Draw Media

دیموکراسى لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا

دیموکراسى لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا

2018-12-13 20:04:10


■  د. ئیسماعیل نامیق

دیموکراسى لەسادەترین وکورتترین مانایدا، واتە رێزگرتن لەکاتى هەڵبژاردن لەهەمو ئاست وشوێن وبوارەکاندا، وە پابەندبون بەدەرەنجامەکانیەوەو کارپێکردنى، لەپاڵ ئەوەدا پێویستە رێز لەمافەکانى مرۆڤـ بگیرێت و رێگەش لەئازادیە گشتیەکان نەگیرێت، هەروەها پابەندێتى تەواو بەدەستور ویاسا کارپێکراوەکانەوە، ئەوەش بەو کەسانە دەکرێت کە لەناخى خۆیاندا باوەڕیان بەدیموکراسى هەیە، واتە دیموکراسى پێویستى بەخەڵکى دیموکرات هەیە، ئەگەر کەسێک لەناخى خۆیدا باوەڕى بەدیموکراسى نەبێت، ئەستەمە بتوانێت قەناعەت بەخەڵک بکات کەئەو دیموکراسى دەچەسپێنێ، ئەو بانگەشانەش کە لەوبوارەدا دەیانکات دەچنە خانەى دوڕویى وهەڵخەڵەتاندنەوە، چونکە دیموکراسى بەکەسێک ناچەسپێ کە خۆى دیموکراتیخواز نەبێت، بۆیە سەرەنجام رەوڕەوەى حوکمڕانى بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە وکەسى خۆکردوش بەدیموکراتیخواز شکست دەخوات. 
لەهەرێمى کوردستاندا نادیموکراتەکان خاوەن دەسەڵات وبڕیارن، ئەوان سەرگوزەشتەى دیموکراسى بۆ خەڵک دەخوێننەوەو، وانەى مافى مرۆڤـ ودەستورو یاسا فێرى هەموان دەکەن، وە لەبەر ئەوەى بەفریودان وترساندن یان بەتەزویرکردن رێگە بەخەڵک نادەن گوزارشت لەویستى راستەقینەى خۆى بکات، بۆیە ناتوانرێت چاودێریەکى راستەقینە لەسەر ئەم نادیموکراتانە بکرێت، سەرەنجام هەرخۆیان بەپارێزەرى دیموکراسى ئەمێننەوە.
ئەم مرۆڤە نادیموکراتانە هەروەکو چۆن لەناو دەسەڵاتى گشتى وپلەکانى سەرەوەى کایەى حوکمڕانیدا جێ پێى خۆیان قایمکردوە، بەهەمان شێوە لەناو زۆربەى حیزبەکان ورێکخراو وکۆمەڵەکانیشدا هەڵسوڕێنەر وخاوەن بڕیارن.
لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا، خوێندەوارەکان قسەى باش ئەکەن، بەڵام نەخوێندەوارەکان کارى خراپ، نەخوێندەوارەکان خاوەن دەسەڵات وخاوەن بڕیارن، بەڵام خوێندەوارەکان رۆڵى پاسەوان وشاگرد دەگێڕن. لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا نەخوێندەوارەکان دەبنە مامۆستاى دیموکراسى وخوێندەوارەکانیش چاملوسى دنیا ئەکەن تا بکرێنە گوێگرى ئامۆژگارى نەخوێندەوارەکان وجانتا هەڵگریان.
لەژێر قەڵەمڕەوەى نادیموکراتەکاندا هەموو شتێک مومکینە، خوێندەوار نەخوێندەوارە، نەخوێندەوار خوێندەوارە، دەسەڵاتدار بێدەسەڵاتە، بێدەسەڵات دەسەڵاتدارە، مامۆستا خوێندکارە، خوێندکار مامۆستایە، تاوانبار دادوەرە، دادوەر تاوانبارە، پزیشک نەخۆشە، نەخۆش پزیشکە، هەژار دەوڵەمەندە، دەوڵەمەند هەژارە، زانا نەزانە، نەزان زانایە. بەکورتى لەسەردەمى نادیموکراتەکاندا ولەژێر قەڵەمڕەوەى ئەواندا نابێت باسى مەعقول و مەنتیق بکرێت، چونکە پێویستە هەموو شتێک بەویستى ئەوان بێت.
جا لەزەمەنى نادیموکراتەکاندا چاوەڕێکردن وبەتەمابوونى دیموکراسى خۆخەریکردن، بگرە خۆ هەڵخەڵەتاندنە، چونکە رێگەى گەیشتن بەدیموکراسى بەوێستگەى لادان وکەنارگیرکردنى نادیموکراتەکاندا تێپەڕ دەبێت، تا ئەو وێستگەیە نەبڕدرێت، مەحاڵە دیموکراسى بچەسپێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand