لە دۆڵی سیاسییەوە بۆ دۆڵی ماسنجەر و ڤایبەر
2018-12-13 14:18:43
■ لاوك سڵاح
ساڵی "١٩٨٨"ە لە پۆلی چواری زانکۆی موستەنسرییەم لە بەغدا، دونیا ئالۆزە، شەری هەشت ساڵەی جەنگی عێراق و ئێران وردە وردە پێ دەنێتە کۆتاییە سەرکێشەییەکانییەوە، سوپای عێراق لە باکوور، لە هەڵەبجە شکستی هێناوە و لە باشوور توانای گرتنەوەی "فاو"ی نییە، سوپای عێراق هەرچەند دەکات توانای بەرەنگاربوونەوە و دژە هێرشی نەماوە، سوپایەکی شەکەت و ئیدارەیەکی بێ ورە و میللەتێک رووخساری جەنگ بە تەواوی بە رەفتاری کۆمەڵایەتی و دۆخی ئابووری و بەها مرۆڤایەتییەکانیشیەوە دیارە.
لەو دۆخەدا بەنهێنی لەگەڵ هەندێ برادەردا هەندێ کۆمەکی بچووکمان بۆ هاورێ هەڵەبجەییەکانمان کۆدەکردەوە، ئەوان نەوەک یارمەتی کەس و کاریان پێنەدەگەیشت بەڵکو نەیاندەزانی کەس وکاریان زیندون یان قوربانی و شەهیدن. هەڵەبجە لەو کاتەوە بووە شوناس. لە پەلامەردانەکەی دوو تاوەرەکەی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠١، زۆربەی ئەمەریکییەکان دەمارگیربوون، بەرامبەر شوناسی ئەمەریکی خۆیان گرژ دەبوونەوە و کوێر دەبوون، زۆریان پارەیان بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەدا بۆ یارمەتیدانی لێقوماوەکان، کاری خۆبەخشییان دەکرد بۆ ئەوەی شەقامەکان پاک بکەنەوە، کە رەنگە هەر ئەو ئەمەریکاییانە دونیایەک رەخنەیان لە سیاسیەتی ئەمریکا هەبوو بێت بەڵام لەبەردەم ماڵەکانیاندا ئاڵای ئەمەریکایان دەچەقاند.
بێگومان ئەوە کارێکی تەواو عاتیفانەیە، ئێمەش باس لە زۆرینەی خەڵک دەکەین کە بەو شێوازە بیردەکەنەوە . کارەساتی دوو تاوەرەکە بووە شوناسێکی نوێی ئەمەریکییەکان. بریتانییەکان لە مردنی دیانادا، خەمی کۆچی ئەو کۆی کردنەوە و پرسەکەی بووە بۆنەیەکی نیشتمانی. کۆچی ئەو هەموو دامەزراوە رەسیمییە گشتییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی کۆمەڵگەی لە خەمدا کۆکردەوە، دیانا بووە شوناسی بریتانییەکان. لە ئێستادا بیر لەو راستییە دەکەمەوە بۆ کە چرکەساتی خۆی دەهات، چرکەساتی چارەنووساز، بۆ لە رووداوە چارەنووسازەکاندا وەک خەڵک نەوەک پارتی سیاسی هەموو هەڵەبجەیی و گەرمیانی بووین، هەموو ئەمەریکی بووین، هەموو بریتانی بووین، بیر لە چرکەساتی رووداو بکەرەوە، نەوەک بیرکردنەوەی پاش رووداو، بەو مانایەی مرۆڤ هەندێ جار گوێ ناداتە ئەوەی ساتی بڕیاردانی شیاوە یان گونجاوە ئەوەندە بیر لەوە دەکاتەوە کە بڵێ ئەمە منم. هەندێ جار زۆر لە حیکمەتت دەدۆرێنیت هەر بۆ ئەوەی هەناسەیەکی کورت بدەیت.
لە کۆرەوەکەدا هەموو یەک نەتەوە و یەک میللەت بووین؟ کە بەر لەوە، لە یەک دوو دۆڵدا، هەندێکمان یەکێتی و هەندێکمان شیوعی وهەندێکمان پاسۆک و هەندێکمان پارتی بووین؟ ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکین دابەشبووینەتە چەند گروپێک کە لە ناوەوە کۆمەڵێک تۆڕی پەیوەندی شاراوەیی خێڵ بەیەکەوەی گرێداوە و لە دەرەوە بە تەکنەلۆجیا خۆی دادەپۆشێت یان ئێمە هەر حەزمان لە تەکەتولی خۆرسکانەیە؟ تا چەند ئەو دۆڵانەی ئەوسا کە خۆمان تیایدا حەشاردەدا جیاوازە لە دۆڵە تەکنەلۆجیاکانی ئیستا لە ناو ماسنجەر و ڤایبەر. لە نێوان هەردووکیاندا شوناس چۆن دەناسرێتەوە، ئایا دیارە؟ ئەگەر کۆرەوێکی تر رووبداتەوە، ئەم جارە چۆن رەفتار دەکەین؟، دڵنیام زۆرتان بەرلەوەی بڵێن یەک هەڵوێست دەبین، ئەو خۆنەویستنەی جاران دەبێتە جێگای مشتومڕتان، ئایا لەو بڕوایەدانین کە ئێستا خۆویستی " ئەنانیەتی" سیاسی بنەمای گروپ گروپێنەی سیاسی ئەم چرکەساتەیە، ریفراندۆم زەقترین نموونە.
لە نێوان هەڵەبجە و ریفراندۆمدا چەندان دوڵ و نشێو و زەمەنی سیاسی و هەڵبەزین و دابەزینی بەها سیاسییەکان هەن، بەداخەوە، تێگەیشتنەکانمان بەندە بەوەی سەر بەچ گروپێکی سیاسیین یان بەرژەوەندییە خۆویستە سیاسییەکانمان سەر بە چ جوگرافیایەکە! من لەو بڕوایەدام گروپ گروپێنە پرسێکی وجودیانەیە بەر لەوەی سیاسی بێت، لانی کەم لە سەرەتادا، لەبەرئەوەی زەمەنێکت دەوێت تا لە رووی سیاسییەوە کامڵ بیت و گەمە سیاسییەکان و بوونی خۆت لە نێوانیاندا بناسیتەوە. ئایا مرۆڤ بە سروشتی خۆرسکی خۆی دەچێتە پاڵ ئەو کەسانەی کە شوناس و باکگراوند و پاشخان و خوێن و هەمان رووداو و کیمیا کۆیان دەکاتەوە، ئایا دەچێتە پاڵ ئەوانەی لە خۆی دەکەن بۆ ئەوەی خۆی لە هەرەشەکانی دەرەوە بپارێزێت؟ بۆ مرۆڤ پێویستی بەوەیە ببێتە ئەندام لە گروپێكدا؟ چی بۆ زیاد دەکات؟ بەداخەوە، رەنگە کاتی هەڵبژاردن بۆ چوونە ناو گروپێکەوە زۆر جیاواز بێت لە کاتی هاتنە دەرەوە لێی، هەندێ جار کەسەکە خۆی ناناسێتەوە، رەنگە بەرەکان و گروپەکانیش زۆر کات گوزارشت لە خۆیان نەکەن.
رەنگە بەسەلامەتی نەیەیتە دەرەوە کە زۆر جار ئەوە حەقیقەتەکەیە. گروپێنکردن ئەوەندەی رووخسارت دەشێوێنێت ئەوەندە ئەو بەهایانایەی کە رۆژگارێک بڕوات پێبوون نایەنە دی و لە هەر وێستگەیەکیشدا چەندان کەس یان دادەبەزن، یان ون دەبن یان ون دەکرێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئیتر ئەندامەکانی گروپکە یەکتر ناناسنەوە، حزبی بەعس وەک نموونە. ئەمانە وروژاندنی کۆمەڵە پرسیارێکی سەرەتایی بوون کە پەیوەستن بە وجود و شوناس وگروپی سیاسی و ساتە زیندووەکانی بڕیاردان.