باشووری كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركاریی ته‌واو دایه
2018-12-12 17:16:28
■ حه‌سه‌ن جودی
له‌دوای راپه‌ڕینی شاڵی 1991وه رۆژ به‌رۆژ داگیركارانی كوردستان – به‌تایبه‌تی توركیا و ئێران – و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی جیهان له‌هه‌وڵی داگیركردن و خۆسه‌پاندن بوون به‌سه‌ر باشووری كوردستاندا. ئه‌مه‌شیان له‌میانه‌ی سوود وه‌رگرتن بووه له ناكۆكیی و ململانێی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی باشوور و پابه‌ندنه‌بوونیان به ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و تێكشكاندنی كه‌سێتی تاكی كورد و لێكترازانیی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگادا. له‌ئاكامی ئه‌مه‌دا؛ ئه‌مڕۆ هه‌وڵدانه‌كانیان بۆ داگیركاریی و خۆسه‌پاندن گه‌یشتۆته ترسناكترین قۆناخی خۆی، ئه‌گه‌ر رێگیرییه‌كی جددی نه‌بێت، ئه‌وا باشوور به‌ته‌واوی و له‌ڕووی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئیدی سه‌ربازییش داگیر ده‌كرێت، ئیدی باشوور، به خاك و خه‌ڵكییه‌وه، له‌ژێر مه‌ترسیدارترین پیلانی داگیركاریی دایه و ته‌نانه‌ت بۆته گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی جیهانیی و هه‌رێمیی ئه‌وتۆ كه كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه.
لێره‌دا؛ هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و داگیركاریی و خۆسه‌پاندنه زۆر و هه‌مه لایه‌نه‌ن، ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌كرێ چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داگیركارییه چیتر به‌رده‌وام نه‌بێت و له‌نێو گێژاوی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و ئێراق و كوردستاندا، هه‌م ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان بپارێزرێت و له‌و ململانێ و شه‌ڕ و ناكۆكییه‌ی ئێستای ناوچه‌كه به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچین، هه‌میش بتوانرێت وه‌ك گه‌لی كوردستان پێگه‌ی شایسته‌ی خۆی له‌داهاتوودا به‌ده‌ستبێنێت.
مسۆگه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاریی به بێده‌نگبوون، به ملكه‌چیی و وابه‌سته‌بوون پێی و كه‌وتنه نێو بازنه‌ی سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌كانی داگیركارانه‌وه نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو به رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌بێت له‌هه‌موو ئاست و كایه‌كاندا. بچووكترین سازكاریی له‌گه‌ڵ داگیركاراندا، ده‌بێته هاوكاریی و پشتیوانیی لێی. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێ چییه؟ ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكار و تاڵانكاری وابه‌سته به داگیركاران له باشووردا باڵاده‌سته، كه هه‌بوون و مانه‌وه‌ی خۆی له هه‌بوون و مانه‌وه‌ی هه‌ژموونی داگیركاراندا ده‌بینێته‌وه. هه‌رچی رژێمه داگیركاره‌كانیشن هه‌رچییه‌كیان بوێت له‌ڕێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی باشووردا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌و رژێمانه دژ به ره‌وت و بزووتنه‌وه نیشتمانپه‌روه‌ریی و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیخوازییه‌كانن، بۆیه ده‌سه‌ڵاتی باشووریش بێئه‌ملاو ئه‌ولا له‌به‌رامبه‌ر به‌و ره‌وت و بزووتنه‌وانه‌دا ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌كات كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت.
بۆیه پێویست ده‌كات به‌هه‌موو شێوه و رێبازێك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركاریی و وابه‌سته‌یی ببینه‌وه و نه‌ك هه‌ر رێگه نه‌درێت ئه‌و داگیركارییه بگاته سه‌ركه‌وتنی خۆی، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌رچی پێگه و ستووندی داگیركاریی هه‌یه هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه. به‌مه‌ش ده‌توانرێت قۆناخێكی نوێ له باشوور ده‌ستپێده‌كات كه به‌ئاراسته‌ی بونیادنانی سیسته‌مێكی دیموكراتیی نیشتمانیی له باشوور بونیاد بنرێت و باشوور له‌ناوه‌ندی شه‌ڕی تایبه‌تی داگیركارییه‌وه ببێته ناوه‌ندی ئازادی و دیموكراتی و دادپه‌وه‌ریی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی و شكۆداریی خۆی.