ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ؟
2018-12-13 15:36:58
■ مەسعود حەیدەر
لە مێژووی نوێی کورد لە دەوڵەتی عێراقی جمھوری، گەلی کورد بە چەند قۆناغێکی مێژوویی تێپەریوە کە دەبێت بیکەینە ھاندەر بۆ بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز، لە چەند خاڵێک کورتی دەکەینەوە؛
١- پشتیوانی شۆڕشی ١٤ تەموز و پاشان لە دوای سێ ساڵ ھەڵگیرسانی شەڕ
٢- لە ساڵی ١٩٦١ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول
٣- لە ساڵی ١٩٧٠ رێکەوتنی ١١ی ئازار
٤- لە ساڵی ١٩٧٤ نسکۆی شۆڕش
٥- لە ساڵی ١٩٧٦ ھەڵگیرسانەوەی شۆرش ( شۆرشی گوڵان و شۆرشی نوێ)
٦- ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ ئەنفال و کیمیابارانی کورد
٧- لەساڵی ١٩٨٩ دروستکردنی بەرەی کوردستانی
٨- لە ساڵی ١٩٩١راپەرینە مەزنەکەی کورد
٩- لە ساڵی ١٩٩٢ دروستکردنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٩٢ ھەرێمی کوردستان بە قۆناغی ھەستیاری جیاوازدا تێپەریوە تا ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی رژێمی بەعس و بوژانەوەی بەرچاوی ھەرێمی کوردستان. قۆناغی حوکمڕانی بەرێز نێچیرڤان بەرزانی دەکرێ دابەشی بکەین بەسەر دوو قۆناغ:
١- قۆناغی بونیادنان و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەرێمی کوردستان تا ئەو رادەی کە کۆچی پێچەوانە دەستی پێکردەوە لە ھەندەرانەوە بۆ کوردستان وە قۆناغێکی زێڕینە لە مێژووی ھەرێمی کوردستان کە تێیدا ھەرێم چووە سەر نەخشەی وزەی جیھان.
٢ قۆناغی بەرگری و پاراستنی کیانی فیدرالی ھەرێمی کوردستان. لەم قۆناغە ئابلۆقەی دارایی خرایە سەر ھەرێم و شەڕی داعش و ھەبوونی دوو ملیۆن ئاوارە کە زیاتر بوو لە ٣٠٪ دانیشتوانی ھەرێم و پاش ١٦ ئۆکتۆبەر پەلاماردانی سەربازی و ھەوڵی ھێنانی سوپاو حەشد بۆ گشت کوردستان و سەپاندنی ئابلۆقەی دارایی و سیاسی و دیبلۆماسی لەسەر ھەرێم. لەلایەک بە گیانفیدایی و خۆڕاگری پێشمەرگەو فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکان پەلاماری سەربازی تێکشێکنرا. بۆ یەکەم جارە بە سیاسەتی ھێزی نەرم (القوە الناعمە) ئابلۆقەی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی سەر ھەرێم لەلایەن سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و بە سەرپەرشتی جەنابی بارزانی مەرجع تێکشکێنرا و ھەرێمی کوردستان لە ئارامی سیاسی گیرسایەوە. دەبێ ئاماژە بە رۆلی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم و دەزگاکانی تر بکەین بۆ زامنکردنی سەقامگیری و ئارامی لە ھەرێم کە ئەرکی زۆر گەورەیان ئەنجامداوە.
بەرەچاوکردنی ئەو خالانەی سەرەوە، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە ئەزمونەکەمان بێ کەموکوری نییەو پێویستە بنەماکانی دەوڵەت و حوکمڕانی مۆسسات بچەسپێنین و بەھێزی بکەین، بۆ ئەمەش ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لە ھەر کاتێک گونجاوترە، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واقعی سیاسی نوێی ھێناوەتە کایەوە کە دەبێتە مایەی سەقامگیری سیاسی.
سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە ھەرێم دوو فاکتەری گرنگن بۆ حکومەتێکی بەھێز و دەستکراوە بۆ چەسپاندن و بەھێزبوونی کاری مۆسسات. حکومەتی داھاتووی ھەرێم درێژەپێدەرو تەواوکاری حکومەتی ئێستای ھەرێمە بە دیدگای نوێ کە سەرۆکی حکومەتی راسپێردراو بەرێز مەسرور بارزانی ھەیەتی بۆ پەرەپێدانی ئابوری و سەروەری یاسا لە کوردستانێکی بەھێز کە لێخۆشنەبوون لە گەندەڵی (#Zero_tolarance_corruption) یەکێک لە ئامانجە سەرەکێکان دەبێت.
ئەرکی نیشتمانی ھەر دوو حزبە بەشداربۆکەی حکومەتە ( یەکێتی و گۆران) کە یەکلابن لە پشتیوانی ھەموو ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتی دەکات و پابەند بن بە کارنامەی حکومەتەوە بۆ زامنکردنی سەقامگیری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەلکی ھەرێم، ھەروەھا ئەرکی نیشتمانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیشە کە بەرپرسانەو بونیادنەرانە رەخنەو پرۆژەکانیان ئاراستەی حکومەت و پەرلەمان بکەن. سیاسەتی دێوەزمەکردن و شەیتانکردنی بەرانبەر و زمانی زبر خزمەت بە کۆمەڵگای کوردی پرۆسەی سیاسی ھەرێم ناکات. لە چوارساڵی داھاتوو ھەموو تێروانینەکان بە ئاراستەی حکومەتێکی بەھێزو کوردستانێکی بەھێزە، ئەوەش بە ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو لایەنەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەبێت.