گۆڕان كام رێگەی گرتوە
2018-12-12 17:20:19
■ لەتیف فاتیح فەرەج
1
بە جێهێشتنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن گۆڕانەوە ، جۆرێكە لە بێوەفای سیاسی ، كۆمەڵی ئیسلامی كە بەردەوام و لە هەموولایەكەوە تەڵەو داوی بۆ دەنرێتەوە ، لەوەتەی گۆڕان دروست بووە ، بۆ یەكچركە بە جێی نەهێشتوە ، سەرەڕای جیاوازی بیرو ڕاو ئایدۆلۆژیا ، ئێستا كە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر پێداگری لە چوونە ناو حكومەت دەكات و ئەوەش لە زاری هەموو ئەوانەوە دەگوترێ كە رەنگە ئامانجێكیان هەبێت لەوەدا ، پرسیاری ئەوە ناكرێت ، كە لە حكومەتا بوون چی ، ئەی چی لە هاوپەیمانەتیە ئاكاریەكەی نێوان خۆیان كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن ، كە نەوشیروان مستەفا زۆری بەلاوە گرنگ بوو ئەو هاوپەیمانەتیە بەهێز ترو فراوانتر بكرێت .
2
بزوتنەوەی گۆڕان لە بری سیاسەت بكات لە نێوان پارتی و یەكێتیدا یاری دەكات ، ئێستا كە لە یەكێتی كویسە ، هۆیەكەی ئەوەیە تەققە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەكەو وێنەی نەوشیروان مستەفا كرا ، هەڵبەت ئەوە راستە، بەڵام تا ئێستا ڕون نیە پلانەكە چۆن بوو ، چ دەزگایەكی موخابەراتی لە پشتیەوەیەتی ، بۆ ئەوە كرا ، بۆ دیوارێكی بەردین خرایە نێوان گۆڕان و یەكێتیەوە كە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو مام جەلال لە هەردوو لاوە كۆدەنگیەك دروست بووبوو بۆ ئەوەی رێكەوتنەكەی دەباشان بەرەو سەر بەرن .
3
بزوتنەوەی گۆڕان هەقی خۆیەتی بیر لەوە بكاتەوە بچێتە حكومەتەوە و لە تەك پارتیا رێكەوتن بكات ، لێ دەبێت ئەوە بزانێ پارتی و یەكێتی هەردوك ئازاریان داوە ، ئەگەر بیانوی ئێستای گۆڕان ئەوە بێت كە یەكێتی دەیەوێ گۆڕان نەهێڵێت ، دەی با زەحمەت بكێشێت هەواڵێكی گۆڕانەكانی بادینانیش بپرسێت ، با پرسیاری ئەوەش لە پارتی بكات ، ئەرێ ئەو حزبە خۆی كادیری كەمە تا مەسعود حەیدەرو حەمەحاجیەكانی ناوگۆڕان بەرێت و بیانكاتە شت .
4
بزوتنەوەی گۆڕان لە بری بیركردنەوە لە چونە ناو حكومەت هەقە بیر لە حاڵی شێوای ناو ماڵەكەی خۆی بكاتەوە و رێگەش نەدات ئەوەندە رەخنە گرەكانی ئەو بزوتنەوەیە بە سەگ و شتی تر بچوێنرێن، كاك نەوشیروان هەرگیز رەخنە گرەكانی بە سەگ نەچواند ئەم داهێنانە لەكوێوە هات ، سەدان هەزار كەس ئومێدیان بە گۆڕان بوو ، دەیان هەزار كەس بۆ ئەو بزوتنەوەیە هەموو دەسكەوتێكیان توڕداو هەندێك كەوتنە سەر ساجی عەلی ، ئەرێ ئەم بزوتنەوەیە بیر كەرەوەیەكی تیا نەماوە .