەكانی هەرێم بەشداری سەرەكی و بڕیاردەر بین نەك بەشداریپێكراو، هەروەك شەریكی راستەقینە بین لەبڕیاردان و چیتر رازینابن بەمشێوەیە حوكمڕانی كوردستان بەردەوام بێت! بۆیە كۆبونەوەكە بەبێ‌ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە.
پێدەچێت پارتی لەژێر كاریگەری بارە دەرونییەكەی بەدەستنەهێنانی سەرۆكایەتی كۆمار مابێت و لەژێر كاریگەری ئەو 45 كورسییەی پەرلەمان بێت كە ئەنجامەكەیان بۆ قبوڵكرا بەبێ‌ لێكدانەوەی چارەنوس، دەیەوێت لەڕێی بزوتنەوەی گۆڕان یارییەكی نوێ‌ بكات، بەڵام ئەم هەڵوێست و جوڵەیە رەنگە درێژە نەكێشێت. كاربەدەستێكی باڵای پارتی لەكۆبونەوەكە بە ئەندامێكی یەكێتی وتبو "وەك گۆڕان دەبنە موعارەزە؟" لەوڵامدا وتبوی بەڵێ‌، بەڵام وەك گۆڕان لە پەرلەمان تەپڵتان بۆ لێدەین، موعارزەبونی ئێمە بۆخۆتان بەجێدەهێلین! 
قسە زۆرە بیكەین، جارێ‌ لێدەگەڕێین، بەڵام قبوڵكردنی ئەنجامەكان هەر ئەوەی لێدەكەوێتەوە كەئێستا دەیبینین! وەك بارزانی بەبێ‌ بونی هیچ سیفەتێكی دەوڵەتیی و ئامادەبونی لەمەراسیمێكی رەسمیی لەزاخۆ ئامادەبوو، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ سیاسەتی پارتی و چۆنییەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەموو لایەنەكان و حوكمڕانیی بەشێوەیەكی گشتیی! بۆیە ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی قەبوڵكرد، دەبێ دەرەنجامەكەیشی قەبوڵبكات، چونكە هێشتا پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوریش ماوە، بائەویش بێتەوە پەرلەمان، ئینجا دەزانن چی رویداوە.
بەپێی تێبینی ئەوانەی بەشداربوون لەكۆبونەوەكانی پارتی، چ لەبزوتنەوەی گۆڕان، چ لە یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، هەستدەكرێت نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت ئاستەنگ بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكانی پێكهێنانی حكومەت و رێككەوتنی لایەنەكان دروستبكات، ئەمەش رەنگە بۆ ئەوەبێت مەسرور بارزانی ئامۆزای نەتوانێت كابینەی نوێی حكومەت پێكبێنێت! بەڵام بیرمان نەچێت ئەو ستافەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەشدارن لە گفتوگۆی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ئەوەندە بڕیار بەدەست نین، بۆیە ئەگەرێكی لاواز هەیە لەكۆتاییدا مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی خۆیان بێنە نێو گفتوگۆكان و ئەو گرێیانە هەڵگرن كە دێنە رێی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، چونكە بارزانی مەبەستییەتی لەئێستاوە مەسروری كوڕی لەڕێی وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئامادەبكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەمە خاڵی لێك جیابونەوەی هەریەكە لە نێچیرڤان و مەسرور بارزانییە لەسەر خاوەندارێتی و خەلافەتی رێبەرایەتی پارتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand